نەرمین عوسمان
پەروەردە و دادپەروەریی خێزانی
زۆرێک لە تیۆر و رەوتی مێگەرایی هەن پێیان وایە نابێت دەستکاریی تایبەتمەندییەکان بکرێت، ئەویش بە بیانووی تایبەتمەندێتیی نەریتە باوەکان، بۆ نموونە؛ کاروباری ناو خێزان. خێزان؛ هەستیارترین یەکەی کۆمەڵایەتییە، رەنگە هەندێک بابەت هەبن کە زۆر تایبەت بن، بەڵام لەناو خێزاندا دەسەڵات هەیە و پەیڕەو دەکرێت، بۆیە ناکرێت ژیانی خێزانی و تاکەکانی لە دەرەوەی بازنەی داواکارییە دادپەروەرییەکان بن، لەبەر ئەوەی دادپەروەری لە پێگەی یەکەمی مانای پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە. بۆ نموونە؛ ئەگەر ژیانی خێزانیی دەرفەت بداتە پیاو لە ژنەکەی بدات بێ ئەوەی لە سزا بترسێت بەهۆی جیاوازیی دەسەڵات لە نێوانیان، ئەمە دەبێتە زۆرداری و سەرکوتکردن بەرانبەر بە ژن، بۆیە دەبێت بێدەنگ نەبێت لە ئاست ئەو زوڵمەی رووبەڕووی دەبێتەوە. هاوسەرگیری مانای وازهێنان نییە لە مافەکانی هاوڵاتیبوون، چونکە ئەو مافانە بنەڕەتین و لەگەڵ لەدایکبوونی خودی مرۆڤ دروست دەبن؛ دەبێت مافەکانی ژن و منداڵیش فەراهەم بکرێن وەک چۆن مافەکانی پیاو پارێزراون و بۆ هیچ لایەکیان نییە دەستکاری بکەن.
لە لایەکی تریشەوە، خێزان بەهۆی هەندێک بڕیاری سیاسی، ئایینی و کولتوورییەوە دەوڵەت بۆی نییە ژیانی خێزانی لە بوارە تایبەتەکان دەستکاری بکات و دەست لە کاروباریان وەر بدات. ئەمە بۆچوونێکە، بەڵکوو لەسەر دەوڵەتە کۆمەڵێک یاسا و رێکار بگرێتە بەر و زۆر مەرج دابنێت بۆ ئەوەی ناهەقی نەکرێت و مافی یەکتری بپارێزن، وەک: مافی خاوەندارێتی (الملکیة)، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ چەوساندنەوە، فرەژنی، تەڵاق و جیابوونەوە، بەخێوکردن و سەرپەرشتیی منداڵ لەکاتی جیابوونەوە...
رەگی گەشەی کۆمەڵایەتی، لە نێو ژیانی خێزانیدایە، هەر بۆیە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەبێت لەناو خێزانەکانیشدا رەچاو بکرێت. نادادییەکی زۆر پەیڕەو دەکرێن لە بەشێکی زۆری خێزانەکانی رۆژهەڵاتدا، کە هەر لە سەرەتای لەدایکبوونی منداڵەوە ئەو جیاکارییانە بەدی دەکرێن، جیاوازی لە نێوان کوڕ و کچ دەکرێت و نزای بوونی کوڕ بۆ دایک و باوک دەکرێت، هەروەها دەسەڵاتی کوڕ بە سەر کچدا بە دەرفەت دەزانن و لە خۆشەویستی و بایەخ پێداندا پشکی شێر بەر کوڕ دەکەوێت و هەر لە منداڵییەوە پاراستنی شەرەف دەخرێتە ئەستۆی ئەوان، کچانیش دەبنە پێوەرەکانی شەرەف و دەبێت هێڵی سوور بپارێزن، خۆ ئەگەر کچان لەو هێڵە سوورە لا بدەن؛ ئەوا سزاکەی زۆر قورس دەکەوێتەوە تا رادەی کوشتن. ئەمانە و سەدان بەیتوبالۆرەی کوردی و رۆژهەڵاتی، کچ کەمبەها دەکەن و کوڕانیش گەورە و سەردار. ئەو جیاکارییانە کاریگەری لەسەر کەسایەتی تاکەکان دەبێت و تا رادەیەکی زۆر کچان کەمباوەڕ و لاوازتر دەبن و جیاوازیی لە دروستبوونی کەسایەتییەکانیاندا دەبێت، بۆیە زۆر پێویستە دادی کۆمەڵایەتی لەناو خێزاندا پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی کەسایەتی سەرکەوتوو باوەڕبەخۆبوو لەناو هەردوو رەگەزەکەدا پێ بگەیەنین، کە ئەوەش بە سوودی کۆمەڵگە دەشکێتەوە. رەنگە کارێکی ئاسان نەبێت بتوانین بەشێوەیەک پراکتیکی پەروەردەی خێزانی بخەینە چوارچێوەی دادپەروەرییەوە، بەڵام پێویستە و ئەنجامەکەشی بە باشی دەگەڕێتەوە بۆ سەر خێزان و کۆمەڵگەکەش.
لایەنێکی تری نادادیی ناو خێزان، دابەشکردنی کارە لەناو زۆربەی خێزانەکاندا، ئەو جۆرە دابەشکردنە باوەی لای ئێمە هەیە، بەربەستی دەروونیی و کرداریی لای ژن دروست دەکات. خێزان کاریگەری گرنگی هەیە بۆ دروستکردنی رۆڵی کەسایەتی کۆمەڵایەتی. ئەرکەکان لەناو خێزان لەسەر بنەمای رەگەز دابەش دەکرێن؛ ژن بەرپرسیاریەتی کاری ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵ دەخرێتە ئەستۆی، هەروەها کچانی ناو ماڵیش بێ بەرانبەر و لەگەڵ ئەوەی هیچ داراییەکی سەربەخۆیان نییە، خزمەتکردنی پیاوان و کوڕانی ماڵەکەیان لە ئەستۆدایە. ئەو جۆرە دابەشکردنە و ماندووبوونێکی زۆری بێبەرانبەر، راستەوخۆ کاریگەریی دەروونی لەسەر زۆربەی ژنان بە نەرێنی جێ دەهێڵێت و هەست بە چەوسانەوە و کۆیلایەتی دەکەن، بەڵام ئەگەر دادپەروەری لەو بوارەدا رەچاو بکرێت، هەردوولا هاوبەش بن لە بەرپرسیاریەتی، ئەوا خێزانەکە خێزانێکی تەندروستە و تاکەکانی سروشتییانە گەورە دەبن و دادپەروەرتر و بەسوودترن بۆ دوارۆژ و کۆمەڵگەکەیان. ژنان دەتوانن کاری دەرەوەی ماڵیش بکەن و ببن بە سەرچاوەیەکی دارایی بۆ خۆشیان و بۆ خێزانیش. بۆ ئەو مەبەستە، دەکرێت دەوڵەت بە شێوەیەک لە شێوەکان لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا مەرجێک دابنێت بۆ ئەوەی هەردوو رەگەز بەرپرسیاریەتییان هاوبەش بێت لە هەموو بوارەکانی بەڕێوەبردنی خێزاندا و رێگر نەبن لە یەکتر.
بەو پێیە، دادی کۆمەڵایەتی و دادپەروەریی ناو خێزان زۆر گرنگە بۆ دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، کە تێیدا ژن و پیاو هەست بە ئارامی بکەن لە چوارچێوەی خێزاندا.
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
خ.غ
خ.غ