کوردستانی

دادگە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بڕیارێک دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


دادگە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بڕیارێک دەدات
مەودا میدیا-

دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتییان لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە، بۆیە هاوڵاتییان دەتوانن پابەندنەبن بە بڕیاری پێدانی پارەی خۆڵ و خاشاک.

جەمال حەمەڕەشید، پارێزەر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نووسراوەکەی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی "بردنەوەی داوایەکمان لەسەر باتڵبوونی گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ‌ و خاشاک لە هاوڵاتییان کە سپێردرابوو بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە بەپێی یاسا کۆکردنەوەی رسومات‌ و باجی دەوڵەت ئەرکی دەوڵەت خۆیەتی نەک بیدات بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، هەر بەپێی ئەم بڕیارەی دادگەی پێداچوونەوە لەمەودوا هاوڵاتییان دەتوانن پابەندنەبن بەپێدانی پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ‌ و خاشاک".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "هەر بەهەمان پێودانگ لەسەر ئەم بڕیارەی دادگەی پێداچوونەوە، بەهەمانشێوە کۆکردنەوەی پارەی ئاو لەلایەن کۆمپانیاوە نایاساییە و هاوڵاتییان دەتوانن پابەندنەبن تا ئەوکاتەی فەرمانگەی تایبەتمەند دەبێت خۆی هەڵسێت بە کۆکردنەوەی ئەو پارانە لە هاوڵاتییان، هەروەها بەهەمان پێوانە، ئەو گرێبەستەشی کە حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا کردوویەتی بۆ کۆکردنەوەی پارەی سزای کامێرای هاتوچۆ بەهەمانشێوە نایاساییە".


س.ر
Qaiwan
Qaiwan