چاوپێكەوتن

د. حەکیم عەبدولکەریم: مەترسیی گەورە لەسەر باشووری کوردستان هەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


د. حەکیم عەبدولکەریم: مەترسیی گەورە لەسەر باشووری کوردستان هەیە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر چیای كوڕەژارۆ، زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە ئامێدی بەردەوامی هەیە و بەپێی کۆتا راگەیەندراوی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە بێت 44 سەربازی تورکیا کوژراون، د. حەکیم عەبدولکەریم، چاودێری سیاسی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ مەودا میدیا لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی تورکیاوە بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و خاکی کوردستان دەدوێت.

جیاوازی ئەم هێرشە لەگەڵ هێرشەکانی پێشوو چییە؟
د. حەکیم عەبدولکەریم: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە تازە نییە، بەڵام جیاوازی ئەم هێرشانەی ئێستای سوپای تورکیا بۆ سەر پەکەکە ئەوەیە کە لە باشووری کوردستان هێزێک بەشێوەیەکی تاڕادەیەک ناڕاستەوخۆ هاوکاری دەوڵەتی تورکە.

چی دەڵێیت لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا؟
د. حەکیم عەبدولکەریم: سەردانیکردنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و راستەوخۆ دوای گەڕاندنەوەی دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر پەکەکە وایکرد مێژوویەکی نوێ لە باشووری کوردستان سەرهەڵبدات، ئەویش ئەوەیە خەڵک نەتوانێت متمانە بە حکومەتێک بکات کە سەروەری شاخ و خاک و ئاوی لەژێر پێی سەربازانی داگیرکەری تورکیا بێت.

شێوازی پێشوازیکردن و بەڕێکردنی مەسرور بارزانی لەلایەن سەرۆکی تورکیاوە چی دەگەیەنێت لای تۆ؟
د. حەکیم عەبدولکەریم: لەشێوازی پێشوازیکردن و بەڕێکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆمان دەرکەوت کە کورد لە هەرشوێنێک بێت هەر پلە و پۆستێکی هەبێت لەلای تورکیا رێز و شکۆی وەک یەکە.

ئەم هێرشانەی ئێستای باشووری کوردستان پەیوەندی بە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستانەوە هەیە؟
د. حەکیم عەبدولکەریم: مەترسییەکی گەورە هەیە لەسەر باشووری کوردستان و ئەم هێرشانەش پەیوەندی هەیە بە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان و بۆردوومانکردنی ناوچەکانی دەسەڵاتی خۆسەر، هەروەها بەداخەوە هەماهەنگی هەیە لەنێوان سوپای عیراق و دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی ئەو هێزانەی کە لە سنووری بەڕێوەبەرێتی خۆسەری شنگالن.

بۆچی پارتی ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بپچڕێنێت؟
د. حەکیم عەبدولکەریم: حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێوەیەکی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی قووڵی هەواڵگری و وابەستەیەکی ئابووری لەگەڵ تورکیا هەیە، بۆیە بە ئاسانی ناتوانێت ئەو پەیوەندییانە بپچڕێنێت، مەگەر هێزەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان فشار دروستبکەن لەسەر پارتی و پێکەوە رووبەڕووی ئەو داگیرکارییەی تورکیا ببنەوە.

ئایا حکومەتی عیراق پەیوەندیی هەواڵگری لەگەڵ تورکیا هەیە؟
د. حەکیم عەبدولکەریم: هەڵوێستی حکومەتی عیراق لە هی هەرێمی کوردستان روونتر نییە، وتە و هەوڵوێستەکانی بەرپرس و لایەنەکانی عیراق ترسنۆکانەیە، هەروەها دانیشتنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ هاکان فیدان، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) لە ساڵی رابردوو پێمان دەڵێت کە پەیوەندییەکی هەواڵگری لەنێوان مستەفا کازمی و هاکان فیداندا هەیە کە زاڵبووە بەسەر هێزی دەوڵەتی فەرمی، بۆیە دەتوانین بڵێین حکومەتی عیراق و تورکیا هەماهەنگن لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە و ئەو هەڵوێستانەشی هەیە هەڵوێستێک نییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بێت بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان.

کورد دەبێت چی بکات؟
د. حەکیم عەبدولکەریم: پێویستە هەموو کورد بە گشتی و بە تایبەتیش لایەنە سیاسییەکانی کورد دوژمنی خۆیان بناسن، هەروەها خۆبەهێزکردن و یەکگرتن گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی. 

س،ر
Qaiwan
Qaiwan