کوردستانی

بزووتنەوەی گۆڕان: دواخستنی هەڵبژاردن بەرەو دۆخی چەقبەستوویمان دەبات

مەودا میدیا - سلێمانی |


بزووتنەوەی گۆڕان: دواخستنی هەڵبژاردن بەرەو دۆخی چەقبەستوویمان دەبات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

‎سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنی کۆمیسیۆن جیاوازی بیروڕا لەنێوان لایەنەکان هەیە، ئاماژە بەوەشدەکات ناکۆکی نێوان لایەنەکان و واقیعی کوردستانیش دوو بەربەستی سەرەکین لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

‎یاسین حەمەعەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە مەودا میدیای راگەیاند "بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنی کۆمیسیۆن جیاوازی بیروڕا لەنێوان لایەنەکان هەیە، بڕیاربوو دانیشتنێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەنێوان دەزگای هەڵبژاردنەکانی لایەنەکان بکرێت، بەڵام تائێستا نەکراوە، ئێمە دەستپێشخەریمان هەبووە و پێمانخۆشبووە لایەنەکان هەوڵی لێکتێگەیشتن بدەن کە لە خزمەتی چارەسەربێت".

‎ئاماژەی بەوەکرد "ئەو هەوڵانەی بۆ نزیکبوونەوەی نێوان لایەنەکان هەیە هیوادارین بگاتە ئەنجام، لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە یاسایانە رەهەندی نیشتمانییان هەیە، بگەینە سازانێکی نیشتمانی لەسەری و هەڵبژاردنێکی پاک لەکاتی خۆیدا".

‎سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن یاسین حەمەعەلی وتی "دواخستنی هەڵبژاردن بەرەو دۆخی چەقبەستوویمان دەبات، هیوادارین هەموو لایەنەکان لە پێناو هاونیشتمانیان بڕیار بدەین، چونکە ناکۆکی نێوان لایەنەکان و واقیعی کوردستانیش دوو بەربەستی سەرەکین لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن".

وتیشی "ئێمە ساڵێک پێش ئێستا لەڕێی فراکسیۆنەکەمانەوە هەمواری یاسای هەڵبژاردنمان پێشکەش بە پەرلەمان کردووە و لەگەڵ ئەوەین هەرێمی کوردستان بکرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan