کوردستانی

کازمی: هه‌موو جۆره‌ تۆقاندنێكی هاوڵاتییان ره‌تده‌كەینەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کازمی: هه‌موو جۆره‌ تۆقاندنێكی هاوڵاتییان ره‌تده‌كەینەوە
مەودا میدیا-

سەرۆک وەزیرانی عیراق رایدەگەینێت، هێرشەكەی سەر هەولێر سووربوونی هەندێكە لەسەر زاڵكردنی لۆژیكی ئاژاوە و لێدان لە چەمكی دەوڵەت.

نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، سەرۆك وەزیران دوای هێرشەكەی سەر هەولێر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، کازمی وتویەتی "ئەو هێرشەی ئێوارەی چوارشەممە لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كرایەسەر هەولێر دەربڕی سووربوونی هەندێكە لەسەر زاڵكردنی لۆژیكی ئاژاوە و لێدان لە چەمكی دەوڵەت".

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عیراق لە پەیوەندییەكەدا هەموو جۆرەكانی ترساندنی هاوڵاتییان و پەلاماردانی یاسا و دەوڵەتی رەتكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکرد "حكومەتی عیراق درێژە بە هەماهەنگییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەدات بۆ شوێنپێكەوتنی ئەو لایەنانەی هەوڵ بۆ تێكدانی سەقامگیری دەدەن".

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی جەختیكردووەتەوە لەسەر "گرنگیی كاری هاوبەش بۆ پاڵپشتی سەقامگیری و پەرەپێدانی ئاسایش"، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەردوولا دووپاتیانكردووەتەوە كە "هێرشەكە هەوڵە بۆ لێدان لە هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان بەغدا و هەولێر، تێكەڵكردنی كارتەكان و بڵاوكردنەوەی ئاژاوە".

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو هێرشێك بۆسەر هەولێر ئەنجامدرا، فڕۆكەكە لە شەقامی سەرەكی هەولێر-پیرمام كەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی برینداربوون، چەند ئۆتۆمبێلێكیش زیانیان بەركەوت.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan