کوردستانی

یەکێتی: دەمانەوێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجامبدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەکێتی: دەمانەوێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجامبدرێت
مەودا میدیا-

لە پەیامێکیدا مەكتەبی سیاسيی یەكێتی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵایکردەوە، جەختدەكاتەوە كە پابەندین بە پاراستنی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانەوە.

لە راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا هاتووە، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرانی رێگەی رزگاری ‌و خەباتگێڕانی ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سڵاوێكی گەرمی هەڤاڵانەوە پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتی و (46) ساڵەی دەستپێكردنەوەی شۆڕشتان لێدەكەین.

باس لەوەشکراوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دۆخی دژواری دوای هەرەس و بۆ سەرخستنی پرۆژەی رزگاری و سەرفرازیی گەلی كوردستان و دابینكردنی ماف و داخوازییەكانی لەسەر بنچینەی مافی چارەنووس هاتە كۆڕی خەباتەوە و سەرۆك مام جەلال و هاوڕێ دامەزرێنەرەكانی دەستپێشخەریی مێژووییان كرد و دوای ساڵێكیش لە دامەزراندن سەدان هەزار تێكۆشەر بوونە هەوێنی دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ و ئەم كاروانەی كە بەردەوامە ئامانجی گەورەی بەدیهێناوە و هێشتا زۆری تریش ماوە كە بەدیبهێنێت.

ئاماژە بەوەكراوە، ئەم رەوتە لە خەبات و قوربانیدان بە رێبەری سەرۆك مام جەلال و بە گیانی پیرۆزی هەزاران شەهید و رەنجی شانی سەدان هەزار تێكۆشەر گەیشتە قۆناغی فیدراڵی و سەرۆك مام جەلالیش بووە یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی عیراقی دیموكرات و فیدراڵ.

هەر لە راگەیەندراوەكە هاتووە، لەكاتێكدا یادی ئەو رۆژە گەش و پڕ سەروەرییەی یەكێتی دەكەینەوە، رووداو گەلێكی زۆر لە سەر ئاستی جیهان و ناوچەكە و عیراق و كوردستان هاتۆتە ئاراوە كە وامان لێدەخوازێت یەكێتی بە روانینێكی نوێیەوە رۆڵی كاریگەری خۆی ببینێت و ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییە نوێیەكانیش لەئەستۆ بگرێت و لەسەر ئاستی كوردستان وەك یەكێتی پابەندین بە پاراستنی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان تاكو ئەم كۆدەنگی و یەكگرتوویەی گەلی كوردستان بكەینە بناغەی كاری هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە عیراقیەكاندا بۆ بەشدارییەكی كارای كورد لەپرۆسەی سیاسی، تەوافوق و شەراكەت، پاراستنی مافەكانی كورد لە حكومەتی داهاتووی عیراقدا و ئەم جۆرە سیاسەتە بارودۆخی چەق بەستوو و ناهەمواری وڵات دەخاتەوە سەر رێچكەی راست و دروستی چارەسەركردن و رێگە بۆ گەشەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانیش دەكاتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە "لەكاتێكدا یادی ئەو دوو بۆنە شكۆدارە دەكەینەوە، ئەمساڵ دیداری یەكێتی بۆ نوێبوونەوە و چاكسازیی تێكەڵ بە یادە مەزنەكەمان بووە، ئەم دیدارە لەڕێگەی بەشداری هەڤاڵان لە هەموو ئۆرگان و ناوچەكانەوە نەخشەرێیەكی نوێی كاركردن دەهێنێتە كایەوە و بە بڕیار و راسپاردەكانی لەسەر هەموو ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە دەوەستێت و رێگە چارەی نوێ بۆ خەباتی حزبایەتی و حوكمرانی پێشنیاز دەكات، تا پێكەوە ئەم ئەركە حزبی، دیموكراتی و نیشتمانییە سەربخەین".

مەكتەیی سیاسیی لە پەیامەكەدا باسی لەوەشكردووە ،هەموومان دەزانین هەرێمی كوردستان بەرەو وەرزی هەڵبژاردنەكان دەڕوات و یەكێتیی پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەكات لەڕێی پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی كۆمیسیۆن و پاكژكردنەوەی لیستی دەنگدەران، داواشدەكەین مشتومڕەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان بە زمانێكی ئارام و هێمن بەڕێوەبچن. بۆ ئەوەی ئاشتی كوردستان زەمینەی پەرەپێدانی دیموكراسی و حوكمڕانی باشتر بخوڵقێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش هەڤاڵ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامادەیی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ گفتوگۆی بونیادنەرانە لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد وەك لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند "بۆ ئەوەی گۆڕانكاریی راستەقینە لە حكومڕانی كوردستان بكەین".

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan