کوردستانی

قەرەیلان: رێگە بەشەڕی کورد و کورد نادەین

مەودا میدیا - سلێمانی |


قەرەیلان: رێگە بەشەڕی کورد و کورد نادەین
مەودا میدیا-

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی هەپەگە رایگه‌یاند، ئه‌م هێرشه‌ی ئێستای سوپای توركیا "شه‌ڕی مان و نه‌مانه‌، به‌ڵام ئێمه‌ بڕوامان به‌خۆمان هه‌یه‌ و سه‌رده‌كه‌وین" ده‌شڵێت "داوا لە هونەرمەندان، نووسەران و هەموو خاوەن ویژدانەکان ده‌كه‌م رێگە نەدەن شەڕی کورد لە دژی کورد رووبدات، چونكه‌ ئامانجی تورکیا ئەوەیە، کە ئەم شەڕە بکرێتە شەڕێک، کە کورد لە دژی یەکتر شەڕ بکات".

موراد قەرەیلان له‌ چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز له‌باره‌ی هێرشی سوپای توركیا بۆ سه‌ر هێزه‌كانیانی له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند "ئەم هێرشانە هێرشی تەقلیدی و ئاسایی نین، دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی 2016ەوە بە دید و چەمکێکی نوێ کار دەکات و ئەوەی بۆ خۆی کردووەتە ستراتیژییەک، ئامانجی ئەم ستراتیژە ئەوەیە، بۆ ئەوەی رێگە لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بگرن دەبێت تورکیا بچوک نەبێت و بڕیاریان داوە تورکیا گەورەتر بکەن، لەو چوارچێوەیەدا ئەوەیان داوەتە بەر خۆیان، کە سنوورەکانی میساقی میللی لە بواری سەربازی، سیاسی، ئابووری و هەروەها ناوچەکانی دیکە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان، هاوکات ئامانجیان ئەوەیە، کە بەرنامەی عوسمانیی نوێ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و تورکیا بکەنە گەورەترین دەوڵەتی ناوچەکە".

ئاماژەی بەوەکرد "لە ساڵی 2021دا پلانیان بە ئامانجگرتنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بوو، هێشتا بەفر لەسەر زەوی بوو، کە ئەوان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەربوون هێرشیان کردە سەر گارە، ئەوە دەزانرێت، کە لەوکاتەدا گورزی قورسیان بەرکەوت، پاشان بە فراوانی هێرشیان کردە سەر زاپ و مەتینا و ئاڤاشین، ئەوان پلانی ئەوەیان بۆ خۆیان دانابوو، کە ئەو ناوچانە داگیر بکەن و لەوێوە خۆیان بگەیەننە گارە و قەندیل و لە ماوەی سێ مانگدا هەموو شوێنەکان داگیر بکەن، بەڵام گورزی قورسیان بەرکەوت و شکستیان هێنا، دەمانزانی کە تورکیا بە ئاسانی ئەوە قبوڵ ناکات".

باسی لەوەشکرد "ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەوە هەبوو كه‌ توركیا ئاماده‌كاری بۆ هێرشی دیكه‌ ده‌كات، مەشقیان بە سەربازەکانیان دەکرد، لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە هێزی ناوچەیەکانی خۆیان ئامادە دەکرد، هەروەها ئامادەکارییان بۆ ئەوەکرد، کە هیچ یەک لە هێزە نێونەتەوەییەکان لە دژی ئەوە نەبن و پشتیوانییان لێ بکەن، بەکورتی دەوڵەتی تورکیا هەم لە رووی دیپلۆماسی و هەم لە رووی سەربازییەوە هەم بە شێوەیەکی نهێنی و هەم بە شێوەیەکی بەرفراوان ئامادەکاری دەکرد، هێرشەکەى 17ی نیسان بەو شێوەیە ئامادەکاری بۆ کرا و دەستیپێکرد".

موراد قەرەیلان راشیگەیاند "ئه‌و هه‌رێمانه‌ی كه‌ هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر، هه‌رێمی ئاسایی و ئاسان نین، زاپ و ئاڤاشین شوێنی به‌رخۆدانی مێژویین، ده‌بێت گه‌له‌كه‌مان و هه‌ر كه‌سێك باش به‌وه‌ بزانێت، شه‌ڕ گه‌رمتر و توندتر ده‌بێت، ئه‌وان ته‌كنه‌لۆژیای به‌هێز به‌كارده‌هێنن و ده‌یانه‌وێت ئه‌نجامێك به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام هه‌ڤاڵانیشمان به‌شی خۆیان ئه‌زمونیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌ رووی شه‌ڕی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی و لێدان له‌ دوژمن و خۆپاراستن ئه‌زمونیان په‌یدا كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ شه‌ڕێكی مێژویی رووده‌دات".

له‌باره‌ی رۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان، موراد قەرەیلان وتی "ساڵی رابردوو پارتی پشتیوانی ئەو ستراتیژیەی توركیای كرد، هاوكاریەكیان كرد، ئەوەشیان چۆن كرد؟ گەریلایان گەمارۆدا، گەریلایان تەنگاو كرد، لەلای ترەوە زانیاریان كۆكردەوە، بەدەر لەوە لەپێش مانۆڕ و لەسەر رێگەكانی گەریلا كەمینیان دانا، لە خەلیفان دووجار هێرشیانكردە سەر گەریلاكان و گەریلاكانمانیان شەهید كرد، ساڵی رابردووش وەها هاوكاری توركیایان كرد، بەڵام وەها دیارە كە توركیا نرخێكی بەشتێكی وەها نادا و لەئاستێكی هەرە بڵندا لەگەڵ بەرپرسانی پارتی كۆدەبێتەوە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "ئێمە بوختان درۆ بۆ پارتی ناكەین، دەبێت بەرپرسانی پارتی ئەمە نەڵێن، بەڵام راستیەكەی ئەوەیە، لە هەر چاوپێكەوتنێك لەگەڵ دەوڵەتی توركیادا، به‌رپرسانی توركیا خۆیان ئەوە ئاشكرا ده‌كه‌ن، لە شاری میونخ پێش هەركەس لەگەڵ وه‌زیری به‌رگریی توركیا كۆبوونه‌وه‌، پاشان پێیان وت، بیركردنه‌وه‌مان له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ وه‌ك یه‌كه‌ و هاوبەشی یەكترین، لەهەمانكاتدا ئەردۆگانیش زۆر جار ئەمەی دووپاتكردووه‌ته‌وه‌، به‌م دواییانه‌ پێكه‌وه‌ دانیشتن، خۆی لەخۆیدا كاتێك چاوپێكەوتن پێكهات، پێش ئەوە هێرشی ئاسمانی و پاشانیش هێرشی دەشتایی پێكهاتن، ئەمە شتێكی شاراوە نییە، ئێمە نامانەوێت پێش هەرشتێك لە بەرانبەر بەئێمە و لە بەرانبەر بەگەلی كورد راوەستن، نازانم دەرئەنجامی ئەم شتانە چۆن بن راستە تا ئێستا لە دژی گەریلا شەڕیان نەكردووە، بەڵام هێزەكانیان كۆدەكەنەوە، لە دێرەلوك و شێڵادزێ هێزەكانیان زیاتر دەكەن".

قەرەیلان ده‌ڵێت "ئەمە رەوشێكی مەترسیدارە، بۆ ئەوەی لەئێستادا شەڕێك روونەدات، بۆ ئەوەی كوردان لەبەرانبەر بەیەك رانەوەستن و شەڕ نەكەن، ئێمە زۆر هەوڵماندا، من دەتوانم ئەمە بەراشكاوانە بڵێم، لەسەر ئەم بابەتە من زۆر كارمكرد و هەموو بەرێوەبەرایەتی ئێمە وەها هەڵسوكەوتیان كرد، ئێمە هەمیشە هەوڵماندا پێش بەشتێكی وەها بگرین و لەئێستاشدا دەمانەوێت پێش بەشتێكی وەها بگرین".

وتیشی "ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە، کە ئەم شەڕە بکرێتە شەڕێک، کە کورد لە دژی یەکتر شەڕ بکات، ئێمە نامانەوێت شتی وا رووبدات، بەڵام هەموو شتێکیش سنووری هەیە، بۆ ئەوەش دەبێت گەلەکەمان، نیشتمانپەروەران و وڵاتپارێزانی کورد، سیاسەتمەدارانی کورد، هونەرمەندانی کورد بەرپرسیارێتیی خۆیان بگرنە ئەستۆ، چونکە ئەمە بەو شێوەیە نابێت بەردەوامیی هەبێت، ئێمە هێزێکی فیداین، لە هیچ کەس ناترسین، ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە ببێتە شەڕێک، کە کورد لە دژی یەک شەڕ بکەن".

ر. ئ.



Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب