کوردستانی

گەشتیارێکی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەشتیارێکی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە چیای سەفین لە سنووری پارێزگای هەولێر گەشتیارێکی بیانی کە بە رەگەز ئەڵمانییە گیانی لەدەستداوە و تاوەکو ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی پشتڕاستنەکراوەتەوە.

موحسین قەسرۆکی، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەقڵاوە بە مەودا میدیای راگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ هەینی 3ی حوزەیرانی 2022 کاتژمێر 9:00ی بەیانی گەشتیارێکی بیانی کە خەڵکی ئەڵمانیایە بۆ گەشت هاتبووە هەرێمی کوردستان  لەسەر چیای سەفین گیانی لەدەستدابوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیارنییە بە کەوتنەخوارەوە بووە یان هەر هۆکارێکی دیکە گیانی لەدەستداوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەهۆی سەختی شوێنەکەیەوە تیمەکانی تەندروستیی شەقڵاوە نەیانتوانی تەرمەکە بهێنە خوارەوە دواتر دوای چوار کاتژمێر لەڕێگەی تیمەکانی فڕۆکەوانی وەزارەتی ناوخۆ توانرا تەرمەکەی دەربهێندرێت و بهێنرێتە نەخۆشخانەی شەقڵاوە، پاشان تەرمەکەمان رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرد".

 بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەقڵاوە ئەوەشی خستەڕوو "ئەو گەشتیارە دوێنی هاتووەتە هەرێمی کوردستان و ناوی "کێرد وارتەر"ە و لەدایکبووی ساڵی 1961ە و دوو کەسی لەگەڵدابووە یەکێکیان هاوڕێیەتی ئەوی دیکەیان وەرگێڕبووە لەگەڵی".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan