کوردستانی

لەبارەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونەوە زانیاریی نوێ ئاشکرادەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونەوە زانیاریی نوێ ئاشکرادەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی رایدەگەیەنێت بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بێت ئاراستەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون مام ناوەندە و تووند نییە، ئاماژە بەوەشدەکات خۆشبەختانە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵکراوە.

شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بەر لە راگەیاندنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە عیراق، ئێمە وەک کوشتارگەی سلێمانی رێوشوێنەکانمان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو جۆرە نەخۆشییە گرتبووەوەبەر، دوای تۆمارکردنی حاڵەتەکانیش حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رێوشێنە تایبەتەکانی خۆی گرتەبەر".

بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد "لەئێستادا ئێمە رزگارمان نەبووە لە تای خوێنبەربوون و مەترسییەکانی هەربوونی هەیە، بەڵام خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم کۆنترۆڵکراوە و تەنها دوو حاڵەت لە هەولێر و دهۆک تۆمارکران".

ئەوەشی خستەڕوو "بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بێت ئاراستەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون مام ناوەندە و تووند نییە لە بڵاوبوونەوەی".

باسی لەوەشکرد "ئێمە رۆژانە بەردەوامین لە جێبەجێکردنی رێکارەکان بۆ خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی حاڵەتەکە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی، هەروەها ئەو کەسانەشی خاوەن ئاژەڵن هەوڵیانداوە بە باشترین شێوە رێنماییەکان جێبەجێ بکەن ئەوەش لەکاتی ناردنی ئاژەڵەکان بۆ کوشتارگە بۆمان دەرکەوتووە کە بوونی مشەخۆرەکان بە پێستی دەرەوەی ئاژەڵەکە کەمبووەتەوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan