کوردستانی

دوو شەپۆلی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوو شەپۆلی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی رایدەگەیەنێت خۆڵبارین سوود و زیانیشی هەیە لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئاماژە بەوەشدەکات ئەگەری دوو شەپۆلی بارانبارین هەیە کە سوودی دەبێت بۆ بەرهەمی گەنم و جۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی لە لێدوانێکیدا لەبارەی سوود و زیانەکانی خۆڵبارین بە مەودا میدیای راگەیاند "خۆڵبارین سوود و زیانیشی هەیە لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، یەکێک لە سوودەکانی ئەوەیە کە بەکتریا و مێرووە زیانبەخشەکان لەناو دەبێت، بەڵام زیانەکانی زیاترن، چونکە بە نیشتنی تۆز لەسەر گەڵاکان رێژەی بەرکەوتنی خۆر بە گەڵاکانەوە کەمدەکاتەوە".

لەبارەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ وتی "بەهۆی وشکەساڵییەوە لە سنووری گەرمیان و هەندێک ناوچەی خوارووی هەولێر بۆ ئەمساڵ هیچ بەرهەمێکی گەنم و جۆ نابێت، بەڵام ئەگەری دوو شەپۆلی بارانبارین هەیە کە سوودی دەبێت بۆ بەرهەمی گەنم و جۆی سنووری پارێزگای سلێمانی و مەترسی لەسەر ئەو بەرهەمانە نامێنێت".

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی باسی لەوەشکرد "پارێزگای سلێمانی ساڵانە پێویستی بە 650 ملم باران هەیە، ساڵی رابردووش وشکەساڵی بوو، بۆیە ئەمساڵ کێشەی کەمی ئاو دەبێت، بەڵام بە بارینی بارانی دیکە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان مەترسییان لەسەر نامێنێت".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan