کوردستانی

ئەمساڵیش وەک پار وشکەساڵی روویکردە گەرمیان

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمساڵیش وەک پار وشکەساڵی روویکردە گەرمیان
مەودا میدیا-

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وشکەساڵی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان زیاتر لە 135 هەزار دۆنم زەوی زیانیان پێدەگات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی نیسانی 2022 جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەپێی پێوەرە جیهانییەکان لە گەرمیان ئەمساڵ وشکەساڵی دەبێت، هەرچەندە لە هەندێک ناوچە بەراورد بە ئەمساڵ بارانی زیاتر باریوە".

باسی لە زیانەکانی وشکەساڵی کرد و وتی "وشکەساڵیی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو کاریگەرییەکانی خراپتر دەبن، بەهۆی ئەوەی دووەم ساڵە لەسەریەک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان وشکەساڵییە".

ئەوەشی خستەڕوو  "بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان زیاتر لە 135 هەزار دۆنم زەوی زیانیان پێدەگات، زیان بە بەروبوومی ماسی، کاریگەریی لەسەر نرخی ئالیک دەبێت بۆ خاوەن ئاژەڵەکان، بیرەکانی گوندەکان وشک دەبن، سەرەڕای مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی زیاتر و لەناوچوونی لەوەڕگا سروشتییەکان".

جەلال نوری وتیشی "چەند لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ  بەدواداچوونی وشکەساڵی تاوەکو راپۆرتی پێویست لەوبارەیەوە ئامادەبکرێت و پێشکەش بە حکومەت بکرێت بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan