کوردستانی

ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان: دامودەزگاکانی حکومەتی سوریا کۆنترۆڵنەکراون

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان: دامودەزگاکانی حکومەتی سوریا کۆنترۆڵنەکراون
مەودا میدیا-

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رەتیدەکاتەوە، دامودەزگاکانی سەر بە رژێمی سوریایان لە قامیشلۆ کۆنترۆڵکردبێت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی فورات بێت ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی نیسانی 2022 هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا روونکردنەوەیەکی لەبارەی کۆنترۆڵکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی سوریا لە قامیشلۆ بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو زانیاریی بڵاوکراوەتەوە، کە باس لەوە دەکەن هێزەکانمان لە شاری قامیشلۆ چوارگۆشەی ئەمنیی و ژمارەیەکی زۆر دامودەزگای خزمەتگوزاریی سەر بە رژێمی سوریایان کۆنترۆڵکردووە و کارمەندەکانیان دەرکردوون".

ئاماژە بەوەکراوە "ئێمە رایدەگەیەنین کە ئەو زانیاریی و دەنگۆیانە ناڕاستن، بەڵکو هێزەکانمان لەو ناوچانەی کە هێزەکانی رژێمی سوریای لێ هەیە، رێوشوێنی ریگرییکردنیان گرتووەتەبەر، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو گەمارۆ قورسەی، کە هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی رژێمی سوریا خستوویانەتە سەر هاوڵاتیانمان لە گەڕەکی شێخ مەقسود".

ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان جەختیش دەکاتەوە "کە رێوشوێنەکانیان لە چوارگۆشەی ئەمنیی قامیشلۆ بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی رژێمی سوریا گەمارۆ لەسەر گەڕەکی شێخ مەقسود هەڵدەگرێت، هێزەکانمان ئەو دامودەزگایانەیان کۆنترۆڵنەکردووە و کارەکانیان راناگیرێت و کارمەندەکانیان دەتوانن بەردەوامبن لە کارەکانیان".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan