کوردستانی

کێشەکە گەورەتردەبێت و کارتی سوور دەدرێت بە پارتی

مەودا میدیا - سلێمانی |


کێشەکە گەورەتردەبێت و کارتی سوور دەدرێت بە پارتی
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ناکۆکی نێوان لایەنەکان بەردەوامی هەیە و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بوونەتە دووبەرە، بەرەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و بەرەی هەموارنەکردنەوەی یاساکە، ئەمەش وایکردووە تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن نەدراوە.

لوقمان حەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە وەک هێزێکی سەرەکی لە پەرلەمانی کوردستان داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکەین، پرسی هەڵبژاردن پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت بە سازان بێت، بەڵام پارتی و پێکهاتەکان هەمواری یاسای هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە".

ئاماژەی بەوەکرد "تاوەکو لایەنەکانی پەرلەمانی کوردستان نەسازێن و یاسای هەڵبژاردن هەموارنەکرێتەوە بابەتی باسکردن لە هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هیچ بەهایەکی نییە، هەروەها نابێت هیچ هێزێکی سیاسیی ئیرادەی خۆی فەرزبکات".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان وتی "ئێمە پێنج هێزی سیاسین کە پێکهاتووین لە، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو و نەوەی نوێ و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کە داوا دەکەین یاساکە هەمواربکرێتەوە، داواش لە فراکسیۆنی پارتیش دەکەین بفەرمێت و سازان بکات".

وتیشی "سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتی یاساییان لەسەرشانە، بەرپرسیارێتی سیاسیشییان لەسەرشانە، چونکە ئەوان نوێنەرایەتیی حزبێک دەکەن لە پەرلەمانی کوردستان، هەروەها لە رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێوان پارتی و لایەنەکانی دیکە باس لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن کراوە و واژۆی لەسەرکراوە".

لوقمان حەمەد جەختیکردەوە لەوەی "یەک بازنەیی دادپەرەوەری لەنێوان پارێزگاکاندا فەراهەم ناکات، بۆیە دەبێت بکرێتە چوار بازنە، هەروەها پێکهاتەکان نوێنەری خۆیان هەبێت لە پارێزگاکان و ئازادانە بڕیار بدەن، کەی ئەم کارانە کرا ئەوکاتەش ئێمە ئەوکات کۆمسیۆن کارادەکەینەوە بۆ گرتنەبەری رێکارەکانی هەڵبژاردن".

رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 2022/10/1ی دیاریكرد وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بڕیاریشە کاتی هەڵبژاردن دوانەخرێت و لەکاتی خۆیدا بکرێت و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بە دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan