کوردستانی

باڵێكى پارتی سۆسیال دیموکرات جیاده‌بێته‌وه‌ و حزبێكى نوێ دادەمەزرێنن

مەودا میدیا - سلێمانی |


باڵێكى پارتی سۆسیال دیموکرات جیاده‌بێته‌وه‌ و حزبێكى نوێ دادەمەزرێنن
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

دوای جیابوونەوەی چەند سەرکردەیەک و ژمارەیەک لە كادیرانى پارتى سۆسیال دیموكراتى كوردستان، بڕیاره‌ کاتژمێر 02:00 دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەولێر حزبێکی نوێ رابگەیەنن، ئەندامێکی کۆمیتەی راپەڕاندنی ئەو حزبە نوێیەش رایدەگەیەنێت "لە ماوەیەکی نزیکدا داوای مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆدەکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بەشداریبکەین".

ئەنوەر سلێڤانەیی، ئەندامی کۆمیتەی راپەڕاندنی حزبی سۆسیالیستی گەلی کوردستان وردەکاری جیابوونەوەیان لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و بڕیاری دروستکردنی حزبێکی نوێ بۆ مەودا میدیا دەخاتەڕوو، دەڵێت "کاتژمێر 02:00ی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی حوزەیرانی2022 لە هۆتێل شاهی پاڵاس لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا حزبەکەمان رادەگەیەنین بەناوی (حزبی سۆسیالیستی گەلی کوردستان)".

سەبارەت بە ئەندامانی حزبەکەیان سلێڤانەی وتی "حزبەکەمان پێکدێت لە ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی، مەکتەب سیاسی و کادیرانی دیکەی پارتی سۆسیال دیموکرات و ژمارەیەک ئەندامی دیکە کە لە دەرەوەی حزبی سۆسیال دیموکراتن"، لە وەڵامی ئەوپرسیارەدا کێ حزبەکە بەڕێوەدەبات وتی "تا بەستنی کۆنگرە کۆمیتەیەکمان بە ناوی کۆمیتەی راپەڕاندنی حیزبی سۆسیالیستی گەلی کوردستان پێکهێناوە کە لە چەند ئەندامێک پێکدێت و لەلایەن ئەوانەوە کاروبارەکان رێکدەخرێن".

ئەنوەر سلێڤانەیی وتی "هۆكارى سه‌ره‌كى جیابوونه‌وه‌ى ئه‌و سه‌ركردانه‌ى سۆسیال دیموکرات بۆ ناڕازیبوونیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ پرسى به‌ بنه‌ماڵه‌كردنى ئه‌و حزبه‌ به‌تایبه‌ت له‌دواى كۆتا كۆنگره‌ كه‌ تێیدا كچ و زاوا و كوڕى سه‌رۆكى حزبه‌كه‌ پۆستیان وه‌رگرتووە و ناوی حزبەکە گۆڕدراوە، حزبەکە لەو پرنسیپانە لایداوە کە لە پێناویدا دامەزراوە".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی راپەراندنی حزبی سۆسیالیستی گەلی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "هەوڵدەدەین لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە کاربکەین و جێی خۆمان لە دڵی تەواوی کوردستانیان بکەینەوە و لەپێناو مافە رەواکانی گەلەکەمان خەبات بکەین"، وتیشی "لەئێستاوە کاردەکەین بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بەشداربین و تومحمان هەیە لە حکومەتەکانی داهاتوو بەشداربین و ئەگەریش ئۆپۆزسیۆن بوونمان هەڵبژارد، ئۆپۆزسیۆنێکی کارادەبین و ئەم مۆدێلە ئۆپۆزسیۆنە کۆنەی ئێستا تێدەپەڕێنین".

بەپێی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993ی کە دووجار هەموارکراوەتەوە چەند مەرجێک هەیە بۆ دامەزراندنی حزبی نوێ، لەوانە، داواكارییەكی نووسراو پێشکێشی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەمەرجێک 50 کەس یان زیاتر واژۆیان لەسەر کردبێت، خوێندنەوە و نووسین بەتەواوی و بە باشی بزانن و تەمەنیان لە 25 ساڵ كەمتر نەبێت. هەروەها واژۆی 500 لایەنگر و پشتیوان پێشکەش بکرێت، کە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت، هەروەها نابێت ناوی حزبەكە لەناوی حزبی دیکە بچێت، لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستە دەستەی دامەزرێنەر کەسانی نیشتمانپەروەر و ناسراوبن و بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریان هەبووبێت، رەچاوکردنی شوێنی جوگرافیش هەبێت کە نوێنەرایەتی هەموو ناوچەکانی تێدابێت.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan