کوردستانی

هەواڵێکی گرنگ لەبارەی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەواڵێکی گرنگ لەبارەی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، ئاماژە بەوەشدەکات ئەو دواکەوتنەی لە مووچە روودەدات بەهۆی ناردنی ئەو 200 ملیارەیە کە بەغدا دەینێرێت.

محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە فەرمانبەران مانگانە لەکاتی خۆیدا بە مەودا میدیای راگەیاند "لە دوای جێبەجێکردنی پرۆژەی چاکسازی لە بواری داهات و سیستمی دارایی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، لە بەرانبەریشدا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و گۆڕانکاریش هەیە لە بەهای دیناری عیراقی بەرانبەر بە دۆلار، بۆیە ئەم هۆکارانە وادەکات تاڕادەیەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مانگانە لەکاتی خۆی مووچەی فەرمانبەران دابەشبکات".

ئاماژەی بەوەکرد "ئەو دواکەوتنەی لە مووچە روودەدات بەهۆی ناردنی ئەو 200 ملیارەیە کە بەغدا دەینێرێت، ئەگەر حکومەتی عیراق مانگانە لەکاتی خۆیدا ئەو پارەیە بنێرێت ئەوا کێشەی دواکەوتنی مووچە نامێنێت و مانگانە لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2022ی عیراق وتی "هەتا ئێستا لە رووی یاساییەوە دیارنییە حکومەتی نوێی عیراق پێکدێت یاخود نا، بۆیە تاوەکو حکومەتی عیراق پێکنەیەت و بودجەی ساڵانەی خۆی نەنێرێتە پەرلەمانی عیراق هەرێمی کوردستان ناتوانێت بودجەی خۆی دیاریبکات لە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا".

وتیشی "لەئێستادا پەیوەندییەکانی حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان باشن، بۆیە پێمان وایە حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە بودجەی 2022ی عیراق شایستە داراییەکانی جێگیربکات ئەگەر گرفتە سیاسییەکان نەبەنە هۆکار لەبەردەمی".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "لەئێستادا حکومەتی هەرێم بە داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و ئەو 200 ملیارەی بەغدا دەینێرێت مووچەی فەرمانبەران دابیندەکات".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan