چاوپێكەوتن

د.ساماڵ، ژنی ئەرکە سەختەکان

مەودا میدیا - سلێمانی |


د.ساماڵ، ژنی ئەرکە سەختەکان
مەودا میدیا-

ئەم جارە، خانمێک دەدوێنین، وەک دەڵێن لە بێشەی شێردا گەورە بووە و سڵ لە هیچ ناکاتەوە. ژیانی پڕە لە تەحەدا و سەرکێشی... هاوڕێی منداڵی و لاوی و گەنجێتیی؛ هەر پێشمەرگە بووە. لە سیاسەت و پێشمەرگایەتیدا، ئەرکە قورسەکانی هەڵبژاردووە و رەتی کردووەتەوە و لە پەراوێزدا بێت... لە خوێندن و نووسینیشدا، فەلسەفە و زانستی کردووەتە کانگەی بەخشین و خزمەت کردن بە گەلەکەی بەگشتی و ژنان بەتایبەتی.

 

ئێمە هەموو دەتناسین و کەسایەتییەکی ناسراویت، بەڵام پێمان خۆشە لە زاری خۆتەوە خۆت بناسێنیت؟
ناوم (ساماڵ مانیی)یە، مامۆستا، نووسەر و لێکۆڵەرم لە بواری فەلسەفەی ئەکادیمیدا. مایەی شانازیمە وەکوو ژنێکی کورد توانیومە پشتبەستوو بە خۆم، لە 1993وە لە بواری فەلسەفەدا کار بکەم.
  لە دوای راپەڕین و دروستبوونی هەرێمی کوردستان، نەک هەر ژنمان نەبوو لە بواری فەلسەفەدا، بەڵکوو تاکوتەرا پیاوی کورد چووبوونە ئەو بوارەوە، من هەر ئەو کاتە بڕیارم دا بچمە زانکۆی لەندەن و فەلسەفە بخوێنم. لە یەکەم ساڵی خوێندنی فەلسەفەوە لەسەر خەرجیی خۆم، بەو مەبەستە خوێندنی فەلسەفەم تەواو دەکرد کە بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و لە بواری فەلسەفەدا لە کوردستان کار بکەم و زەمینەی بیرکردنەوەی فەلسەفی لە کوردستان دابڕێژم.
  هەر بەو مەبەستەش بوو کە چەند پرۆژەیەکی نووسینە فەلسەفییەکانم بە کوردی داناون، بەشێکیم لێ بڵاوکردوونەتەوە، پرۆژەیەکیان کە بریتی بوو لە سێ کتێبی فەلسەفی، بە ناونیشانی "هەگبەی زانین"، دوو ساڵ لەمەوبەر بڵاو کرانەوە. هەر ئەو کاتەش بوو کە فەلسەفەی جێندەریم بۆ یەکەم جار لە کوردستان دروست کرد، ئەو جۆرە لە تێڕوانینی فەلسەفیم خستە ناو بازنە و زەمینەی فەلسەفەوە لە کوردستان لە کتێبێکدا بە ناونیشانی "ژن و فەلسەفە؛ فەلسەفەی جێندەریی". 
  زۆر بەشی فەلسەفە سەرنجیان راکێشاوم، بەڵام هەندێکیان بەتایبەتی ئیشم تێدا کردوون، وەک: لۆجیک، فەلسەفەی زانست، فەلسەفەی زانین  (پیستیمۆلۆجی)، فەلسەفەی مێشک و زەین، فەلسەفەی زمان و مانا.
  ئەمساڵ خەریکی تەواوکردنی پرۆژەی دووەمی نووسینە فەلسەفییەکانمم بە زمانی کوردی بە ناونیشانی "سەرزەمینی مانا". لە فەلسەفەی زمانیشدا، دەمەوێت پێش کۆتایی ساڵ، لە کوردستان چەند کتێبێکی لێ بڵاو بکەمەوە.
 
 

بۆ بڕیارت دا فەلسەفە بخوێنیت و لە کوێ خوێندت؟
وەڵامی بەشی یەکەمی پرسیارەکەت، گونجاوترە لە چاوپێکەوتنێکی فەلسەفیدا باس بکرێت.
 سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکە، باوکم و دایکم منیان بەو ئاراستەیەدا بەخێو کردبوو کە بچمە زانکۆ و فیزیا بخوێنم، فیزیا ئەو بوار و وانەیە بوو کە زۆر حەزم لێی بوو و ساڵانە باشترین نمرەم تێدا وەردەگرت شانبەشانی زمانی ئینگلیزی. خۆم هەتا ئەو کاتەی لە کوردستان بووم حەزم دەکرد بچمە زانکۆ و ئەدەبی ئینگلیزی بخوێنم. وەک دەزانن هیچکام لەمانە سەریاننەگرت.
 کە بووم بە پەنابەری سیاسی لە هەندەران، لە ناوەندی هەشتاکاندا، ئەو بەشانەی لە پرسیاری پێشتردا ناوم بردن لە بواری فەلسەفەدا، سەرنجیان راکێشام، بەکالۆریۆس و ماستەرم لە زانکۆی لەندەن تەواو کرد. لە بەریتانیا زیاتر فەلسەفەی ئەنەلەتیک گرنگی پێ دەدرێت. بۆ ئەوەی زەمینەی تێگەیشتنم لە فەلسەفەدا فراوانتر بکەم، دکتۆراکەم لە ئەوروپا کرد، بەڵام هەر بە زمانی ئینگلیزی. لێکۆڵینەوەکانم هەم لە فەلسەفەی ئەنەلەتیکدا بوون، هەم لە فەلسەفەی کۆنتینانتاڵ. ئێستا ئیتر هەست دەکەم ئەو دوو پەرتبوونەی فەلسەفەم پێکەوە کردووە بە ماڵ؛ لای من هەردووکیان تەواوکەری فەلسەفەن نەک دژ.
 
 ئایا پێشینەی سیاسی و خوێندنەوەی سیاسی ئامادەی کردبوویت بۆ چوونە ناو فەلسەفە بەو قووڵی و فراوانییە؟
نەخێر، کە لە کوردستان بووم زیاتر "فەلسەفەی سیاسی"م دەزانی، فەلسەفە زۆر فراوانترە و لە دەیان بەش پێک هاتووە و یەکێکیان "فەلسەفەی سیاسی"یە. ئێمە لە کوردستان لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا خوێنەرێکی جدی بووین، جگە لەوەش خوێنەری "فەلسەفەی سیاسی" بووین، هەروەها زۆر بە "زانستی سیاسی" ئاشنا دەبووین. ئەم دووانە، گەرچی دوو بواری جیاوازن، بەڵام هەردووکیان زۆر نزیکن لەیەکەوە، بەتایبەتی لە (10 - 15) ساڵی رابردوودا لە رێی کردنەوە و فراوانکردنی سنووری لێکۆڵینەوەکانەوە، زیاتریش نزیکبوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەش، هێشتا زۆر کەمە بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوەی فەلسەفی. 
 


ئێمە بە نازناوی "هاوڕێ رابی" لە سیاسەت و پێشمەرگایەتیدا تۆ دەناسین، بۆیە دەمەوێت پێمان بڵێیت نازناوی (رابی) لە چییەوە هاتووە؟
ئەوە بەشێکی دێرینی منە، بۆ خۆناساندن بوو لە خەباتی سیاسیی نهێنی و خەبات لە شاخ و چیاکانی کوردستان. نازناوی "هاوڕێ رابی" مایەی سەربەرزیمە، لە بەریتانیا بە فەرمی کردوومە بە ناوەندی ناوەکەم لە نێوان "ساماڵ" و "مانیی"دا. "خاتوو رابی" بەشێکی جوانی ئەزموونی ژیانم بوو. ئەو خاتوونە کوردە، لە هەڕەتی پێگەیشتنمدا کاریگەری فیکریی لەسەر دانام، بە رادەیەک، بووم بە هەڵگری ناوی ئەو.
  لەو بەشەی ژیانمدا (لە 1979)، بەتایبەتی هەڵگری نازناوی "هاوڕێ رابی" بووم، لەبەر ئەوەی هەڵگری ناوی دایکم بووم. دایکم ناوی "خاتوو رابی" بوو، بە ناوی دایکمەوە لە ناوشار و شاخەکانی کوردستان و لە سیاسەتکردندا ناسرابووم.
  "رابی" ناوێکی ناسکی کوردییە، "رابیعە" نییە، بەڵکوو لە مێژەوە ئەو ناوانە پێش دروستبوونی دەوڵەتی عیراق، کوردی کوردستان ناوەکانیان کوردانوە، باپیر و نەنکم کە منداڵیان بووە ناویانناوە رابی (نەک رابیعە)، لەناو خێڵ و عەشیرەتی خۆیاندا کەس "رابی" بە "رابیعە" بانگ نەکردووە، خزم و کەسوکاریش هەر بە "رابی خان" و منداڵانیش بە "پوور رابی" بانگیان کردووە، ئەمە لە ساڵانی بیستەکان تا شەستەکانی سەدەی رابردوو.
 ماوەیەکی زۆر دواى دروستبوونی دەوڵەتی عیراق، کە ناسنامەیان دەردەهێنا، لەبەر ئەوەی زمانی فەرمی لە عیراقدا زمانی عەرەبی بوو و زۆربەی کارمەندانی ناونووسکردنیش هەر عەرەب بوون، هەموو ناوەکانیان دەگونجاندن لەگەڵ زمانی عەرەب و کولتووری عەرەب و تۆماریان کردوونەتەوە. بۆ نموونە؛ هۆمەر کراوە بە عومەر، رابی بە رابیعە و... هتد.
 
 کەواتە هەندێک باسی دایکت "خاتوو رابییەکەم"مان بۆ بکە...
  خاتوو رابی یەکەم، ناوی رابی شێخ عیسای کانەبی ئاغایە، لە (1920 - 1969) ژیاوە. تاقانە، شۆخوشەنگ، ژیر و سەلار بووە. لە خێزانێکی ناسراو و خانەدانی چینی ئاغاکانی کوردی دوو سەدە پێش ئێستایە. خاوەنی موڵک و ماڵی زۆر بوون، خێزانێکی گەورە و فراوان، دێکانی چواردەوریان ماڵە مام و ماڵە خاڵوانی بوون. لە ساڵانی سییەکاندا، لە تەمەنی 14 ساڵیدا نازناوی "بووکی سلێمانی" دراوەتێ و بووە بە هاوژینی ئەحمەدی عەزیز ئاغا، مامۆستای زمانی کوردی، یەکێکە نووسەرانی ئەلفبێی کوردی و بەرپرسانی شاری سلێمانی، کە بە هەمان شێوە لە خێزانێکی خانەدان و ناسراوی ئاغاکانی کۆن بوو.

خاتوو رابی هەموو سەروەت و سامانەکەی لەدەست دا لەبەر خەباتکردنی بۆ مافی ژن و سیاسەتکردن بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای کورد.
  زۆر درەنگ خاتوو رابیم وەک ئەو ژنە ناودارە ناسی کە خەڵک پێیان دەناساندم، وەکوو ئەوان لە کۆبوونەوەکانیدا دادەنیشتم و گوێم لێ دەگرت. ئەوکات خاتوو رابی لە ئەحمەدی عەزیز ئاغا جیابووبووەوە و هاوژینی باوکم بوو، باوکم لە سوپای شاهانەی عیراقدا بوو، پێش گۆڕینی عیراق بۆ سیستمی کۆماری.
 بە ئەزموونێکی دەوڵەمەندەوە، ژنێکی خاوەن کاریزما و ئایکۆنی نموونەیی ژنی کورد بوو، ژنێکی ناسراو و بوێری چالاکوانی سیاسی و پرسی ژن بوو لەناو شاری سلێمانیدا. لە کۆتایی ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردووەوە خەباتی کردووە بۆ پرسی ژن، کۆبوونەوەی زۆری کردووە لەگەڵ سەرانی شار و بەڕێوەبەرانی. بە کوردییەکی زۆر پاراو قسەی دەکرد و زمانی عەرەبیشی زۆر باش دەزانی. لە سیاسەتدا، تاکە ژن بوو ئەو کاتە باسی گرنگیی نەوت بکات بۆ پرسی کورد، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکات بە باسی کۆبوونەوەکانی. لە پرسی جێندەریدا، تاکە ژن بوو کە لە کۆبوونەوەکانیدا لە سییەکان و چلەکانی سەدەی رابردوودا داوای دەکرد داخوازییەکان و مافەکانی ژن بکرێت بە بەشێک لە سیاسەتکردن. من بەمەیان زۆر سەرسام بووم، خەباتێکی سەختی کرد و باجەکەشی ئەوە بوو بەهۆی دڵشکاوییەوە زۆر زوو مرد.
 
 کەواتە "ساماڵ" ناوەی راستەقینەی خۆتە؟
  بەڵێ، دایک و باوکم بەتایبەتی ناویانناوم "ساماڵ". باوکم لە رووی رۆشنبیری و کولتوورییەوە چیرۆکخوانێکی نایاب بوو لە گێڕانەوەی چیرۆک و شاکارە ئەفسانەییەکانی مێژووی کورد و ناوچەکە. لەبیرمە دراوسێکانمان، ناسیاو و خزمان بەتایبەتی دەهاتنە ماڵمان، لە شەوە درێژەکانی زوقم و سەرمای زستاناندا لە ماڵی ئێمە کۆدەبوونەوە بۆ گوێگرتن لە باوکم، تەنانەت تۆماریشیان دەکرد. بۆ نموونە؛ ئەفسانەکانی خواکان و پاڵەوانەکان، رۆستەمی زاڵ، شانامەکان، داستانی مەم و زین، خەج و سیامەند، چیرۆکە شیعری لەیل و مەجنوون، شیرین و فەرهاد و... هتد. زۆر گوێگری مەقامەکان دەبوو، هێشتا زۆر منداڵ بووم کە بەدیار مەقاماتەوە دایدەنام، عەلی مەردان و محەمەد قوبانچی و گرووپەکەی پێ دەناساندم. هێشتا نەچووبوومە خوێندنگە هەموو مەقامە کوردییەکان، مەقاماتی عیراقی، مەقامە فارسییەکان و مەقامە تورکییەکانی پێ ناساندبووم. هەڵبەت گۆرانیی نەدەوت و میوزیکژەنیش نەبوو، بەڵام حەزی لە مەقامات بوو، تێگەیشتنیشی لە مەقامات هەبوو، لە یەکتری جیا دەکردنەوە. پێی دەوتم باش گوێیان لێ بگرە و بیانناسەوە: ئەمە مەقامی نەهاوەندە، ئەوە مەقامی چوارگایە، ئەوە مەقامی سەبایە، ئەوە مەقامی رشتە، ئەوە مەقامی بەیاتە، ئەمە مەقامی عەجەمە و... هتد.
  باوکم مێژووزانێکی زۆر باش بوو لەبواری "مێژوو بە گێڕانەوە". هەتا سێیەم ساڵی خوێندنی سەرەتاییم لە گەڕەکی چوارباخ، وامدەزانی ناوەکەم "ساماڵ" ئاسمانێکی بێ هەور ماناکەیەتی، هەتا رۆژێکیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی مانای ناوەکەم لە باوکمم پرسی، بەڵام ئەو وتی: تۆمان ناوناوە "ساماڵ"، چونکە ساماڵ شارستانیەتێکی دێرینی کوردە لەو بەشەی کە دەبوایە کوردستانی گەورەی تێدا دروستبکرایە و ئێمەشی بخرایەتە سەر پێش ئەوەی دەوڵەتی عیراق دروست بکەن و دەوڵەت و شای عەرەب فەرز بکەن بەسەرماندا. بۆ سبەی کە چوومە قوتابخانە، لە وانەی مێژوودا ئەوەم بۆ مامۆستای مێژوو باس کرد، پێی تێکچوو، بە تووڕەییەوە وتی: "شتی وا نییە". ئەمە لە ناوەڕاستی شەستەکاندا بوو.
ئیتر هەرگیز مانای ناوەکەمم باس نەکردەوە، پێم وابوو مامۆستا هەمیشە لە باوک و دایک تێگەیشتووترن؛ باوکم گاڵتەی پێ کردووم لەبەر ئەوەی منداڵ بووم. بەڵام کە هاتمە ئەوروپا وەک پەنابەری سیاسی، لە 1987دا و لە وانەی فێربوونی زمانی ئینگلیزیدا لە لەندەن، مامۆستای وانەکە بە نۆرە لە هەموومانی دەپرسی ناوەکەت مانای چییە؟ منیش پێم وت:  "ساماڵ" ناوی شارستانیەتێکی زۆر دێرینی کوردە. ئەو مامۆستا ئینگلیزە وتی: "بەڵێ، لە خوارووی تورکیایە و چووم بۆ سەیری ئاسەوار و پاشماوەکانی". منیش بەپێکەنینەوە وتم: "خوارووی تورکیا، کوردستانە". ئەو سەری لەقاند و دووپاتی کردەوە: "بەڵێ، لە کوردستانە، بەدرێژایی ئەو بەشەی لکاوە بە عیراق و سوریاوە". ئینجا دڵنیا بووم باوکم باشتر شارەزای مێژووی کورد بوو لەچاو مامۆستای مێژوو لە قوتابخانەی سەرەتاییم.
 
 

تۆ لە دوو گەڕەکی تەواو جیاوازدا پەروەردە کراویت: شێخ محێدین و گەڕەکی عەقاری، ئەوە کاریگەری و رەنگدانەوە چۆن بوو لەسەر ژیانت؟

 باوک و دایکم لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردوو لەوانە بوون کە گەڕەکی شێخ محێدینیان ئاوەدان کردووەتەوە. پاش چەند ساڵێک لە ئیشکردنی باوکم لە دروستکردنی ئەو خانووەی شێخ محێدین، من و دایکمی بردە ئەوێ، پێشتر لە گەڕەکی سەرشەقام دەژیاین لە خانوویەکدا کە کارێزی تێدا بوو، زوو زوو کارێزەکە دەتەقییەوە و وەکوو لافاو حەوشەکە پڕ دەبوو لە ئاو، (تا ئێستاش بە خەیاڵ خۆم دەبینم بە باوەشی خاتوو رابی دایکمەوە بۆ ئەوەی نەکەومە ناو ئاوەکەوە).
 کە باوک و دایکم چوونەتە شێخ محێدین، چەند ماڵێکی تاکوتەرا بوون، لە بن گردەکەوە هەتا ناو دەشتاییەکە ژمارەی هەموو ماڵەکان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردران. ئەو ماڵە هەندێک جار بەهەشت بوو، هەندێک جاریش زۆر مەترسیدار بوو.
 هێندەی نەبرد، دایکم هەر بە گەنجی مرد لە 1969دا، چیتر ژیان لە ماڵەکەماندا وەک خۆی لێ نەهاتەوە. بڕیارێک لە بەرژەوەندیی بەخێوکردنی من درا لەلایەن باوکم و مامۆستا سروەی خوشکمەوە، هەتا گەورەش بووم، زۆربەی ساڵەکان لای ئەو خوشکەم بووم، ساڵێکیش لە دوکان دامەزرابوو و هەر لای ئەو دەژیام. پاشان هاوسەرگیری کرد و ماڵیان لە گەڕەکی عەقاری بوو، منیشی برد بۆ ئەوێ و لەوێ دەژیام، ماڵی براکەشم رێک بەرانبەرمان بوو. هەڵبەت زوو زووش سەردانی باوکم دەکرد و لای دەمامەوە.
 هەردوو ئەزموونەکە خۆش و زۆر بەسوود بوون لە پەروەردەکردنمدا، هیچ کامێکیان درێغییان نەکرد لە دەستەبەرکردنی باشترین شێوازی پەروەردەکردنمدا.
 
 بۆ دەڵێیت ماڵەکە هەندێک جار بەهەشت بوو و هەندێک جاریش مەترسیدار؟
 ماڵێکی بێسنوور بوو، هەتا چاو بڕی دەکرد دەشتایی و گردی سەوز بوو، هەتا ئەژنۆ چکۆلەکانی منداڵیم ماندوو دەبوون، بێ سنوور بەناویدا رام دەکرد، هەموو دەشتایی و گردەکان بەشێک بوون لە ماڵەکەمان. لەوێ ئاشنا بووم بە جۆرەکانی گژوگیای خواردن، گوڵە دەشتییەکان و ناسینی زیندەوەرانی بن بەرد و بن گوێسەبانەکان.
ئەو ماڵە لەو دەشتەدا، ئاشنای کردم بە ژیانی دوور لە قەرەباڵغی و جەنجاڵیی رۆژانەی شار، بە باخچەی ئاشنا کردم، کە کەسێکی تر بۆی نەبوو بێ مۆڵەت بیبینێت. باخچەکە لە حەوشەی ماڵەکەماندا بوو، پڕ لە داری سنەوبەر، داری مێو، کەپری گەورە و فێنکی بەر هەیوان، گوڵی سووری دارهەنار و میوەی پڕ هەنگوینی دارهەنجیرەکان، باڵای هەڵچووی دارسێو و دارچنارەکەی قەراخ حەوزی ئاوەکە، ئەو حەوزەی دەنگی لە رووبارێک دەچوو لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا، کە پڕ دەبوو و لێی دەڕژا، دەبوو بە پلوسکەی بن دارەکان، ئەو بن دارانەی گوڵەباخ، رێحانە، گوڵە ناسک و پڕ رەنگ و بۆنخۆشەکانی لێ دەژیان.
 لەگەڵ ئەمەش، لە چاوترووکانێکدا دەبوو بە مەترسیدارترین ماڵی شاری سلێمانی بۆ ژیان. لەوێ دایکم و باوکم بەتەواوی ژیان و ماڵەکەمانیان تەرخان کردبوو بۆ پرسی کورد و سیاسەتکردن. لەبەر ئەوە شوێنێکی زۆر ستراتیژی و مەترسیدار بوو لە قەراغی شار، ماڵەکەمان وەک بارەگای پێشمەرگە وابوو. بەردەوام پێشمەرگەی بریندار و مەخفی، بۆ خۆشاردنەوە لەوێ لەگەڵمان دەژیان. یەکەم مامۆستا لە ژیانمدا؛ پێشمەرگە بوو. پێش تەمەنی چوونە قوتابخانە؛ ئەلفبێی کوردی، خوێندنەوە، نووسین و ژماردنیان فێر کردم. جگە لەوەش، هەر ئەوان بوون کە منیان کردبوو بە پێشمەرگە بەبێ ئەوەی بەئاگا بم و بزانم چی دەکەم، حەفتەی چەند رۆژێک ملوانکەیەکی پڕ لە "نوشتەنامە"یان دەکردە ملم بە بازگەی نێوان دێی ئابڵاخدا دەمگەیاندە خەباتکارە ئابڵاخییەکان و ئەو پێشمەرگانەی لە ئابڵاخ خۆیان حەشار دەدا، لەوسەریشەوە ملوانکەیەکی تری لەو جۆرەم دەهێنایەوە بۆ باوکم و دایکم و ئەو پێشمەرگانەی لە ماڵی خۆمان بوون.
 
 هیچ بەسەرهاتێکت لەو پێشمەرگەبوونەی منداڵیت نووسیوەتەوە؟
بەڵێ، ئەمە بەسەرهاتێکی ئەو کاتانەیە کە نووسیومەتەوە: یەکەم جاری ئاشنابوونم بە ئەگەری کوشتن، لەسەر شاڕێی شەقامێکی خۆڵی قەراغ شار بوو، لە ترسی کوشتنی باوکم، یادەوەری زوو دەستی بەتۆمارکردن کرد، منیش بەو ئاشنابوونە؛ ئەژنۆ چکۆلەکانم دەلەرزین و رەنگم پەڕیبوو. یارییەکانی منداڵیی پێش ئەم بەسەرهاتە لە یادەوەریمدا جێگیر نییە و نەدەبوایە ئەمیش لە یادگەمدا تۆمار ببوایە، هێشتا زۆر زوو بوو بۆ تۆمارکردنی ئەزموونی ژیان.
 لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو، پێش تەمەنی چوونە قوتابخانەم (بە شەش ساڵی خرامە قوتابخانە)، لە بازگە چۆڵەکەی گردی شێخ فەتاحی قەراغ شار، قرچەقرچی نیوەڕۆیەکی گەرم بوو، خرمەی میلهێنانەوە و دەنگدان بە زمانی عەرەبی؛ دڵی داخورپاندم و لە قەڵادۆشکانی باوکمدا ئاوڕم دایەوە، چەند سەربازێکی تفەنگبەدەست لە ناوقەدی گردەکەوە بە راکردن دەهاتنە خوار بەرەو ئێمە، بە دەنگەدەنگەوە باڵیان لێ رادەوەشاندین کە بوەستین. باوکم بەهێواشی دایگرتم و بێ ئەوەی من هیچ بڵێم، وتی: "مەترسە باوکە، هیچ نییە". لە تەنیشت خۆیەوە توند نووساندمی بە خۆیەوە و بەتوندی دەستمی لەناو دەستی خۆیدا گرتبوو، ئیتر پێم وابوو خۆم لەناو دەستی باوکمدا شاردووەتەوە و هیچ کەس نامدۆزێتەوە.
 باڵا؛ کەموزۆر لە ئاستی ئەژنۆی باوکمدا بووم، سەربازەکان کەسیان منیان نەدەبینی. من ورد ورد لە خوارەوە سەرم بەرزکردبووەوە و سەیری هەموویانم دەکرد، دەمبینین، چواردەوری من و باوکمیان دابوو، دەنگەدەنگیان بە زمانێکی تر، هێندە بەرز بوو هەردوو گوێم کپ بووبوو و هیچیان لێ تێنەدەگەیشتم، جاروباریش لە ناوەندی دەنگەدەنگەکەدا یەک دوو پاڵیان بە سنگی باوکمەوە دەنا، لەگەڵ باوکمدا منیش لەترێکم دەدا و وەکوو باوکیشم هەوڵم دەدا خۆم بگرمەوە و نەکەوم.
کە بە پاڵ باوکمیان برد، دەستم لە دەستی باوکم دەرهات و نەمتوانی بیگرمەوە، ئینجا ترس دایگرتم، بە دڵ دەمویست بەدوای باوکمدا رابکەم و نەمتوانی، تەنها چاوەکانم بە دوای باوکمەوە بوون، دووریان دەخستەوە بەرەو دەشتاییەکە و هەر چاوم لێ بوو، جگە لە باوکم هیچی ترم نەدەبینی.
 ئەو رۆژە من و باوکم و پیاوی خاوەن ئێسترەکە بووین، کە باوکم بە کرێی گرتبوو بارە ئازووقەکە بگەیەنێت بۆ شیوەکەی "کەنەکەوە" و لەوێ رادەستی ئەو پێشمەرگانەی بکات کە چاوەڕێی گەیشتنی ئازووقەکەیان دەکرد. ماڵەوەشمان بەقەد بارەگایەک خواردنی تێدا دەخورا، باوکم زوو زوو ناچار دەبوو برنج و رۆن بکڕێت و لە مەترسی بازگەکە سەربازییەکان خۆی دەرباز بکات.

لە رێگە بە قەڵادۆشکانی باوکمەوە بووم، گوێم لە قسەکردنی نێوان باوکم و خاوەنی ئێسترەکە بوو، باوکم دەیوت: "ئێستا کاتی نانخواردنیانە، سەیتەرەکە چۆڵە نیوەڕوان، لەمیان نەجاتمان بێت سەیتەرەکەی دوای ئەو زۆر گرنگی بە پشکنین و لێپرسینەوە نادات. ئەگەر ئەمان پرسییان، دەڵێم فەردە برنج و تەنەکە رۆنەکە بۆ ماڵی خۆمانە و میوانی لادێیی زۆرم دێن و لە ماڵەوە زوو سەرف دەبێت، کە لە تۆشیان پرسی، بڵێ وایە دەیانناسم زۆر میواندارن." پێش ئەوەش گوێم لێ بوو ئەو بە باوکمی دەوت: "من بە شەو نایبەم و دەبێت هەموو رێگەکەش خۆت لەگەڵم بێیت."
 دواتر کە لە بازگەکە رایانگرتین، کابرا لەترسا حاشای لێ کردین و وتی: "من نایانناسم، من بەس خاوەنی ئێسترەکەم و بەکرێیان گرتووم، وەڵڵا ئاگام لە هیچ نییە"، کە وازیان لێ هێنا، بێدەنگ بوو و لای منەوە وەستا و لە من زیاتر رەنگی پەڕیبوو.
 کاتێک کە دڵنیا بوو باوکمیان بە پاڵ برد بیکوژن، بەزەیی بە باوکمدا دەهاتەوە، چەند سووکەپاڵێکی بە شانمەوە نا و وتی: "بڕۆ، بڕۆ دەستی ئەو ئەفسەرە ماچ بکە با باوکت نەکوژێت، دەی خێرا راکە، دەستی ماچ بکە با نەیکوژێت". گەرچی زۆر بەزەییم بە باوکمدا دەهاتەوە بەدەستیانەوە، وەک کچە منداڵە نازدار و لاسارەکەی باوکم، رق گرتمی بەرانبەر بە ئەفسەر و سەربازەکان و پیاوە درۆزنەکەی تەنیشتم، پێم دا بە زەویدا و وتم: "نا، دەستی ماچ ناکەم".
ئەو رقە، بەدەست خۆم نەبوو، هەموو حاڵەتەکە پێکەوە خراپ دایگرتم، لە تاو ترسی کوشتنی باوکم و یارمەتینەدانی، ئیتر خۆم پێ نەگیرا، هەردوو ئەژنۆم شکا و لەسەر خۆڵەکە دانیشتم و بە دەنگی بەرز و منداڵانە دەستم کرد بە گریان.
دوای ئەوەم بیرنایەت چی بوو، چۆن بوو و چی رووی دا، هیچی تری ئەو رۆژە تۆمار نەبووە لام.
رۆژانی دواتر، دایکم بە باوکمی دەوت: "کچەکە زۆر منداڵە، نابێت دیسانەوە لەگەڵ خۆت بیبەیت"، دواتر باوکیشم بە دایکمی دەوتەوە: "ئەو کچە منداڵە، مەیبە لەگەڵ خۆت بۆ کۆبوونەوەکان نەوەک بگیرێن".
ماڵەکەمان هەمیشە پێشمەرگە بریندارەکانی تێدا دەمایەوە، هەتا چاک دەبوونەوە نەدەڕۆیشتنە دەرەوە و دەکرا هەر دەقەیەک ئاشکرا بووینایە و هەموومانیان بگرتایە، یان هەر لە ماڵەوە بیانکوشتینایە. لە ماڵەوە بەجێیان نەدەهێشتم، ئەوەی رووی دەدا دەمبینی و بێ ئەوەی بمەوێت تۆمار دەبوون و ئامادەی دەکردم بۆ بوون بە کارەکتەرێکی سیاسیی هەر لە منداڵییەوە.

 تۆ کچێکی شاری و گەورەبووی گەڕەکی عەقاری بوویت، لەناو سەدان پێشمەرگەی پیاوی تیپ و مەفرەزەکاندا تاقانە بوویت، لەو سەردەم و بارودۆخەدا چۆنت دەگوزەراند؟
من لەسەر دەستی دایک و باوکێکی کوردپەروەر، سیاسەتزان و خەباتکەر پەروەردە بووم، ئەوان بە پرنسیپ و فکر و پراکتیک هەموو ئەزموونی خۆیان فێر کردبووم، بێگومان بینینی ئەو ئەزموونەی منداڵیم، کاریگەریی زۆر بوو لە پەروەردەبوونمدا. هاوڕێ نزیکەکانی یاریکردنی رۆژانەی منداڵیم؛ پێشمەرگە بریندارەکانی ماڵی خۆمان بوون، ئەوان بوون کە بووکەشووشەکەمیان لە باوەش دەگرت و دەکەوتنە سەر ئەژنۆ بۆ ئەوەی سواری پشتیان بم لەمسەری ژوورەکەوە بۆ ئەوسەری ژوورەکە هەتا لە بەردەمی هەیوانەکەدا دایاندەگرتم. دایک و باوکم دە ئەوەندەی هەر پێشمەرگەیەک ئیشی مەترسیداریان دەکرد، کە پێشمەرگەکان نەیاندەتوانی بیکەن و هەموو جارێکیش منیان لەگەڵ خۆیان دەبرد. لەبەر ئەوە پێشمەرگە نامۆ نەبوو لام، وەکوو چۆن بە منداڵی وامدەزانی هەموویان لە خێزانی ئێمەن، لە شاخیش هەروا مامەڵەم دەکردن، خۆشم دەویستن و خۆشیان دەویستم.
  لە زۆرێک لە پێشمەرگەکانی شاخ شارەزاتر بووم لە زانستی سەربازی و پێشمەرگایەتیدا، لە زۆرێک لەوانەی پێگەی بەرزیان درابوویە رۆشنبیرتر و شارەزاتر بووم لە زانستی سیاسی و فەلسەفەی سیاسیدا، هەموو ئەمە باوەڕبەخۆبوونی لا دروست کردبووم و ئەوەش رەنگی دەدایەوە لە مامەڵەکردنمدا لەناو لادێکان و لەناو پێشمەرگە پیاوەکاندا.
بەو پێشینە فکری و فەلسەفەی سیاسییەوە، بەو زانیارییانەی لە بواری زانستی سەربازی و پێشمەرگایەتیدا هەمبوو، سیاسەت و پێشمەرگایەتی شار و شاخم دەکرد.
لە هەموو کاری خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتیمدا، ئەو بەربەستانەم دەڕووخاند کە بۆ ژنان دانرابوون. مام جەلال و کاک نەوشیروان خێزانەکەمیان هەموو دەناسی، توانای فکری و سەربازی و پێشمەرگایەتیمیان دەزانی، لەبەر ئەوە کە یەکەم جار چوومە شاخ لە 1980، ئەرکی دروستکردنی مەفرەزەیەک لە ژنی ئازام پێ سپێردرابوو بۆ پێشمەرگەی ناوشار.

 رێکخستنی ناوشار زوو زوو تێک دەچوو، چەند مانگێک دابڕام و تێهەڵچوومەوە. دووەم جاریش کە چوومەوە شاخ، هەردووکیان وەکوو باوک و برا مامەڵەیان لەگەڵ دەکردم، پشتگیر و پاڵپشتم بوون و رێنماییان دەکردم. کە چوومەوە بۆ شاخ بۆ کۆنفرانسی دوو، بەیەکجاری بوو، لە ئاستی سەرکردایەتیدا بووم، بەڵام لە شاخ سەرکردایەتی تەنیا بۆ پیاوان بوو.
  لەگەڵ ئەوەش، توانیم ببم بە یەکەم ژن کە پلەم بدرێتێ پلەی (کادیر)، لە سەرەتای 1983دا. هەر ئەو کاتەش زۆر جەرگبڕ بوو لام، کە بینیم پلەیەکی کەم و ناشایستە بوو، بەڵام جێی شانازیم بوو، چونکە ئەو بەربەستەم شکاند لە بەردەمی ژناندا بۆ وەرگرتنی پلە لە سیاسەت و پێشمەرگایەتیدا. هەروەها بەهۆی پشتگیری و پاڵپشتیی ئەو دووانە (مام جەلال و کاک نەوشیروان)، چ لە شار و چ لە شاخ؛ یەکەم ژن بووم هەر لە کۆنفرانسدا ئەو بڕیارەم رەتکردەوە کە هەر ژنێک بێتە شاخ بیبەنە راگەیاندن، یان ئەوەی پێشمەرگەکان پێیان دەوت "مقەڕی ژنان" و لەوێ دابنرێت. یەکەم ژن بووم نەک هەر خەباتی ناوشار بکەم، بەڵکوو پێشمەرگەی ناوشاریش بم، ئەرکی فێرکردنی چەک بەکارهێنانم پێ بسپێردرێت و کچە ئازاکانی ناوشار فێری بەکارهێنانی چەک بکەم بە چەکی خۆم و لە ماڵی خۆمدا لە سلێمانی، بۆ ئەوەی مەفرەزەی کچانی پێشمەرگەی ناوشاریان لێ دروست بکەین. یەکەم ژن بووم کە بەتەنیا لە مقەڕی پێشمەرگە پیاوەکاندا بووم، هەرگیز لە شاخ ماڵم دروست نەکردووە. یەکەم ژن بووم لە سەرەتای هەشتاکاندا بەتەنیا بچمە ناو مەفرەزەی پێشمەرگەکانەوە لە گەرمیان و بەشداریی شەڕیان لەگەڵ بکەم و شەوانە جەولەیان لەگەڵ بکەم بە ناوچەکاندا، نەک هەر لە سنووری چالاکیی تیپی 21ی کەرکوک، بەڵکوو لەوێوە گەڕامەوە بۆ پڵنگان و لە شەڕی بێتواتەش بەشدار بووم.
 یەکەم ژن بووم بە پلەی کادیرییەوە لە سەرکردایەتییەوە نێردرامە کەرتی رێکخستن و ئەرکی کادیریم پێ بسپێردرا لەناو لادێکان و ناو پێشمەرگەکان.
  یەکەم ژن بووم کە بەرپرسیارێتیی بەرپرسی مقەڕم پێ بسپێردرێت، بەڵام بێ ئەوەی ناونیشانی بەرپرسی مقەڕ یان جێگری بەرپرسی مقەڕم بدرێتێ، گەرچی بە کردەوە جێگری کاک فەرهاد بووم، کە بەرپرسی مقەڕ بوو لە کەرتی رێکخستنی دوکان. بە بێ دوودڵی مقەڕی بەسەردا بەجێدەهێشتم هەر کاتێک بڕۆشتایە بە ئیش یان بە مۆڵەت یان بە جەولە، من مقەڕم بەڕێوە دەبرد.خۆشحاڵم کە کاک فەرهاد ماوە و دەتوانن لێی بپرسن.
 لە رووی رۆشنبیرییەوە باوەڕم بە توانای تێگەیشتنی خۆم هەبوو، کە بووم بە سیاسیەتکار و پاشان بە پێشمەرگەی ناوشار و پاشان بە پێشمەرگەی شاخ، چ لە شار و چ لە شاخ دەمبینی و دەیانبینیم کە لە ئاستی سەرکردایەتیدا بووم، بەڵام وەک وتم، پلە بەرزەکان و سەرکردایەتی تەنیا بۆ پیاوان بوو.
 
 پێم وایە یادەرەوەی و چالاکییەکانی رۆژانی پێشمەرگایەتیت تۆمار کردووە، دەمەزێت یەکێک لەو بەسەرهاتانەی رۆژانەی پێشمەرگایەتیی خۆتمان بۆ بگێڕیتەوە...
ئەمە یادەوەری یەکێک لەو رۆژانەی پێشمەرگایەتی منە کە نووسیومەتەوە:
   ئەو رۆژە گەرمیان، لەناو چنگی دەشتە فراوانەکەیدا، نەرمەتۆزی دەئاڵاند لە پووزەوانە قاوەییە خورییەکانم، بە دامێنی شەڕواڵە کاڵ و خاکی و سادە هاوینەییەکەم، پووزەوانەکانم تەکاند.
پووزەوانەکانم دیاریی پێشمەرگەیەکی پیاو بوو، نزیکەی ساڵێک پێشتر پێکەوە لە ترۆپکی بەرزایی چیاکانی سەر سنوور لەگەڵ تیمێکی ژمارە زۆری پێشمەرگە، بەدوای وڵاخەکانەوە توولەڕێ باریکە نەناسراوەکانمان پەی دەکرد. هەر چەند کەسێکمان وڵاخێکی بە بارەوە پێ سپێردرا بوو پێش خۆی بدات و بیگەیەنێت تا کۆتایی رێگەکەمان. فێر بووبووین تاک تاک بە ریز دەڕۆیشتین و لە پەلەپەلیماندا لە دەربەندەکانی باوەشی چیاکان بازمان بەسەر تاشەبەردی گەورە گەورەدا دەدا و وڵاخەکە بەدواماندا دەهات.
 تا زوو بگەینە دامێنی چیاکان، کورتەڕێمان دەبڕی و لە چەم دەپەڕینەوە و گوندەکانمان یەک لە دوای یەک بەجێدەهێشت بێ ئەوەی ئاوێکی ساردی لێ بخۆینەوە، تەنیا لە هەندێکیاندا کە ناچار دەبووین لامان دەدا بۆ حەسانەوە. ئەو چەند رۆژەی لە سنوورەوە بارمان کردبوو، لەبەر هێرش و تۆپبارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابەزینە خوارەوە، لە بالیسیان خۆمان گرتەوە.
ئەو و من و ئەو تیمە پێشمەرگە زۆرە، لەو سەفەرەدا چەند رۆژێک بە پێ بەڕێگەوە بووین؛ باری خێمە، جیهاز، تەقەمەنی، چاپەمەنی و هەندێک کەلوپەلی تر لە پشتی وڵاخەکان توند بەسترابوون و چەند زیندانییەکیشمان دەگواستەوە، یەکێک لەوانە کاک رەفیق پشدەری بوو. زۆرینەمان ئەهلی شار بووین، تەمەنمان نەگەیشتبووە 25 ساڵان، وڵاخەکان لە زۆربەمان بەڵەدتر بوون، دەیانزانی چۆن لە لێژایی و لا رێ هەزار بە هەزارەکان دابەزن، پێمان لە شوێنپێی ئەوان گیر دەکرد تا بە سەدان مەتر نەخلسکێینە خوارەوە.
 ئەو کاتە بوو، پێشمەرگەیەک کە دواتر شەهید بوو، خەمی منی بوو، جووتێک پووزەوانەی خوریی قاوەیی نوێی دامێ، وتی: "ئەم پووزەوانانە بۆ تۆ، بن دەوەنەکان دووپشکیان تێدایە، دەتپارێزن".

ئەمڕۆ، لێرە تیشکی خۆر هێندە تیژە، رووناکیی دەباتە ناو تاریکترین کونجی بیرکردنەوەمەوە و لەبەریەکی دەترازێنێت، سەر روومەتەکانم بە خۆر سووتاون. چەند مانگێک پێش ئێستا، پێشمەرگەیەکی خوێنگەرمی گەرمیانی، کاک شێرزاد حافز، کە جێگری سەرتیپ بوو، بینیمی و قسەمان دەکرد کە کلێتەیەکی سەربازیی دامێ، وتی: "بۆ تۆ، بە زستان لە سەرما و بە هاوین لە خۆر دەتپارێزێت".
  هاتنم بۆ ئێرە، بە رێکەوت نەبوو، لەسەر داوای خۆم بوو، کە لە سەرەتای 1983 رەوانەی ناو مەفرەزەکانی گەرمیان کرام و تا ئەو کاتە هیچ پێشمەرگەیەکی ژنیان تێدا نەبوو. 

لە ئەزموونی باوکم و دایکمەوە لە سیاسەتکردنیان لە شەستەکاندا، کە بە راستی پێشمەرگەی ناوشار بوون، بە هەموو مەترسییەکەوە نەک هەر کاری رێکخستن و کۆبوونەوە، هەروەها لە خوێندنەوەی زانستی سەربازی، بنەمایەکی باشی زانینی سەربازیم پەیدا کردبوو. باوکم پێشمەرگەی شاخ نەبوو، سیاسیەتکارێکی سەربەخۆی کوردایەتی بوو، وەک زۆربەی کوردی شەستەکان؛ نەتەوەییەکی چەپ و لیبراڵی کورد بوو بە پرنسیپ، زۆری خزمەتی خەباتی کوردی کرد. منداڵیم پڕە لە یادەوەری زۆر بوێرانەی دایکم و باوکم لە سەرەتای شەستەکاندا. باوکم بە مووچەیەکی زۆر کەم، خانەنشینی سوپای عیراقیی پێش شەستەکانی سەدەی رابردوو بوو. پێش سیاسەت و پێشمەرگایەتی، بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی حەفتاکاندا، بە هەموو پرسی سیاسیی مێژووی دروستبوونی عیراقی ئاشنا کردبووم، زانستەکانی شەڕکردن، پلان و ستراتیژی شەڕ، تاکتیکی خۆپاراستن و بردنەوەی شەڕ لە باوکمەوە فێر بووبووم، چ لە سیاسەتکردنی سەرەتای شەستەکاندا و چ لە ئەزموونی پێشوەختەیەوە. تێی دەگەیاندم و هەموو ئەزموونی سەربازیی خۆی و باسی جەنگی بۆ گێڕابوومەوە لە بەسەرهاتی خۆی و هاوڕێکانییەوە.
لەبەر ئەوە، بێ سڵەمینەوە پاش ماوەیەک مانەوە لە سەرکردایەتی، داوام کرد بچمە ناو تیپە ئازاکەی 21ی کەرکوکەوە، کە بەردەوام لە هەناوی شەڕکردندا بوون، دواتر بینیمن کە بە راستی قارەمان بوون. لێرە تاقانە پێشمەرگەی ژنم لە ناو مەفرەزە ئازاکەی گەرمیاندا، هەر رۆژێک لە مەفرەزەیەکدا بە دێهاتەکاندا تێپەڕ دەبین، پیاو و ژن و منداڵیان دێنە سەر گوێسەبانەکان و بەر دەرگا، سەیرمان دەکەن، بەتایبەتی تێر سەیری من، چونکە ژنیان نەبینیبوو کڵاشینکۆفی بەشانەوە بێت و پێش پیاوەکان بکەوێت، شانبەشانیان بڕوات، مەخزەن و نارنجۆک و قەمەی بە کەمەردا شۆڕ بووبێتەوە. جارێکیان کە بە ناو دێیەکدا تێپەڕ دەبووین، کوڕێکی گەنج لەسەر دیواری حەوشەکەیانەوە بازیدایە خوارەوە و هاتە پێشەوە لێم، وەستام و سڵاوم لێ کرد، بە خۆشەویستییەوە وتی: "تۆ چەکت هەڵگرتووە شەرەفی ئێمە دەپارێزیت و ئێمەش لە ماڵەوە دانیشتووین، شەرمەزارین". پێم وت: "سەدان ساڵە ژن لە ماڵەوە دادەنیشێت و خزمەتی بەشە بچکۆلەکەی کۆمەڵگە دەکات کە خێزانە، قەیچێکە ئەگەر بەشێک لە پیاویش لە ماڵەوە دابنیشێت و خزمەتی هەر بەشێکی کۆمەڵگە بکات؟ تکایە بەوە شەرمەزار مەبە".
 کە بە شەو خۆمان دەکرد بەناو دێیەکاندا و لە یەکێک لە ماڵەکانیان لامان دەدا، خانەخوێ هەمیشە سەرەتا وەک پێشمەرگەیەکی پیاو مامەڵەم لەگەڵ دەکەن، لەو مامەڵەکردنەیاندا بە رەفتارەکانیان و کرانەوەیان شێوازێکی بەرزی گفتوگۆی نێوان پیاو و پیاویان دەردەخست لە باسکردنی سیاسەت، ترس، کێشە و خەمی خۆیان، ئەو دەیان بەربەستە ئەستوورەی کە لە شاردا بینیبووم لە نێوان ژن و پیاودا، لەوێ هەرەسیان دەهێنا. لەوەوە زیاتر تێدەگەیشتم ناو کۆمەڵگە و ژیانکردن و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی، ئەوپەڕی هێز دەبەخشن بە پیاو، هەر کارێک و هەموو کارێک زۆر ئاسانترە بۆ پیاو، بۆ هەر کارێک جگە لە ماڵداری و خێزانداری، سەد هێندە سەختترە بۆ ژن. هەموو جارێکیش دوای ئەوەی مام رۆستەم دەیکرد بە سوعبەت لەگەڵ خانەخوێکە و پێی دەوتن پێشمەرگەی ژنم، خانەخوێکان بۆ ماوەیەک دەحەپەسان.
لێرە، هەموو دەزانین ئەگەری کەمە بمێنین و بە شوێنێکدا دوو جار تێپەڕ ببینەوە. ئێرە گەرمیانە، دێ رووتەڵەکان رەنگی چوکلێتی پڕ شیر و شەکریان هەڵگرتووە. لێرە، هەموو رۆژێک تەپۆڵکەی خۆڵ، دامێنی خۆی کۆدەکاتەوە و ناز بەسەر دەشتاییەکاندا دەکات. باریکەڕێ تا دەخزێتە ناو ماڵەکان، تەپوتۆزەکان لوول دەکات و ناو لەپی دەشتە چۆڵەکەی پێ دەنەخشێنێت. لێرە، تیشکی گەرمی خۆر لەبری فەرش بەسەر رێگەدا رادەخرێت، هەتا چاوم بڕ دەکات رووناکە، دەبینم چۆن نەرمە لەرینەوەی هەوا خۆی لە تیشک دەئاڵێنێت لەبەر پێما و سەمایەکی گەرماوگەرم دەکات بەسەر شەقامە خۆڵەکەدا.
ئەو رۆژە، من و نزیکەی 30 تا 40 پێشمەرگەی ئەسمەری خوێنگەرم و ئازای بەئەدەبی گەرمیانی بووین، لەناویاندا چەند کادیرێکی سیاسی و دوو پیاوی تر: لێپرسراوی مەڵبەند لەگەڵ ئێمە بوو و بەسەردان هاتبوو، مام رۆستەمیش فەرماندەی تیپی 21ی کەرکوک بوو. ئەوانەی کە خەڵکی گەرمیان نەبوون و لەوێ بوون، هەر لەوان دەچوون، هەموو لە یەک دەچووین لەژێر خۆر و ناو تۆزی دەشتە پان و ئاوەڵاکانی گەرمیاندا. پیکابێکی سپیشمان پێ بوو کە زۆر دیار بوو، چونکە لە پشتی پیکابەکەدا تاکە "بی کەی سی"یەکەی تیپی 21ی کەرکوکی لەسەر بەسترا بوو. ئەو رۆژە هەموومان لە یەک دێی بچکۆلەی (2025) ماڵی لامان دا بەمەبەستی قسەکردن لەگەڵ پیاوماقوڵانی دێیەکە. زۆرینەمان بەسەر سێ ماڵیاندا دابەش بووین، لەوە دەچوو پێشتر خۆیان ئامادە کردبێت بۆ هاتنەکەمان و دەیانزانی دەچین.
دوای نانخواردن بوو، من و لێپرسراوی مەڵبەندی ئەوێ و مام رۆستەم و یەک دوو سەرکردەی مەفرەزەکان بووین لەو ژوورەدا کە نانمان لێی خواردبوو، چامان دەخواردەوە کە دەنگێکی تیژ بەسەر دێیەکەدا کشا. هەموو قسەکردنمان بڕی و سەیری یەکتریمان کرد بێ ئەوەی هیچ بڵێین، ئەو دەنگەمان چاک دەناسییەوە، دەنگی دوو فڕۆکەی سوخۆی رووسی بوو.
 خێرا رادیۆ سێ مەوجییە بچکۆلەکەی باوکم کە لە شار دایبوومێ تا گوێ لە هەواڵەکانی "بی بی سی" پێ بگرم، لە کیفی بەر پشتێنەکەم دەرمهێنا و خستمە سەر شەپۆلی "ئێف ئێم" و بەدوای وەرگرتنی دەنگی لاسلکیدا دەگەڕام کە پەیوەندییەکانی فڕۆکەوانەکەی دەگەیاند، هەر زووش گرتم. تەنیا گوێمان لە فڕۆکەوانەکە بوو کە بە عەرەبی قسەی دەکرد و لە رێی پرسیار و وەڵامەکانی ئەوەوە دەمانزانی ئەوانی تر لە بنکە زەمینییەکانی سوپای عیراق چی پێ دەڵێن. من لەگەڵ قسەکردنیاندا بۆم تەرجومە دەکردن، زمانی عەرەبیم زۆر باش دەزانی و دەرچووی "دواناوەندیی فریشتە" بووم، جگە لەوەش هاوینان لە کاتی پشووی قوتابخانەدا لە بەغدا لە ماڵی خوشکێکم دەمامەوە بۆ دۆزینەوە و کڕینی کتێبە سیاسییە قەدەغەکان لە کتێبخانەکانی شەقامی "موتەنەبی" بەمەبەستی خوێندنەوەیان.
 قسەی فڕۆکەوانەکانم خێرا بۆ ئەوانیش دەکرد بە کوردی و کەسمان هیچ گومانمان لا نەما کە تەواو پێیان زانیوین و پەلامارمان دەدەن.
لە یەکێک قسەکانیاندا، یەکێک لە دوو فڕۆکەوانەکە، لە بنکە زەمینییەکەی دەپرسی: گەورەم (سەیدی)، هیچ جەماعەتێکی خۆمان، لە فرسانەکانمان (جاشەکان) هەیە لەسەر خەتی... (ژمارەی هێڵەکانی سەر نەخشەکەیم بیرنەماوە)... ئەم ناوچەیە؟ هەندێک خشەخش، رستەی دوای ئەوەمان گوێ لێ نەبوو. دیسانەوە شەپۆلی دەنگەکانیانم دەگرتەوە، ئەم جارەیان دەنگەکە جیاواز بوو لەوی پێشوو، دیار بوو دەنگی فڕۆکەوانەکەی تر بوو:  دەڵێت لێیان بدەن، ئەوانە (گەواوید) خەڵکی خراپن، (موخەڕبینن) تێکدەرەکانن.
فڕۆکەکان خێرا خێرا دەگەڕانەوە و بەسەر دێیەکەدا تێدەپەڕین و پاشان بۆ چەند خولەکێک بێدەنگ دەبوون، هیچیان بەرنەدەدایەوە و تەقەیان نەدەکرد، هێشتا زانیارییان کۆ دەکردەوە. ئیتر کات و بیرکردنەوەمان، بەخێراییەکی سەرنجڕاکێش تێدەپەڕین، تەنیا ترسی مەرگ مێشک دەخاتە سەر ئەو حاڵەتە، هەموو پڕ بووبووین لە جموجووڵ، پێشمەرگەکان هەموو دەهاتن و دەچوونەوە دەرەوە، خەریکی ئاگادارکردنەوەی دێیەکە و یارمەتیدانیان بوون چۆڵی بکەن و دوور بکەونەوە.
بە هەست و سەری پەنجە وا دەگەڕام بەدوای وەرگرتنی شەپۆلی دەنگی لاسلکییەکەیان، بەئاگا نەبووم لەوەی لێپرسراوی مەڵبەند ژوورەکەی بەجێهێشتبوو لەگەڵ یەک دوو پێشمەرگەیدا، کە سەرم هەڵبڕی، بینیم مام رۆستەم لە دیوی دەرەوەی بەر دەرگای ژوورەکەدا قسەی دەکرد لەگەڵ یەک دووانێکدا. دیسانەوە شەپۆلی دەنگی لاسلکییەکەم گرت پێش ئەوەی دەنگی سوخۆکان بێت و تێپەڕن، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان دەیوت: "گەورەم (سەیدی)، ئۆتۆمبێلی لێیە، پاشنیوەڕۆیە خۆیان نابینم، خوارەوە باش نابینین، هەلیکۆپتەر بنێرن بۆ یارمەتیمان، هێلیکۆپتەر زۆر پێویستە". فڕۆکەکان لەگەڵ دەنگیاندا زوو دوورکەوتنەوە و گوێم لە تەواوی قسەکانیان نەدەبوو.
 ژوورەکە و رادیۆکەم بەجێهیشت تا بەوانی تر بڵێم ئێمەش بچینە دەرەوەی دێیەکە و شەڕ بکەین، گەر بمێنینەوە لە ناو دێیەکەدا، هەموومان دەکوژن و گەر بچینە دەرەوەی دێیەکە و شەڕ بکەین، هەندێکمان دەکوژرێین. مەترسییەکە هێندە زۆر بوو لەسەرمان، هەستم دەکرد هەر چرکەیەک هێندەی خولەکێک دوای دەخستین لە هەر خۆئامادەکردنێک بۆ بەرگری لە ژیانمان. لە بەرهەیوانەکە بەخێرایی مام رۆستەمم ئاگادار کرد کە فڕۆکەوانەکان داوای یارمەتی و هەلیکۆپتەریان کردووە، ئەو یەک دووانە لە سەرکردەی مەفرزەکانیش کە لایەوە وەستابوون، گوێیان لێم بوو، ئەوان وتیان: "هەر ئێستا پیکابەکەمان بردووەتە ژێر پردەکە و شاردمانەوە، خەڵکەکە دێیەکەیان چۆڵ کردووە و پێشمەرگەکان یارمەتییان دەدەن دوور بکەونەوە لە دێیەکە، خۆیان و ژن و منداڵ و ماڵاتیان دەرباز کردووە، هەر خۆمان ماوین لە ناو دێیەکەدا". کە لای ئەوانەوە وەستا بووم، سەیری حەوشەکەم کرد، لێپرسراوی مەڵبەند کە پیاوێکی بەئەدەب و میهرەبان بوو، بانگی دەکردم. بە پلیکانەکاندا هاتمە خوارەوە بۆ ناو حەوشەکە و نزیک بوومەوە، وتی: "ئەوا خۆی هات". ئینجا رووی کردە من و وتی: "وەرە هاوڕێ رابی (ناوی خاتوو "رابی" دایکمم هەڵگرتبوو لە شاخ، لەبەر ئەوەی ئەو لە شەستەکاندا ژنە سیاسیەتکاری ناوشار بووە و ژنێکی کارای حزبیی بووە ئەو کاتانەی کە هەموو لە یەک حزبدا بوون) وەرە، داوای تۆم لێ دەکەن، دەمەوێت گوێت لەمە بێت بۆ ئەوەی ئیتر رەخنەمان لێ نەگریت و بڵێیت بۆ پێشمەرگەی ژن نانێرنە ناو مەفرەزەکان و نایانکەن بە فەرماندەی شەڕەکان؟"
لەناو دەرگای حەوشەی ماڵەکەدا بینیم سێ کەس لە پیاوماقوڵانی دێیەکە لەگەڵ دوو لە خانمە هاوسەرەکانیان لەناو دەرگاکەدا وەستا بوون و لەگەڵ خەڵکی دێیەکە نەڕۆیشتبوون، سوور بوون لەسەر ئەوەی بە بێ من ناچنە دەرەوەی دێیەکە. هەر کە منیان بینی، روویان گەشایەوە و رووی قسەکردنیان کردە من و لێپرسراوی مەڵبەند، بەڵام پیاوەکان داواکەیان هەر لە بەرپرسی مەڵبەندەکە دەکرد و دەیانوت: "تکا دەکەین، با ئەم پێشمەرگە ژنە لەگەڵ ئێمە بێت بۆ دەرەوەی دێیەکە، شەڕێکی زۆر قورس دەبێت، توخوا با ئەو تاقە ژنە پێشمەرگەیە نەکوژرێت". ژنەکانیان هیچ قسەیان نەکرد و بە رووخساریاندا دیاربوو کە هاوڕای هاوسەرەکانیان بوون و بەمیهرەبانییەوە چاوەڕێی وەڵام بوون.
 بەرپرسی مەڵبەند رووی تێ کردم و وتی: "خۆ گوێت لێ بوو؟ ئەوە سەد جاریان تەکلیف کردەوە، ئیتر رەخنەمان لێ نەگریت لەسەر دەوری ژن و چۆنێتی بەشداریکردنیان لە شۆڕشدا، ئەوان پێیان وانییە تۆ دەبێت شەڕ بکەیت". دۆخەکە کاتی موناقەشە نەبوو و هیچم نەوت، هەردووکمان سوپاسمان کردن بۆ خەمخۆرییان و پێکەوە وتمان: "ئێوە بڕۆن و خەمی ئێمەتان نەبێت".
 کە ئەوان رۆیشتن، ئێمە چووینەوە ژوورەوە، ئیتر ژوورەکە لە دیوەخانی نانخواردنەوە بەتەواوی گۆڕابوو، بووبوو بە ژووری فەرماندەکردنی شەڕ و لە حەوشەکەدا پێشمەرگە دەهاتن و دەچوون و خۆیان رێک دەخست. بەرپرسی مەڵبەند پێداگربوو لەوەی بەهیچ جۆرێک شەڕ نەکەین، وتی: "هەندێک پێشمەرگە پیکابەکەیان دەرباز کردووە، بەڵام (بی کەی سی)یەکە هەر بەسەر پیکابەکەوەیە، مەجالیان نەبووە لێی بکەنەوە، بە چی شەڕیان لەگەڵ بکەین؟"
 هەموو بڕیاری "شەڕنەکردن لە ناو دێ"مان پەسەند کردبوو، پەیڕەومان دەکرد، لەبەر ئەوە وتم: "با بچینە دەرەوە لە ماڵەکان و شەڕیان لەگەڵ بکەین، ئەوان هەر بینییان زۆرین، دەڵێی شانەی هەنگوینیان دۆزیوەتەوە، لێمان ناگەڕێن، تازە کار لە کار ترازاوە، ئێمە دەستمان زاڵ نییە و هێرشبەر نین، نە پلانمان هەیە و نە هیچ، پێوەبووین، لە یەک دوو خولەکدا هەموومان بە دوو سێ مووشەک لەناو دەبەن، ئەگەر ئاوا بە کۆ بمێنینەوە و بڵاوە نەکەین لە دەوروبەری دێیەکەدا".
 مام رۆستەم هاوڕا بوو، وتی: "راستە، ئەمڕۆ (ئاڕ بی جی)مان پێ نییە، بەس من دەڵێم مادام هەر دەمانکوژن، با شەڕ بکەین تا ئەو کاتە". مام رۆستەم ناوچەکە باش شارەزا بوو، هەروەها دەوروبەری دێیەکەش، جگە لەوەی پلاندانەرێکی باشی شەڕ و بەئەزموون بوو، دەیتوانی پلانێکی ناچاریی بە یەک دوو خولەک بەپەلە دابڕێژێت.
هێرشبەر بووینایە یان نا، چەکی قورسمان هەر نەبوو، بەتایبەتی دژ بە فڕۆکە... گرنگترین چەکمان؛ ئازایەتی و بوێریی خۆمان بوو. ئەوکات هەموو چەکی هێزی پێشمەرگە، بریتی بوو لە: بڕنەو، دەمانچە، ژێ سێ، ویزە، کڵاشینکۆف، نارنجۆک، هەندێک (ئاڕ بی جی) و تەنیا سێ (بی کەی سی). ئەگەر پێشتریش خۆمان ئامادە بکردایە و ئێمە هێرشبەریش بوویانە لەم شەڕەدا، بە چەک دەرەقەتیان نەدەهاتین، هەر دەبوایە بە تاکتیکی شەڕ لێمان ببردنایەتەوە.
من و مام رۆستەم هەرچەندمان کرد نەمانتوانی قەناعەت بە لێپرسراوی مەڵبەند بکەین، ئیتر مام رۆستەم پەلاماری کڵاشینکۆفەکەی خۆی دا و وتی: "من بەتەنیا دەڕۆم و شەڕ دەکەم، نامەوێت لەناو ماڵەکاندا ئا بەم جۆرە بکوژرێم"، ئەو هێشتا قسەکەی تەواو نەکردبوو، من پەلاماری کڵاشینکۆفەکەمم دا و رێک بەدوایدا وەک تیر دەرپەڕیم.
لە دواوە گوێم لە دەنگی بەرپرسی مەڵبەند بوو دەیوت: "هاوڕێ رابی! تۆ بڕۆیت، چەکت دەکەم"، بە بێ ئەوەی ئاوڕ بدەمەوە وتم: "ئەگەر نەکوژرام و گەڕامەوە، تۆ چەکم بکە".
"سەرکێشی"م بەدڵ بوو لە پێشمەرگەکاندا لە کاتی گونجاودا، پیاوە سەرکێشەکان هەمیشە پیاوی ئازان، باوکم یەکێک بوو لەو پیاوە سەرکێشانەی خۆشم دەویستن. خۆماتدان و شەڕنەکردن بۆ هەموو حاڵەتێک گونجاو نییە، هەموو کەسە ئازاکان لە کاتی پێویستدا سەرکێش بوون. دەمزانی کە شەڕکردن دوایین چارەسەری نەخوازراوە، بەڵام کردەوەیەکی گونجاوە لە کاتی بەرگری لەخۆکردندا، دەمزانی لە دووڕیانی حاڵەتی "مان و نەمان"دا شەڕ خۆی فەرز دەکات و دەبێت بە پێویستی بۆ مانەوە لە ژیاندا.
مام رۆستەم رای دەکرد و من بەدوایەوە، بازمان دەدا بەسەر سەربانی ماڵەکاندا کە نێوانیان بە مەسافە وا نەبوو بەئاسانی نەتوانین باز بدەین و لە سەربانێکەوە بپەڕینەوە بۆ سەربانێکی تر، سەربانی گەووڕێک زۆر نزم بوو، لەوێوە دابەزینە کۆڵانێکەوە و بەرەو دەرەوەی دێیەکە بەدوایدا رامان دەکرد، نازانم ترس بوو یان خۆشیی، راکردنی هەردووکمان زیاتر لە فڕین دەچوو، پێمان زەوی نەدەگرت، لە لە چاوترووکانێکدا لە دەرەوەی دێیەکە خۆمان بینییەوە. لەو راکردنەدا، ئاگام لەوە نەما چەند پێشمەرگەی تر بەدواماندا هاتبوون یان نەهاتبوون، چی روویدابوو دوای بەجێهێشتنی ماڵەکە، کەسی تێدا مابووەوە یان هەموو هاتبوونە دەرەوەی دێیەکە، کەسی تر شەڕی دەکرد یان هەر من و مام رۆستەم بووین؟
 خۆم لە پشتەوەی بینای خانوویەکی قەراغی دێیەکەدا بینییەوە، بە بەردەمیدا چەمێک تێدەپەڕی، گیا لە دەوروبەری چەمەکەدا بەرز هەڵچووبوون و تێکەڵ بە هەندێک نەمامی تازە چێنراو بووبوون. فڕۆکە سوخۆکان دەنگیان نەما، ئاگام لە مام رۆستەم نەما و تەنیا دەنگی تەقەکردنی دەهات. بەپێی دەنگی تەقەکانی، مام رۆستەم لەولای خانووەکەوە بوو، بۆیە نەمدەبینی، نەمدەزانی تەقە لە چی دەکات، خەمم بوو جگە لە ئاسمان لەسەر زەویشەوە هێرشمان کرابێتە سەر. لە تەنیشتمەوە کۆمەڵە خۆڵ و خاشاک و بەردی پاشماوەی بیناکردن بەش بەش کەڵەکە کرابوون، لە نێوانیاندا هەڵتروشکام و کڵاشینکۆفەکەم لەسەرپێ بوو و پەلەپیتکەکەم ئامادە، بەڵام چونکە کەسم نەدەبینی، نەمدەویست لەوێ بەتەنیا بمێنمەوە، هەستام بە پشتی خانووەکەدا رۆیشتم سەیری قەراغی دێیەکەم کرد.
هێشتا گوێم لە دەنگی هەناسەبڕکێی خۆم بوو، گیابەرزەی ناو سەوزاییەکەی بەردەمی خانووەکە کەروێشکەیان دەکرد، هەتا من نزیکتر دەبوومەوە؛ لەرینەوەی گیا سەوزەکە زیاتر دەبوو، لەگەڵیدا هەلیکۆپتەرێک بەسەر چەمەکەدا نزیک دەبووەوە و بەرەو رووم دەهات، هێندە نزم بوو شەپۆلی لەسەر ئاوی چەمەکە و کەروێشکەی لە سەوزایی دەم چەمەکەدا دروست کردبوو.
 بە راکردنێک کە لە بازبازێن دەچوو، چەند مەترێک گەڕامەوە بۆ ناو کۆمەڵە خاشاک و بەردەکان و لە نێوانیاندا خۆم لەسەر دەم بە زەویدا دا و کڵاشینکۆفەکەم خستە ژێر خۆم بۆ ئەوەی نەبریقێتەوە و فڕۆکەوان و سەربازە سەرنشینەکانی هەلیکۆپتەرەکە نەیبینن و شوێنەکەم ئاشکرا نەبێت. بە چرکەیەک هەلیکۆپتەرەکە بە لای مندا تێپەڕ بوو، هەر لە شوێنی خۆمەوە و بە راکشاوی چەکەکەم لە بن خۆم دەرهێنا و قۆناغەکەیم نا بە شانمەوە، رووی لوولەی کڵاشینکۆفەکەم کردە دواوەی هەلیکۆپتەرەکە و بە دڵی خۆم پەنجەم توند کرد لێی و فیشەکبارانم کرد.
 کۆپتەرەکە کەمێک لە من دوور کەوتبووەوە، بە ئاسمانەوە وەستا و دوور نەبوو، وامزانی بینیمی و بۆ من دەگەڕێتەوە، کە زانیم مەجالم نییە شوێنەکەم بگۆڕم، ئیتر دەنگی دڵم خۆی لە دەنگی تەقەکردن دەچوو، هەتا دواهەناسە بەتەما نیت بمریت گەرچی سوور بشزانیت دەکوژرێیت. خێرا ئەو مەخزەنەم دەرهێنا کە بەکارمهێنابوو و مەخزەنێکی ترم خستە سەر کڵاشینکۆفەکەم، لە شوێنی خۆم مامەوە، چاوەڕێم دەکرد هەلیکۆپتەرەکە یان بگەڕێتەوە سەرم و بمکوژێت، یان بە لایەکی تردا بڕوات، بەڵام هەلیکۆپتەرەکە نەگەڕایەوە بۆ کوشتنی من و بە لایەوە گرنگ نەبوو.
 گوێم لێی بوو و چاویشم لە گڕی هاویشتنی بوو کە لەسەر لا و یەک لەسەر یەک مووشەکی دەهاویشت بۆ ژێر پردەکە، چەند زرمەیەکی لەژێر پردەکە هەڵسان، ئەو پردەی کە پێشمەرگەکان پیکاب و (بی کەی سی)یەکەیان لەژێردا شاردبووەوە. هەلیکۆپتەرەکە کە هاتبوو، هەواڵی لە سوخۆکانەوە وەگرتبوو، کە وەستابوو، بەتایبەتی سەرنجی لەسەر ئەوێ بوو. زانیم هەلیکۆپتەرەکە منی نەدیوە و سەرقاڵی ژێر پردەکەیە، دەستم کردەوە بە تەقەکردن لێی، من هەر تەقەم لێ دەکرد و ئەو هەر لە شوێنی خۆیدا بە ئاسمانەوە وەستا بوو، گەرچی دەستڕاست بووم و ئەویش تەنێکی زل بوو بە ئاسمانەوە، مەخزەنێکی تریشم تیا بەتاڵ کردەوە، هیچ خەمی منی نەبوو.
ئەو رۆژە لەو شەڕەدا بە ئەزموون تێگەیشتم کە چەکی ئێمە بەگشتی و چەکەکەی دەستی من "کڵاشینکۆف" بەتایبەتی، لاوازە و بەکەڵکی پوولێک نایەت لە بەرانبەر فڕۆکەدا.
لەبەر دەنگی تەقەی کڵاشینکۆفەکەی خۆم و مووشەک هاویشتنی هەلیکۆپتەرەکە، گوێم لە هیچی تر نەبوو. هەلیکۆپتەرەکە رۆیشت و هیچی لێ نەهاتبوو، نە بای دیبوو نە باران. گوێم کرایەوە، گوێم لە دەنگی پێشمەرگەکان بوو لە پاش دەنگی دوو سوخۆکە کە بۆ دواجار بەسەرماندا تێپەڕین. یەکێکیان هاواری دەکرد: "پیکابەکە، پیکابەکە گڕی گرتووە، ئەو (بی کەی سی)یە رزگار بکەن بەسەر پیکابەکەوەیە".
 ئەو رۆژە (بی کەی سی) رزگار کرا و پیکابەکەش تا سەر ئاسنەکانی سووتا بوو و بوو بە قەرەبرووت لەژێر پردەکەدا. بریندارمان هەبوو، ئەوانەی (بی کەی سی)یەکەیان رزگار کرد، دەستیان سووتابوو بە گڕی پیکابەکە، لەبیرم نەماوە شەهیدمان هەبوو یان نا، بەڵام تەنیا من و مام رۆستەم شەڕمان دەکرد و هەردووکیشمان لە ژیانداین. 

 

تا ئێستا لەوبارەیەوە لەگەڵ مام رۆستەم قسەت کردووەتەوە؟
چەند ساڵێک لەمەوبەر، کە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ مام رۆستەم کرد، هەر وەکوو خۆی پیاوێکی بەویژدان و بەماریفەت و بەئەدەب مابووەوە، لە نێوان قسەی تردا باسی ئەو شەڕەم کرد و وتم: "ناوی ئەو دێیەم لەبیر نەماوە، ناوی چی بوو؟" وتی: "لەم کاتەدا ناوەکەیم لەبیر نییە، دەزانم گلەییت کردووە ناوت لە بیرەوەرییەکاندا نەهێنراوە، بەس من وەک شەخسی خۆم هێشتا بیرەوەرییەکانمم نەنووسیوەتەوە."
مام رۆستەم راست دەکات، گلەییم کردبوو کە پێشمەرگە دێرینەکان زۆر غەدریان لە من کردووە لە نووسینەوەی مێژوودا، باسی منیان نەکردووە، یان وەک پێویست نەیانکردووە لە بیرەوەرییەکانیاندا. 
 
 *ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.
Qaiwan
Qaiwan