کوردستانی

دادگەی سلێمانی لەسەر رووداوەکەی ئەمڕۆ هاتەدەنگ

مەودا میدیا - سلێمانی |


دادگەی سلێمانی لەسەر رووداوەکەی ئەمڕۆ هاتەدەنگ
مەودا میدیا-

سەرۆكایەتی دادگەی تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە لەبارەی ئەو گرژییەی ئەمڕۆ لە دادگەی سلێمانی لەنێوان کەسوکاری تارقی بەقاڵ و پۆلیسی ناو دادگە روویدا.

لە روونکردنەوەکەی سەرۆكایەتی دادگەی تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی هاتووە "جێگەی داخ و نیگەرانییە كە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگەی سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو روویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە، بۆیە بۆ هەموولایەكی روون دەكەینەوە كە دۆسیەی كوشتنی تارقی بەقاڵ لە دادگا كۆتایی هاتووە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان پەسەندكراوە و دۆسیەكەیان رەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كراوە، جێبەجێكردنی سزاكە پەیوەندی بە دادگەوە نییە و لە تایبەتمەندی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە".

‎ئاماژەی بەوەکراوە "ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگە پەیوەندی بە بكوژەكانەوە نەبووە، بەڵكو دادگەیی كەسێك كراوە كە دوای دزینی ئوتومبیلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازة اموال مسروقة) دادگەیی دەكرێت و دادگەییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە".

‎ئەوەشخراوەتەڕوو "هەر ئەمڕۆ دادگەیی چەندین تاوانكار و تۆمەتبار لە دادگەکانی سلێمانی بەڕێوەچووە كە زۆر لە كەیسەكەی ئەو قورستر و ترسناكتر بوون، و كەسوكاری لایەنەكان بەوپەڕی رێز و شكۆوە لە دادگا و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییان روانیوە و پرۆسەكە بەشێوەیەكی یاسایی رێكوپێك بەڕێوەچووە، بەپێچەوانەی كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو كە هەمیشە و لە هەموو دانیشتنێكی دادگەدا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەموو لایەك كردووە، بەڵام رەچاوی دڵگەرمییان و حاڵەتەكەیان كراوە و چاوپۆشییان لێكراوە، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی وەك هەموو جارێك سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون، بەو کەرەستانەش لەبەردەستیان بووە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان داوە كە بەڤیدیۆ كۆی رووداوەكان بەردەستە و حاڵەتەكەی ئەمڕۆش كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی ئەوان بووە, سەبارەت بە دەستگیردنیشیان، لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی مادەی (230)ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگەی لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازادكراون تا رۆژی دادگایی".

‎باس لەوەشکراوە "ئەو حاڵەتی لێدانەش كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە رەفتارێكی کەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتیی دادگەی تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پەسندی ناكات و بە نەخوازراوی دەزانێت، وە ئەو كەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتە بەر، بەڵام ناكرێت حاڵەتەكە بگشتێنرێت بەسەر هەموو پۆلیس و پاسەوانەكانی دادگادا كە ئەركیان پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هاووڵاتیان و شكۆی دادگەیە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan