کوردستانی

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی حکومەتی هەرێم ئاشکرادەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی حکومەتی هەرێم ئاشکرادەکرێت
مەودا میدیا-

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و جەختیش لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی نیسانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران، کورتەیەکی دەربارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یۆنان و بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی و دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یۆنان خستەڕوو.

قوباد تاڵەبانی ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا "كە‌ حكومە‌تی یۆنان، ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ ھە‌ماھە‌نگیكردن لە‌گە‌ڵ ھە‌رێمی كوردستان لە‌بوارە‌ جیاكاندا، بە‌تایبە‌ت لە‌ گە‌شتوگوزار و وە‌بە‌رھێنان، وتیشی، بڕیارە‌ شاندێكی باڵای یۆنان، سە‌ردانی ھە‌رێمی كوردستان بكات بە‌مە‌بە‌ستی پە‌رە‌پێدانی پە‌یوە‌ندییە‌كان".

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، خاليد شوانی وەزیری هەرێم، بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، باسی لە سەردانی ئەم حەفتەیەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کرد. 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، وێڕای دەستخۆشی لە شاندەکە و راسپاردنیان بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، جەختیشی کردەوە لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داکۆکی لێکردنیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.

 لەو روانگەیەشەوە، حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتن لە سەر دۆسیەی نەوت و گاز کە بەرژەوەندی گشتی هەمووان لەخۆ بگرێت، کۆبوونەوە و گفتوگۆکان تا ئێستا بەردەوامن و رێککەوتنی کۆتایی ئەنجام نەدراوە.

باس لەوەشکراوە، لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەبینێتەوە وەک لە دەستووردا هاتووە و حکومەتی هەرێم، پابەندبوونی خۆی لە بەرانبەر کۆمپانیا نەوتییەکان دووپات دەکاتەوە تا گەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی بەگوێرەی دەستوور، کە مافی هەموو لایەنەکانی تێدا پارێزراو بێت.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بەردەوامیدان بوو بە گفتوگۆکردن لە سەر پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارکردن لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی برەودان بە باشتر راییکردنی کارەکانی حکومەت و پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت و نەهێشتنی رووتین و لێکۆڵینەوە لە داواکاریی وپێداویستی وەزارەتەکان لەپێناوی چارەسەرکردنیان بە ئامانجی برەودان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی بە شێوەیەکی باشتر بە هاوڵاتیيان و بەدەنگەوەچوونی داخوازیی و داواکانیان.

هاوکات  لە بڕگەی سێیەمدا، ئەنجومەنی وەزیران، رەشنووسی (پەیڕەوی ناوی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان) پەسەند کرد لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە 14 ساڵی 2021 کە ئامانج لێی رێکخستنەوەی رێکارەکانی بەدەستهێنانی ناوی بازرگانی و تۆمارکردنی لە تۆمارنامەی بازرگانی و دەستنیشانکردنی لایەنی پەیوەندیدار کە وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی حکومەتی هەرێمە، ئەویش بە ئاراستەی ئاسانکاریی بۆ بازرگان وخاوەنکاران و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیای زانیاری و پێدانی ژمارەی بێ هاوتا بە بازرگانەکان بە ئاراستەی ئاسانکاریی لە راییکردنی مامەڵەکان و کەمکردنەوەی رووتین و برەودان بە چالاکی بازرگانیی. 

 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پەسەندکردنی (پڕۆژە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان) کە لە لایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خرایەڕوو، وەک لە هۆکارەکانی گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاساکە هاتووە، مەبەست لەم یاسا نوێیە ئەوەیە، وەزارەت بتوانێت وەڵامدەرەوەی پێشکەوتن و فراوانبوونی شار وشارۆچکەکانی هەرێم بێت و لە ئاستی داخوازیی وپێداویستیەکانی هاوڵاتییان بێت، لە پڕۆژە یاساکەدا، پێکهاتەی نوێی وەزارەت، لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیەکان بەجۆرێک رێکخراوەتەوە، کە لە ئاست ئامانج و چالاکیيەکانی وەزارەت بن، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دە ساڵی جێبەجێکردنی یاسای ئێستا، بڕیاردرا پڕۆژەکە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی پەسەند کرد، سەبارەت بە هەڵگرتنی رەسمی باج و گومرگی لە سەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی پیرۆزی رەمەزان، بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan