کوردستانی

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە
مەودا میدیا-

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت هیچ دادگەیەک لە بەغدا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی نییە، ئاماژە بەوەشدەکات پێویستە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسایه‌ك بۆ دامه‌زراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق ده‌ربكات.

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە "رۆژی 19ی ئایاری 2022 و لە سەر داوای وەزیری نەوتی عیراق، دادگەی بازرگانی (الکرخ) لە بەغدا، ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن بانگکرد (استدعاء)، لەوانەش کۆمپانیای DNO)، وێسترن زاگروس، HKN، شاماران، گەنەڵ ئێنێرجی، ئاداکس و گۆلف کیستۆن کە  گرێبەستەکانیان بە پێی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007ی نەوت و گازی کوردستان واژۆکراوە و ئەو یاسایەش بەپێی مادەکانی دەستووری عیراقی لە لایەن پەرلەمانی کوردستان دەرچوێنراوە".

ئاماژە بەوەکراوە "بانگکردنی دادگەی (الکرخ)، دوایین زنجیرە رێوشوێنی نایاساییە، کە لەلایەن وەزیری نەوتی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە لە بەغدا گیراوەتەبەر و وادیارە ئەو کارە نایاساییانەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگەیەکی بەغدایە کە خۆی بە "دادگەی باڵای فیدراڵی" ناودەبات، ئەو بەناو "دادگەی باڵای فیدراڵی"یە، لە 15ی شوباتی 2022  و بە پاڵنەرێکی سیاسی بۆچوونێکی دەرکرد کە مەبەست لێی پووچەڵکردنەوەی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ی کوردستان بووە، کە هیچ دادگەیەک لە بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات".

ئەوەش هاتووە "رۆژی 28ی شوباتی 2022 سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و بڕیاری15ی شوباتیان رەتكردەوە، رۆژی 4ی حوزەیرانی 2022 ئەنجومەنی دادوەری کە باڵاترین دامەزراوەی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا پشتگیری لە رەوایەتی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007 كرد و رایگه‌یاند، بە پێی ماده‌ی 92 / بڕگەی دووەم لە ده‌ستووری عیراقی فیدراڵ، پێویستە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق یاسایه‌ك بۆ دامه‌زراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق ده‌ربكات، بەڵام تا ئێستا هیچ یاسایەکی لەو جۆرە دەرنەچووە، بۆیە دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی دەستوور دانەمەزراوە، کەواتە هیچ دەسەڵاتێکی دەستوری نییە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، و یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانیش بە تەواوی بە بەرکاری دەمێنێتەوە".

وەزارەتی سامەنە سروشییەکان باسی لەوەشکردووە "لە 2ی حوزەیرانی 2022 حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵایەکی یاسایى لە دادگەی لێکۆڵینەوەى هەولێر لە دژی بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی تۆماركرد، بەهۆی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پێگەی خۆی ئەویش لەڕێگەی ترساندن و هەراسانكردنی ئەو کۆمپانیانەی كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، بە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە بە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە، مەبەستی ترساندنی و دەستوەردان لە مافی ئەو کۆمپانیایانە بووە لە گرێبەستەکانیان لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان".

روونیشیکردەوە "لە 5ی حوزەیرانی  2022 دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاریدا كە ئەو داوایانەى لە دادگەی بازرگانی (الکرخ) لەدژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تۆماركراون، دەبێت بهێنرێنە دادگەی لێکۆڵینەوەى هەولێر، بۆ ئەوەی وەك بەڵگە بۆ ئەو سكاڵا تاوانكارییە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، هەروەها دادگەی لێکۆڵینەوەى هەولێر بڕیاریدا هەر داوایەكی یاسایی لە دادگەی (الکرخ) کە بۆ ئەو مەبەستە تۆمارکراوە دوابخرێت، ئەوەش بە پێى یاسای بنەماکانى دادگەیى کردنى سزایى  ژمارە (23ی سالی 1979) عێراقی، بۆیە دەبێت وەزارەتی نەوتی عیراق کارەکانی دادگەی مەدەنی ڕابگرێت تاوەکو ڕێکارەکانی دادگای لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت و بڕیاری لە سەر دەدرێت، تەنانەت لە دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوە بە پشت بەستن بە مادەی (38) لە یاسای دادبینى شارستانى عیراقى ژمارە(83 ی ساڵی 1969) و بە پێی تایبەتمەدێتى شوێن (اختصاص مکانی)، دەبێت ئەم داوایانە لە دادگا شارستانییەکانى هەرێمى کوردستان دادبینى بۆ بکرێت و بڕیاری لە سەر بدرێت، چونکە کۆمپانیا داوا لێکراوەکان هەر هەموویان لە کوردستان تومار کراون و لە کوردستان کاردەکەن".

لە کۆتایشدا رایگەیاندووە "هەروەها لە 5ی حوزەیرانی 2022 وەزیری سامانەسروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوایەکی مەدەنی لەسەر وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ تۆماركرد، بە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی بڕگەکانی یاسای مەدەنی عیراقی، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارە لە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە بۆ کۆمپانیاکان کە مەبەست لێی ترساندن و دەستوەردان بووە لە مافی کۆمپانیاکان لەو گرێبەستانەی کە لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan