نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

لێکەوتەکانی خۆڵبارین لەسەر ژینگە

لێکەوتەکانی خۆڵبارین زۆربەی کات نەرێنین لەسەر تەندروستی مرۆڤ و بوونەوەرەکان، هەروەها لەسەر ئابووری و ژینگە، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەم لەسەر ئاستی ئیقلیمی و جیهانی. لە کاتی خۆڵبارین، گەردیلەکانی خۆڵ گەردیلەی مادەی پیس و دژی ژینگە هەڵدەگرن، وەک: کانزا قورسەکان و پێکهاتە ژەهراوییەکانی (دژی مێرووەکان و کبریت)، بەرزیان دەکاتەوە و دەیانگوێزێتەوە و راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژینگە دەبێت، بەم شێوەیەی خوارەوە:
- پیسبوونی هەوا بە تەنە هەڵواسراوەکان کە گەردیلەی تۆز لەگەڵ باهۆزی خۆڵ هەڵیدەگرێت و وا دەکات هەوای ناوچەکە ناتەندروست بێت.
- زیان بە رووەکە سروشتییەکان و بەروبوومی کشتوکاڵی، بەتایبەتی گەنم، دەگەیەنێت و دەبێتە هۆکار بۆ وشکبوونیان، لە باشترین حاڵەتدا گەشەکردنیان دوادەخات.
- کاریگەری لەسەر ژیان و تەندروستیی بوونەوەرەکانی ناو زەریا و دەریا و رووبارەکان هەیە، ئەو چینە چڕە خۆڵەی بە ئاسمانەوەیە، دەبێتە هۆی رێگریکردن لەوەی تیشکی خۆر بگاتە ژێرەوەی زەریا و دەریا و رووبارەکان.
- بەرزبوونەوەی تۆز بۆ سەرەوە بەهۆی خۆڵبارینەوە تا ئاستی نزیکبوونەوەیان لەگەڵ هەور، دواتر لەگەڵ گەردیلەکانی هەڵمی ئاو یەکدەگرن و هەورێکی خۆڵاوی دروست دەکەن، بەپێی شوێن و قەبارەی گەردیلەکانی تۆز، ئەو یەکگرتنە دەگۆڕێت و دەگوێزرێتەوە و زۆربەی جار دەبێتە هۆکار بۆ بارینی بارانێکی قوڕاویی، بەتایبەتی لە وەرزی باران گۆڕانکاری لە رێژەی بارانباریندا دەکات.
- رێگرە لە گەیشتنی تیشکی سەرووی وەنەوشەیی کە لە خۆرەوە بۆ سەر زەوی دێت.
- ئەو تۆزە زۆرەی لە بۆشایی بەرگەهەوادا پەیدا دەبێت، لە دیاردەی قەتیسبوونی گەرما دەچێت، گەردیلەکانی تۆز تیشکی خۆر هەڵدەمژن و رێگر دەبن لە گەیشتنی ئەو وزە پێویستەی کە دەبێت بگاتە سەر زەوی و کەمی دەکەنەوە، هەروەها ئەو تیشکانەی لە زەوییەوە بەرەو سەرەوە دەڕۆن، پەرت و بڵاوی دەکاتەوە بەهۆی گەردیلەکانی تۆز و پێکهاتە کیمیاوییەکەی و شێوە و قەبارەی لە بەرگەهەوادا و دەبنە هۆی دانەوەی تیشکی شەپۆلە درێژەکانی سەر زەوی.
- کاریگەری خراپی لەسەر شەتڵ و ئەو رووەکە بچووکانەی لە سەرەتای گەشەکردندان هەیە و دایاندەپۆشێت و ناهێڵێت رۆشنەپێکهاتن بکەن، کە زۆربەی جار دەمرن یان لە گەشە دەوەستن و دوادەکەون.
- هەندێک جار دەبێتە هۆکار بۆ داخستنی هەندێک لە کەناڵە ئاودێرییەکان بەهۆی نیشتنی خۆڵ تێیاندا و کاریگەری دەبێت لەسەر جۆری ئاو و ئاودێری و جۆگە و رووبارەکان.
- گۆڕانکاری لە پێکهاتە و شێوەی خاکدا دەکات؛ باهۆزەکان، خۆڵ و لم لەسەر رووی بیابان بەتەواوی لا دەبەن و رووتی دەکەنەوە لە خۆڵ و رووەکی بیابان بەئەستەم دەتوانێت شین ببێت، بەتایبەتیش لە حەوزی بۆدلی و لە نێوان سنوورەکانی مۆریتانیا، مالی و جەزائیر، ئەمەش دەبێتە هۆکاری زیادبوونی خۆڵبارین. ماوەی 50 ساڵە ئەم دیاردەیە روو دەدات و ئێستا دە هێندە زیادی کردووە، کە بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی ئەستووریی خۆڵ لە بەشی سەرەوەی خاک، بۆ نموونە؛ لە شەستەکاندا لە مۆریتانیا، لە ساڵێکدا دوو باهۆز دەبوو، بەڵام ئێستا 80 جار دەبێت.
- ئەو خۆڵەی لە بیابانەوە بەرەو رۆژئاوا دەچێت، بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا دەڕوات، وا دەکات بیابان لە رۆژدا زۆر گەرم بێت و تا بڕوات بەرەو رۆژئاوا، گەرمتر دەبێت، کە دەگاتە سەر زەریای ئەتڵەسی، بەسەر بەرگێکی هەوای سارد و شێداردا دەڕوات و وا دەکات تیشکی گەرمی ئاو بەرەو سەرەوە نەڕوات و دەبێتە هۆکار بۆ ناجێگیریی پلەی گەرمی ئاوی زەریاکان و زیان بە زیندەوەرە ئاوییەکان دەگەیەنێت.
- خۆڵی کانزایی کە بەهۆی باهۆزی خۆڵاوییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ بەرگەهەوا، رۆڵێکی گەورە دەبینێت لەسەر کەشوهەوای جیهان بەهۆی مژین و دانەوەی گەرمی و تیشک.
- هەڵاڵەی بارگاوی بە ڤایرۆسی زیانبەخش دەگوێزێتەوە کە زۆر جار دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئاژەڵ و باڵندە و سەگ و پیشلەی ماڵیی.
- کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەی باڵندەکان هەیە بەهۆی لاوازیی پێکهاتەکەی.
 
لەگەڵ ئەم کاریگەرییە خراپانەش، خۆڵبارین هەندێک کاریگەریی باشیشی هەیە لەسەر ژینگە، بۆ نموونە:
- ئەو خۆڵەی لە بیابانی گەورەوە بەرەو دارستانە باراناوییەکان دەڕوات، خاکی ئەو ناوچەیە بەپیت دەکات.
- باهۆزی خۆڵ لەگەڵ خۆی هەڵاڵە و تۆوی جیاواز لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی جیاواز دەگوێزێتەوە.
- ئەو گەردیلە تۆزانەی کە هەڵگری ئاسن و فسفۆڕن و دەکەونە ناو ئاو، ئەو زیندەوەرانەی پێویستیان بەو دوو مادەیە هەیە، سوودی لێ دەبینن.
- رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە کردارەکانی بیۆکیمیاوی لە جیهاندا و سەرچاوەیەکی گرنگی ئاسنە بۆ زۆرێک لە دەریا و زەریاکان و خۆراکی بەشێک لەو بوونەوەرانەیە، وەک: کەڕوو. لە هەمان کاتدا رۆڵ دەبینێت لە سووڕی کیمیایی پێکهاتەکانی نایترۆجین و کانزای تر.
- خۆڵی خۆڵبارین، چەندین مادەی (ئەندامیی)ی تێدایە، وەک: ئاوێتەکانی کاربۆن، کە کاریگەری لەسەر سروشتی بیۆلۆجی و فیزیایی و کیمیایی خاک هەیە.
 
لەگەڵ ئەمانە هەمووی، لە راستیدا خۆڵبارین یەکێکە لە کۆی گشتیی سیستمی ئایکۆلۆژی و رۆڵێکی گەورەی هەیە بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ئەو سیستمە، ئەو سیستمانەش سروشتین، بەڵام مرۆڤ بەهۆی کردارە دژەژینگەییەکانییەوە بووەتە هۆکار بۆ زیادبوون و کەمبوونەوەی رێژەکەی و تێکدانی ئەو سیستمانە.

خ.غ
 
  
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan