کوردستانی

پارتی بە دوو مەرج لەگەڵ لایەنە شیعەکان رێکدەکەوێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتی بە دوو مەرج لەگەڵ لایەنە شیعەکان رێکدەکەوێت
مەودا میدیا-

لەدوای کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عیراق، پارتی دیموکراتی کوردستان کە هاوپەیمانیی سەدر بوو، دوو مەرجی هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ لایەنە شیعەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

شوان محەمەد، پەرلەمانتاری عیراقی فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە "دوای کشانەوەی رەوتی سەدر، پارتی دەیەوێت لەگەڵ هەموو لایەنە کوردییەکان وەرەقەیەکی هاوبەشمان هەبێت و پێکەوە بچینە دانوستان لەگەڵ هێز و لایەنە شیعەکان، تا ئێستاش پارتی پێداگیرە لەسەر خواستە یاسایی و دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان".

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا، مەرجەکانی پارتی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکراکردووە و دەڵێت "مەرجی یەکەمی پارتی، راگرتنی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی عیراقە دژی نەوت و گازی هەرێم، تا ئەوکاتەی دەگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش، مەرجی دووەمی پارتی ئەوەبووە، گەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەدرێتە یەکێتی، نابێت بەرهەم ساڵح بۆ پۆستەکە کاندید بکرێتەوە، لە بەرانبەر ئەو پۆستەشدا، پۆستە سیادی و وەزاریەکان بۆ پارتی بن".

لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەک بەناوی (هاوپەیامنیی رزگاریی نیشتمانی) پارتی دیموکراتی کوردستان و رەوتی سەدر و عەرەبی سونە، هەوڵیاندا پێکەوە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دروست بکەن، بەڵام دوای شکستهێنانی هەوڵەکانیان، لەناکاو موقتەدا سەدر بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت و پەرلەمان دەرکرد.

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan