کوردستانی

مووچەی زیاتر لە 4 هەزار مووچەخۆر راگیرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


مووچەی زیاتر لە 4 هەزار مووچەخۆر راگیرا
مەودا میدیا-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت بێگومان پرۆسەی چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئاماژە بەوەشدەکات یەک ملیار و 253,626,591 دینار گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت.

لیزا فەلەکەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "لە ئەنجامی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەم و سێیەم لە مادەی سێ لە یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، لیژنەی باڵای بایۆمەتری و فەرمانگەى تەکنەلۆجیاى زانیارى، دوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوون لە لیستی ناو و زانیاریی کەیسی ئەوانەی دوو مووچەی نایاسایی وەردەگرن، توانراوە 4189 دوو مووچەیی نایاسایی دەستنیشانبکرێن و رابگیرێن".

 ئاماژە بەوە کراوە "بڕی پارەی گەڕاوە لە ئەنجامی راگرتنی دوو مووچەیی نایاسایی تا ئێستا گەیشتووەتە 1,253,626,591 (ملیارێک و دوو سەد و پەنجا و سێ ملیۆن و شەش سەد و بیست و شەش هەزار و پێنج سەد و نەوەد و یەک دینار)".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستووەتەڕوو "بێگومان پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی مادەکانی دیکەی یاساکە بەردەوامە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan