کوردستانی

لەبارەی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێلەوە روونکردنەوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێلەوە روونکردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا-

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە لەبارەی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل کە گوایە لە حكومەتی فیدراڵ بە 50 هەزارە و لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە 120 هەزار دینار دەدرێتە هاوڵاتییان.

لە روونکردنەوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هاتووە، ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكرێنەوە لەبارەی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل کە گوایە لە حكومەتی فیدراڵ بە 50 هەزارە و لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە 120 هەزار دینار دەدرێتە هاوڵاتییان، دوای تاوتوێكردنی ئەم پرسە لە گەڵ وەزارەتی ناوخۆ، راستی بابەتەكە بەم شێوەیەیە:

یەكەم: بە رێكەوتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیاردراوە تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ستانداردێكی نوێ و یەكگرتوو لەسەر ئاستی هەموو عیراق دروست بكرێتەوە. بەشێكی ئەم پرۆسەیە لابردنی ناوی شارەكانە و لە بری شارەكان كۆد بۆ هەر شارێك داندراوە و دەستەواژەی (KR) كە كورتكراوەی (Kurdistan Region- هەرێمی كوردستان)ە بۆ یەكەم جار دەخرێتە سەر تابلۆی ئۆتۆمبێلی شارەكانی هەرێمی كوردستان، كە ئەمە خۆی دەستكەوتێكی گرنگە و هاوتەریبە لە گەڵ پێگەی دەستووری هەرێمی كوردستان. لە پاڵ ئەمەشدا چەند جۆرێك كۆدی ئاسایشی و پارێزگاری لە ساختەكردن خراوەتە ناو ئەو تابلۆیە و لە كۆمپانیایەكی ناوداری ئەڵمانییەوە دیزاین و چاپ دەكرێت، بە هۆی ئامادەكاری خێرای وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ئێستادا پرۆسەكە تەنیا لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە و دیار نیە بەغدا پێویستی بە چەند كاتی دیكە هەیە بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكانی جێبەجێكردنی ئەو سیستمە تەواو بكات، واتا پێویستە هاووڵاتیان بزانن كە لە بنەڕەتدا لە بەغدا جارێ ئەو تابلۆیە و ئەو سیستمە نەخراوەتە كار تا بەراوردی نرخ بكرێت.

دووەم: لەبارەی نرخی تابلۆكان، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بابەتەی رێكخستووە بە ڕێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2022 كە بە (رێنمایی دیاریكردنی شێواز و قەبارە و رەنگ و ناوەڕۆكی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان) ناسراوە و لە ژمارە 82ی رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی كوردستان لە 28ی نیسانی 2022 بڵاوكراوەتەوە، بە گوێرەی ئەحكامە داراییەكانی ئەو رێنماییە كە لە مادەی 11 روونكراوەتەوە، نرخی جوتێك تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێل تەنها (60 هەزار دینارە) و لە پاڵیدا رسوماتی دیكەی وەكو (5 هەزار دینار بۆ لێدانی برغو و سیكیوریتی تابلۆكان) و ( 10 هەزار دیناریش رسوماتی پرۆسەكەیە) وەردەگیرێت, واتا كۆی گشتی كڕین و لێدانی دوو تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل (تەنیا 75 حەفتا و پێنج هەزار دینارە).

لەبارەی بڕی 120 هەزار دینار، كە بە چەواشەكاری باسكراوە و بەراوردكاری پێكراوە، ئەمەشیان لە خاڵی پێنجەم لە مادەی 11ی ڕێنمایی سەرەوە روونكراوەتەوە، ئەو كەسانەی پەلەیانە تابلۆی نوێ وەربگرن و نایانەوێت چاوەڕێ بكەن تا ساڵیانەی ئۆتۆمبێلیان بەسەر دەچێت، دەبێت دوو بەرانبەر كە دەكاتە (120هەزار دینار) بۆ جووتێك تابلۆ بدەن و رسوماتی دیكەی بورغو و پێشكەشكردنی پرۆسەكە كە (15 هەزارە) بدەن. بۆیە لە راستیدا بۆ ئەوانەی بە نۆرەی خۆیان تابلۆ وەردەگرن نرخی كۆی پرۆسەكە (75 هەزار دینارە).

سێیەم: ئایا لە بەغدا 50 هەزار بۆ تابلۆ وەردەگیرێت؟ بۆ زانیاری هاوڵاتییانی خۆشەویست، حكومەتی فیدراڵ جارێ دەستی بە پرۆسەی جێبەجێكردنی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل نەكردووە تا بڕی پارەكە دیار بێت، ئەوەی ئێستا هەیە سیستمی كۆنە و نرخی تابلۆی كۆن 50 هەزارە و جاران لێرەش هەمان نرخ بوو، ئەوەش پێویستە بگوترێت كە لەئێستادا حكومەتی فیدراڵ پلێتی تابلۆی كۆنیشی نەماوە و ئەو بڕە 50 هەزار دینارە لە بەرانبەر كاغەزێكی ئەی فۆڕە كە ژمارەكەی لەسەر دەنووسرێت و شوفێر ناچارە لە جامی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەكەی بدات.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکە هاتووە "ئەو جۆرە بەراوردكارییەی لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكرێتەوە، بێ ئەوەی زانیاری پێویست و راست و دروست بخەنەڕوو، كاری ئەوان بووەتە رەخنەی رووخێنەر و ئەو كارەیان كردووەتە پیشەی خۆیان و هەمیشە لە بۆسەدان بۆ ئەوەی زانیاری ناراست و چەواشەكار دەرخواردی خەڵكی ئازیزی كوردستان بدەن، هەروەها قەرەباڵغی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی شارەكان بە دوو دەوامەوە (بەیانیان و ئێواران) نیشانەی دڵخۆشی و پێشوازی خەڵكی كوردستانە لەو پرۆسەیە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan