کوردستانی

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان: بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەکەوێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان: بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەکەوێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکات، ئاماژەی بەوەشکرد بە دڵنیاییەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەکەوێت.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی داواکاریی کۆمسیۆن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە مەودا میدیای راگەیاند "وەک نەریتی کۆمسیۆن هەموو جارێک دەڵێت شەش مانگم پێویستە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردن، بێجگە لەوە کۆمسیۆن دوو گرفتی دیکەی هەیە ئەویش کاراکردنەوەی کۆمسیۆنە کە چەند ئەندامێکی کەمە و ماوەکەی بەسەرچووە، هەروەها گرفتی دووەم بریتییە لە تۆماری دەنگدەران کە پێویستمان بە تۆمارێکی خاوێن هەیە، بۆیە دەبێت رای کۆمسیۆنیش لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەو کاتەی پێویستە بۆ ئامادەکاری ئەوانیش مافی خۆیانە".

لەبارەی ئەگەرەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد "بە دڵنیاییەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوادەکەوێت، بەڵام ماوەتەوە سەر ئەوەی چەند دوادەکەوێت، ئەوەش ماوەتەوە سەر رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان وتی "دەبێت کارێک بکرێت خەڵک بە گڕوتینەوە بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا بە دڵنیایەوە خەڵک پێشوازی گەرم لە هەڵبژاردن ناکات".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 2022/10/1ی دیاریكرد وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan