کوردستانی

نرخی یەک لیتر بەنزین گەیشتە هەزار و 300 دینار

مەودا میدیا - سلێمانی |


نرخی یەک لیتر بەنزین گەیشتە هەزار و 300 دینار
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە نرخی بەنزین بەرزبووەوە، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی-یش دەڵێت "پێشتر هۆشداریمان دابوو لە دووبارە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی بەنزین، و دەبێت حکومەت رێگە چارەیەکی گونجاو بدۆزێتەوە".

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ مەودا میدیا سەبارەت بە دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین وتی "لە ئێوارەی ئەمڕۆوە نرخی بەنزین جارێکی دیکە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بەشێوەیەک بەنزینی سۆپەر بووەتە 1300 دینار و بەنزینی موحەسەن بووەتە 1225 دینار هەرچی بەرنزینی نۆرماڵیشە بووەتە 1100 دینار".

باسی لەوەشکرد "ئێمە وەک بەنزینخانەکان هێندەمان لەسەرە نە‌هێڵین بەنزین لە کۆگاکانی سوتەمەنی ببڕێت، ئەم دۆخە ئێمەشی نیگەران کردوە"، جەختی لەوەشکردەوە "هەوڵێک هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی بەنزینە 690 دینارییەکەی عیراق، ئەگەر ئەوە بێت تا رادەیەک سوودی بۆ شۆفێران دەبێت".

بەهمەن قادر ئاماژە بەوەش دەکات "ئێمە دەمێکە هاواردەکەین و هۆشداریمان لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دابوو، هۆکاری یەکەم ئەوەیە نرخی بەنزین خۆی لە بۆرسەدا بەرزە، لە ماوەی رابردووشدا ئێران بازاڕی دیکەی بۆ سوتەمەنی نەبوو، بەنرخێکی هەرزانتر بە هەرێمی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا وەک رابردوو نەماوە بە وڵاتانی دیکەی دەفرۆشێت تەنها بڕێکی کەمی بۆ هەرێم دێت، بڕێکیش لە تورکیاوە دێت و ئەوەی دەمێنێت بەرهەمی ناوخۆییە".


ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan