کوردستانی

جارێکی دیکە بەنزینی 690 دیناری لە سلێمانی رادەگیرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


جارێکی دیکە بەنزینی 690 دیناری لە سلێمانی رادەگیرێت
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

لە سلێمانی جارێکی دیکە دابەشکردنی بەنزینی 690 دیناری راگیرا، سەرۆکی لیژنەی وزەش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "لەبەر ئەوەی هیچ نووسراو رێککەوتنیکی فەرمی لەنێوان بەغدا و هەرێم نییە لەسەر ناردنی بەنزینی عیراقی، هەربۆیە بەغدا بە میزاج بەنزین رەوانەدەکات". 

ئەمڕۆ شەممە کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند، بەهۆی ئەوەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق هیچ رێککەوتن و نووسراوێکی کاری هاوبەش نییە، کە بەغدا پابەند بکات بە بەردەوامی ناردنی بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێم و ئەو پرۆسەیەش بە "میزاج" دەبرێت بەڕێوە، بۆیە ناکرێت بە تەواوی پشتی پێ ببەسترێت.

باسی لەوەشکرد "لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم هیچ چاودێرییەکی نرخی بەنزین ناکات و هیچ هەنگاوێکیش نانێت بۆ ئەوەی رێگە لە بەرزبونەوەی زیاتری نرخی بەنزین بگرێت، بۆیە لەم کاتەدا نرخی بەنزین لە بازاردا بەدەست بازرگان و وێستگەکانی دابەشکردنی سوتەمەنییەوەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینیش زیاتر بێت".

 وتیشی "پاڵاوگەکانی ناوخۆ ئەگەر حکومەت نەوتی خاویان بۆ دابین بکات، دەتوانن بەنزین بۆ ناوخۆ بە نرخی بازرگانیی و کەمتر دابین بکەن، ئەگەر هاوکارییان بکرێت، بەڵام تائێستا حکومەت هیچ روانگە و سیاسەتێکی نییە بۆ راگرتنی بەرزبوونەوەی بەنزین و هەموو جۆرەکانی دیکەی سوتەمەنی و پرۆسەکەی رادەستی کەرتی تایبەت کردووە".

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan