کوردستانی
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی حکومەتی هەرێم ئاشکرادەکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بڕیاردرا حەفتەی داهاتوو رێککەوتی 1-5 تا 5-5-2022 پشووی فەرمی بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بڕیاردرا حەفتەی داهاتوو رێککەوتی 1-5 تا 5-5-2022 پشووی فەرمی بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
ئهمڕۆ چوارشەممە 27ی نیسانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، کورتەیەکی دەربارەی سەردانی فەرمی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا و پێشوازیکردنیان لە ئاستێکی باڵا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، وزەو بازرگانی، پەروەردە و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە خستەڕوو.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا "کە لە هەموو کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای دیکەی بەریتانیا، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پشتیوانیکردن و ھەماھەنگیكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان لەبوارە جیاوازەكاندا، بەو ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی راسپارد کە بە پێی تایبەتمەندیی، بەدواداچوونی پێویست بکەن بۆ ئەو دۆسیانەی لەو سەردانە فەرمییە بۆ بەریتانیا گفتوگۆیان لەسەرکرا و بۆ ئەو مەبەستەش، سکرتاریەتیی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و فەرمانگەی هەماهەنگيی و بەدواداچوون راسپێردران بۆ کاری هەماهەنگيی لە نێوان وەزارەتەکان و بەدواداچوون بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانەی دەرئەنجامی ئەو سەردانە فەراهەم بوون بۆ هەرێمی کوردستان".
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە "بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژە یاسای (دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان) کە ئامانج لێی، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن لەڕێگەی دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکو پشتیوانی وەزارەت دەبن بۆ هاوتەریب کردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرزیی ئەکادیمیی و زانستی لەڕێگەی رێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانە بەخشین وپشتیوانیکردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە وخوێندنی باڵا و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و برەودان بە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە هەرێم، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکەدا بکرێت و لەبەر رۆشنایی ئەو سەرنج وتێبینیانەی خرانەڕوو، ئامادەبکرێت بۆ دەنگدان لە سەری لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ تەشریعکردنی".
ئەوەش هاتووە "بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە رووی بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان و پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری کارەبا و پڕۆژەکانی کارەبا بەتایبەت کە نزیک دەبینەوە لە وەرزی هاوین کە لە لایەن کەمال ساڵح، وەزیری کارەبا راپۆرتێک خرایەڕوو، کە تێیدا کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو بە مێگاوات لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لەسەر شارەکان و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمێنانی زیاتری کارەبا روونکردەوە. لە کۆتاییشدا بەربەستەکانی بەردەم وەزارەتی خستەڕوو لەگەڵ پێشنیاری پێویست بۆ چارەسەکردنیان".
ئەوەشی خراوەرەڕوو "ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی سامانەسروشتیەکان، پلاندانان، دارایی و ئابووری و کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوی راسپارد کە هەماهەنگيی پێویست بکەن لەگەڵ وەزارەتی کارەبا بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا".
لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، بڕیاردرا حەفتەی داهاتوو رێککەوتی 1-5 تا 5-5-2022 پشووی فەرمی بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
ر. ئ.
ر. ئ.
بیروڕا


