کوردستانی

روونکردنەوە دەدرێت لەبارەی مووچەی توێژێکەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونکردنەوە دەدرێت لەبارەی مووچەی توێژێکەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت هەر کەسێک زیندانی سیاسی بێت ئەوا ماوەی 10 ساڵ سوودمەنددەبێت لە وەرگرتنی مووچە، ئاماژە بەوەشدەکات لیژنەکانی پێداچوونەوەی لیستی زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان لە ماوەی رابردوودا حەوت بەش ناویان راگەیاندووە.

عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "پاڵپشت بە حوکمەکانی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011 یاسای ئیمتیازاتی زیندانکراو و گیراوانی سیاسی کە تیادا هاتووە هەر کەسێک زیندانی سیاسی بێت ئەوا ماوەی 10 ساڵ سوودمەنددەبێت لە وەرگرتنی مووچە".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان پێنج هەزار و 157 کەس سوودمەندبوون لەو یاسایە و 10 ساڵەکەش مووچەیان وەرگرتووە و پاڵپشت بە یاساکە مووچەکەیان راگیراوە، بەڵام ئەوانەی هیچ مووچەیەکی دیکەیان نییە بەپێی یاساکە مووچەکانیان بەردەوام دەبێت و ئەگەر یەکێکیش مووچەخۆر بوو سەرپشک دەبێت لە هەڵبژاردنی یەک لە دووی مووچەکەی خۆیان یان مووچەی زیندانییە سیاسییەکەی".

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان  ئەوەشی خستەڕوو"لیژنەکانی پێداچوونەوەی لیستی زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان لە ماوەی رابردوودا حەوت بەش ناویان راگەیاندووە و لیژنەکان بەردەوامن لە راگەیاندنی ناوی ئەو زیندانییە سیاسیانەی یاساکە دەیانگرێتەوە و مەرجەکان دەیانگرێتەوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan