کوردستانی

مەسرور بارزانی: داهاتی دەروازە سنوورییەکان سێ بەرانبەر زیادیکردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسرور بارزانی:  داهاتی دەروازە سنوورییەکان سێ بەرانبەر زیادیکردووە
مەودا میدیا-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت داهاتی دەروازە سنوورییەکان سێ بەرانبەر زیادیکردووە، ئاماژەی بەوەکرد راست نییە حکومەتی عیراق دوای هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیبێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی دیدارێکی تایبەت لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس رایگەیاند "داهاتی دەروازە سنوورییەکان سێ بەرانبەر زیادیکردووە و قاچاغچێتیش لە دەروازە سنوورییەکان دا زیادبووە، بەڵام لە هەموو دەروازە سنوورییەکان وەک یەک نییە، داوامانکرد هێزێکی تایبەت بچێتە سنوورەکان، بەڵام تائێستا نەکراوە و ئەوکات وتیان شەڕ دروست دەبێت، من نامەوێت کێشەکان قوڵتر بن، دەمەوێت چارەسەریان بکەین، ئێستا لە هەوڵداین بیکەین".

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد "هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن کار و پرۆژە گەورەکان پیشانی خەڵک نادەن و گیانی نیشتمانپەروەری بڵاوناکەنەوە، ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لە وڵاتانی دەوروبەر، کەس لەسەر کاری رۆژنامەوانی و باوەڕ و کاری سیاسی نەگیراوە، لە هەموو دنیا میدیا لەلایەن کەسانێک یان لایەنێک پشتگیری دەکرێت، ئەوە ئاساییە، بەڵام دەبێت ئەو دەزگایانە سەرچاوەی داهاتیان دیاربێت  کە دیارنییە لە کوێوە پشتگیریی دەکرێن. دەبێ وەزارەتی رۆشنبیری لەوبارەوە کاری خۆی بکات".

باسی لەوەشکرد "راست نییە حکومەتی عیراق دوای هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیبێت، ئەوکاتەی لە 2014 دا حکومەتی عیراق بودجەی ئێمەی بڕی، هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوتی هەناردە نەکردبوو. هەروەها سۆمۆ هۆکارێکی هەرزانتر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، چونکە هەڕەشەی لە هەموو کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان کردبوو، کەچی دوایی رەخنەی هەرزان فرۆشتنی لە هەرێمی کوردستان دەگرت، هەروەها خەرجی عیراق لە دەرهێنانی نەوت دا زۆرە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی "ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان، بەڵام حکومەتی عیراق ئامادە نییە، سەبارەت دۆسییەی نەوت و گاز، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) بەپێی دۆخی تازەی عیراق دروستنەکراوە، ئێمە داوامان کردووە کۆمپانیای سۆمۆ دروستبکرێتەوە و جێگری بەڕێوەبەر لە کوردستان بێت و مافی ڤیتۆی هەبێت".

وتیشی "کوا دادگەی باڵای فیدراڵی لە عیراقدا هەیە؟، عیراق دادگەی فیدراڵی نییە، هەروەها ئەو بەناو دادگای باڵای فیدراڵییە بەپێی دەستووری عیراق دروستنەکراوە، پێم سەیرە خەڵکانێک هەبن بڕیاری دادگەی فیدراڵییان سەبارەت نەوتی هەرێمی کوردستان پێخۆش بێت، چونکە هیچ شارێکی عیراق ناگاتە ئاستی شارەکانی هەرێمی کوردستان لە هیچ رووێکەوە، تاوەکو خۆزگە بە شارەکانی عیراق بخوازرێت، دەبووایە ئاڕاستەی رەخنەکان بەرەو حکومەتی عیراق بن، نەوەک حکومەتی هەرێمی کوردستان".

سەرچاوە/ رووداو


س.ر
Qaiwan
Qaiwan