نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان

توندوتیژیی دژ بە کچان و ژنان، یەکێکە لە گەورەترین و بڵاوترین پێشکاریی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، رۆژانە و بەردەوام چەند بارە دەبێتەوە.
بەپێی چەند ئامارێک، لە هەر سێ ژن ژنێک رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە. ئەم ئامارە جێی سەرنج راکێشان و سەرسامییە، ئەم توندوتیژییانە و جۆرەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە نالەبارەی کۆمەڵگە تێیدا دەژی لە رووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، رۆشنبیری و تێگەیشتنی هەڵە لە ئایین و باری دەروونیی تاک و کەسایەتییان. 
توندوتیژی دژی ژنان، ئەو کردەوانە دەگرێتەوە کە ئامانجیان زیانگەیاندنە بە ژن بەشێوەیەکی گشتی، هەم لە رووی جەستەییەوە، هەم لە رووی دەروونییەوە. هەندێک جار توندوتیژیی جەستەیی دەبێتە هۆی زامداربوونی مەترسیدار و رەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ مردن. کەم ژن هەیە رووبەڕووی توندوتیژی نەبووبێتەوە لەلایەن کەسێکەوە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانی. 
 
جۆرەکانی توندوتیژی:
یەکەم: توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی (جێندەری):
توندوتیژیی جێندەری، بەو کردەوە زیانبەخشانە دەوترێت لە دژی تاک، یاخود کۆمەڵێک لە ئەندامان لەسەر بنەمای جێندەری دەکرێن. ئەو جۆرە توندوتیژییە بەهۆی نایەکسانیی جێندەری و بەکارهێنانی دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە روو دەدەن، هەروەها بەهۆی پێکهاتەی جەستەیی و توانای هێزەوە کاتێک ئەو توانا جەستەییە بەشێوەیەکی خراپ بەکار دەهێنرێت.
 
دووەم: توندوتیژیی دەروونی و زاراوەیی:
هەموو ئەو رەوشتە توندوتیژانە دەگرێتەوە کە زیان بە هەست و سۆز و باری دەروونیی ژنان دەگەیەنن و چەندین جۆر کێشە بەدوای خۆیاندا دەهێنن، لەوانە: کێشەی تەندروستی، کە هەندێک جار دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ژنان لە ناخیاندا خۆیان بەکەم بزانن. ئەم ئازارە دەروونییە، بە چەندین رێگە دروست دەکرێت، لەوانە: گومان لە رەوشتی ژنان، چاودێریی بەردەوامیان، بەکەمزانینیان، کەمکردنەوەی رێزگرتنیان، سووکایەتی، گاڵتەپێکردن، قسەی نەشیاو و بێبەشکردنیان لە سەرچاوەکانی ئابووری.
 
سێیەم: توندوتیژیی جەستەیی:
ئەو کردەوانە دەگرێتەوە کە ئامانجی گەیاندنی زیانە بە جەستەی ژن. هەندێک جار دەبێتە هۆی زامداربوون و زامدارییەکەش رەنگە ببێتە هۆی مردن. بەپێی توێژینەوەیەکی تازە، بە رێژەی لە سەدا دە بۆ لە سەدا شەست (کە بەپێی ناوچە و کۆمەڵگەکان رێژەکە دەگۆڕێت)، ژنان لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا لەلایەن هاوژینەکانیانەوە رووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی دەبنەوە.
 
چوارەم: توندوتیژیی ئابووری:
لەو جۆرە توندوتیژییە باوانە ئەوەیە، ژن بێبەش دەکەن لەوەی پارەیەکی گونجاو لەبەردەستیدا بێت بۆ بژێوی و پێداویستییەکانی ژیانی، یاخود دەستبەسەرداگرتنی ئابوورییەکەی کە مافی خۆیەتی، لەلایەن پیاوانی خێزانەوە. بۆ نموونە؛ ئەو پارەیەی دەخرێتە بەر دەستی کوڕ لە خێزاندا، زۆر زیاترە لەو پارەیەی کە لەبەردەستی کچدایە، بە هەمان شێوە، ئەوەی لەبەر دەستی پیاودایە زۆر زیاترە لەوەی لەبەر دەستی ژندایە.
 
پێنجەم: توندوتیژی بەرانبەر کەسە بەتەمەنەکان:
کەسانی بەتەمەن رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی کە پێویستیان بە هاوکاریی جەستەیی، تەندروستی و ئابووری هەیە لەلایەن کەسە نزیکەکانیان، یاخود بەرپرسەکانیان لە دامەزراوەکانی خەڵوەتگەی پیری. ئەو جۆرە توندوتیژییە شێوازی جیاواز بەخۆوە دەبینێت، وەک: گوێنەدان بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان، قسەی توند و رەق و نەشیاو، رێزلێنەگرتن، کە هەندێک جار دەگاتە وەدەرنانیان لە ماڵەکانی خۆیان، لەم رووەشەوە توندوتیژی دەرحەق بە ژنان زیاترە لە پیاوانی بەتەمەن.
 
شەشەم: توندوتیژیی سیاسی:
ئەم جۆرە لە توندوتیژی، دەرحەق بەو ژنانە دەکرێت کە دەیانەوێت لە بواری سیاسیدا کار بکەن، هەندێک جار ئەو ژنانەی لە بواری سیاسی و ئیداریدا کار دەکەن، رووبەڕووی چەند جۆرێک لە توندوتیژی دەبنەوە، وەک: توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی، سێکسی و رێگەگرتن لە هەڵسان بە رۆڵ و بەرپرسیارێتییان... زۆربەی جاریش ئەو کارە لەلایەن کەسە نزیکەکانیان، یاخود رکابەرەکانیانەوە دەکرێت.
 
حەوتەم: توندوتیژی بەرانبەر بە ژنانی کەمەنەتەوایەتی و ئایینە جیاوازەکان:
ئەم توندوتیژییە، زۆربەی جار لە کاتی شەڕ و داگیرکاریدا دەبینرێت، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ژنان دەبنە قوربانیی سەرەکیی بەهۆی فڕاندنیان، یاخود لاقەکردن وەک ئەوەی دەرحەق بە کچان و ژنانی ئێزیدییەکان کرا، یاخود ئەوانەی لە شەڕەکانی نێوان وڵاتان دەکرێت.
 
 
 
 
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan