کوردستانی

دڵنیاییەک دەدرێت بە هاوڵاتییان

مەودا میدیا - سلێمانی |


دڵنیاییەک دەدرێت بە هاوڵاتییان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانى رایدەگەیەنێت بەردەوامی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا نرخی کاڵا و شمەکی بە گشتی لە وڵاتاندا بەرزکردووەتەوە، ئاماژە بەوەدەکات ئەگەر دابەشکردنی بەشەخۆراک بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا دڵنیایی دەدەین نرخ بەرزنابێتەوە.

سۆران غەفور، بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانى لەبارەی نرخی کاڵا و شمەک لە بازاڕەکاندا بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو بارودۆخە نێودەڵەتییەی کە هەیە  بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیاوە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی کاڵا و شمەکەکان بە گشتی لە وڵاتاندا بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت و هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، چونکە سەرجەم ئەو مادانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە دەرەوە دێت".

ئاماژەی بەوەکرد "نرخی ئەو کاڵا و شمەکانەی کە لە بازاڕەکانی سلێمانیدا هەیە هەر وەک ئەو کاتەیە کە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا بەرزبووەوە، هەروەها ئێمە لیژنەکانمان بەردەوام چاودێری بازاڕەکان دەکات بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەک بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو".

لەبارەی ئەوەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان تاچەند کاریگەری لەسەر نرخی ئەو مادانە دەبێت لە بازاڕەکاندا سۆران غەفور وتی "دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر دابەزینی نرخی ئەو مادانەی کە دابەشدەکرێن، ئەگەر دابەشکردنی بەشەخۆراک بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا دڵنیایی دەدەین نرخ بەرزنابێتەوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan