گشتی

حەوت یاسای قوتابخانەكانی ژاپۆن كە بوونەتە هۆی پێشكەوتنی كەرتی پەروەردە

مەودا میدیا - سلێمانی |


حەوت یاسای قوتابخانەكانی ژاپۆن كە بوونەتە هۆی پێشكەوتنی كەرتی پەروەردە
مەودا میدیا-

شێوازی پەروەردە و فێركردن لەنێوان قوتابخانەی وڵاتاندا جیاوازن، بەشێوەیەك كاریگەریی لەسەر پرۆسەكە و دواكەوتن یان پێشكەوتنی دەبێت.
لێرەدا تیشكدەخەینە سەر ئەو حەوت كارەی لە قوتابخانەكانی ژاپۆندا جێبەجێدەكرێن و بوونەتە هۆكاری ئەوەی ئاستی خوێندن لەو وڵاتەدا پێشبكەوێت.

یەكەم: مامۆستای جێگرەوە هەیە؟
لە وڵاتی ئێمە ئەگەر مامۆستا ئامادە نەبوو لە قوتابخانە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی، ئەوا مامۆستایەكی دیكە ئامادەدەبێت و وانەكەی بە خوێندكاران دەڵێتەوە یان خوێندكار لەماڵەوە پشوو دەدات، بەڵام لە ژاپۆن هەرگیز ئەوە روونادات.
ئەگەر جارێك روویدا مامۆستا ئامادەنەبوو لە پۆلدا، ئەوە خوێندكاران لە پۆلەكەیاندا دەمێننەوە و بۆ خۆیان بە وانەكانیاندا دەچنەوە بەبێ ئەوەی مامۆستا  ئامادەبێت و بێ ئەوەی هیچ كێشەیەكیش دروستبكەن.

دووەم: خوێندكاران و مامۆستایان قوتابخانەكانیان خاوێن دەكەنەوە
لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، لە قوتابخانەكاندا كەسێك یان چەند كەسێك دامەزرێنراون بۆ خاوێنكردنەوەی قوتابخانەكانیان، بەڵام لە ژاپۆن مامۆستایان و خوێندكاران خۆیان قوتابخانەكە خاوێندەكەنەوە و بەرپرسیارێتی خاوێنكردنەوە لە ئەستۆی ئەوانە.

سێیەم: بەردەوامیی خوێندن لە كۆتایی هەفتەدا
بەشێوەیەكی گشتی و بەرنامە بۆ دانراو، لە وڵاتی ژاپۆن خوێندكاران بە بەردەوامی رۆژانی شەممە پشووویان نییە، بەڵكو وانەكانیان دەخوێنن و بێزارنابن و ماندوێتی وایان لێناكات رقیان لە خوێندن ببێتەوە.

چوارەم: خوێندكارانی ژاپۆن پشووی هاوینەیان كەمە
لە زۆرینەی وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی، خوێندكاران بۆ ماوەی سێ مانگ پشووی هاوینە وەردەگرن، بەڵام لە ژاپۆن وانییە و پشووی هاوینە تەنها پێنج هەفتەیە و بەهیچ شێوەیەك زیادناكرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی خوێندكاران و مامۆستایان لەماوەی پشووشدا سەردانی قوتابخانەكانیان دەكەن بۆ بەشداری لە چالاكی و چوونە كافتریا و باخچەكانی قوتابخانەكانیان.

پێنجەم: ساسۆماتا
ژاپۆن وڵاتێكی ئارامە، لەگەڵ ئەوەشدا پلانی پێویست بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەوە هەیە ئەگەر یەكێك بەشێوەیەكی نایاسایی چووە ناو قوتابخانەكەوە.
لە رێگەی راهێنانی مامۆستایانەوە لەسەر ساسۆماتا، ئامادەكاری ئەوە كراوە ئەگەر كەسێك بچێتە ناو قوتابخانەكەوە چۆن هەوڵی رووبەڕووبوونەوە و لاوازكردنی بدەن.


هەموو ساڵێك مامۆستایان بەشداریی لە راهێنانی تایبەت بە ساسۆماتا دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن لەكاتی پێویستدا بەكاریبهێنن.

شەشەم: خواردن بۆ خوێندكاران
لە قوتابخانەكانی ژاپۆندا بەشێوەیەكی جیاواز لە وڵاتانی دیكە خواردن بە خوێندكاران دەدرێت، خوێندكاران و مامۆستایان بە ریز دادەنیشن و خواردنەكانیان نابەن بۆ هیچ شوێنێكی دیكە.
خواردنەكە لەلایەن چەند خانمێكەوە بە نۆرە دەدرێتە دەست ژمارەیەك خوێندكار و ئەوانیش بەسەر خوێندكاران و مامۆستایاندا دابەشیدەكەن.
خواردنەكانیش پێكدێن لە شۆربا كە جۆرەها سەوزەی تیادایە لەگەڵ ماسی و برنج.
هەروەها خوێندكار دەبێت خواردنەكەی بخوات ئەگەر زۆر بەدڵیشی نەبوو، كاتی نانخواردنیش ئەوكاتە كۆتایی دێت كە دوا خوێندكار نانخواردنەكەی تەواودەكات.

حەوتەم: سڵاوی رۆژانە
لە ژاپۆن كاتێك مامۆستا دەچێتە پۆلەوە خوێندكاران هەڵدەستنە سەرپێ و سڵاوی لێدەكەن، هەروەها لە كۆتایی وانەكەشدا هەمان كار دووبارە دەكەنەوە. 
ئەو جۆرە سڵاو و رێزگرتنەش لە ژاپۆن بە مۆكۆسۆ ناسراوە.


س.ر

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە



News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش