کوردستانی

گۆڕان هەنگاوێکی نوێ دەنێت و ئامادەکاری دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


گۆڕان هەنگاوێکی نوێ دەنێت و ئامادەکاری دەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

لیژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفڕانسى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان بۆ تاوتوێکردنى ئامادەکارییەکانى دووەم کۆنفرانس، لەگەڵ ستافى ژوورەکان کۆبووەوە، سکرتێری لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت بەستنى کۆنفڕانسى نیشتمانى وەک یەکێک لە هەنگاوە ناوخۆییەکان بۆ رێکخستنەوەى پەیکەرى رێکخراوەیى و بەخۆداچوونەوە ئامادەکاریى بۆ هەر ئەگەر و هەنگاوێکى سیاسى کە پێویست بێت بزووتنەوەى گۆڕان بیگرێتەبەر.

یاسین حەمەعەلی، سکرتێری لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی حوزەیرانی 2022 بۆ گفتوگۆکردنى دوایین ئامادەکارییەکانى بەستنى دووەم کۆنفڕانسى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان، لیژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفڕانس لە مەکۆى سەرەکى لەگەڵ ئەندامان و ستافى ژوورەکانى بزووتنەوەى گۆڕان کۆبووەوە".

ئاماژەی بەوەکرد "لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن نوێنەرانى لیژنەى باڵاوە دوایین ئامادەکارییەکانى دووەم کۆنفڕانسى نیشتمانى و بەشێک لە ناوەڕۆکى راپۆرتى لیژنە تایبەتمەندەکان خرایەڕوو لەو چوارچێوەیەدا جەختکرایەوە لە گرنگى بەستنى کۆنفڕانسى نیشتمانى وەک یەکێک لە هەنگاوە ناوخۆییەکان بۆ رێکخستنەوەى پەیکەرى رێکخراوەیى و بەخۆداچوونەوە و ئامادەکاریى بۆ هەر ئەگەر و هەنگاوێکى سیاسى کە پێویست بێت بزووتنەوەى گۆڕان بیگرێتەبەر".

یاسین حەمەعەلی وتی "بەشێکى زۆرى کۆبونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ بەشدارى ئەندام و ستافى ژوورەکان و دەربڕینى بیروبۆچوون و سەرنجەکانیان لەسەر کار و ئەرکەکانى کۆنفڕانس و خێراکردنى هەنگاوە کردارییەکان بە ئامانجى بەستنى کۆنفڕانسێک کە وەڵامدەرەوەى پێداویستییەکانى ئەم قۆناغەى بزوتنەوەى گۆڕان بێت و بۆئەوەش ئامادەیی بەشداربوان دووپاتکرایەوە بۆ سەرخستنى کۆنفڕانس و هەوڵەکانى خۆ نوێکردنەوە".



س.ر
Qaiwan
Qaiwan