چاوپێكەوتن

چیمەن عەبدولڕەحمان: زیاتر لە 27 جار ماڵم تێکچووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


چیمەن عەبدولڕەحمان: زیاتر لە 27 جار ماڵم تێکچووە
مەودا میدیا-

یەکێک لە خەسڵەتە هەرە جوانەکانی ژن ئەوەیە؛ لە نێو دۆزەخی حەزی خۆسەپێنی و داگیرکاریدا، ئەوان لە هەر بوار و سوچێکەوە بۆیان بلوێت، رەنگاوڕەنگی و هیوا بە ژیان دەبەخشنەوە... لە نێو زەلکاوی کێبڕکێ و یەکترکوشتندا، ئەوان گوڵن. لە نێو قاقای یەکترشکاندن و چاوسوورکردنەوەدا، ئەوان زەردەخەن... بۆ شاعیران: ئیلهامن، بۆ ئەدیبان: مانا و پەیامن، بۆ زامداران: هەتوانن...

کاتێک ئەم چاوپێکەوتنەی خاتوو چیمەن دەخوێنیتەوە، رەنگە پێت وابێت کە ئەم خاتوونە تەنانەت لە رۆژە سەختەکانیشدا هەر خەریکی خۆشخۆری و کەیف و سەفا بووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم سەرنجە لە تێڕوانینێکی هەڵەوەیە. راستییەکەی ئەوەیە ئەم خاتوونە و ژنان بەگشتی، تەنانەت لە رۆژە هەرە سەختەکانیشدا ئەوان جوانییەکان دەژێننەوە و مانا بە ژیان دەدەنەوە... بەکورتییەکەی: لە هەر جێیەک ژن هەبێت، ژیانیش هەیە.

سەرەتا خۆت بناسێنە...
ناوم چیمەن عەبدولڕەحمان عومەرە. ڕێکەوتی 16ی کانوونی دووەمی 1964 لە شاری سلێمانی، گەڕەکی کانێسکان لە دایک بووم.

خوێندنی سەرەتاییت لە چ خوێندنگەیەک بوو؟
خوێندنی سەرەتاییم لە خوێندنگەی رووناکی بوو، خاتوو گوزیدە بەڕێوەبەرمان بوو.

هیچ یادگارییەکت ئەو قۆناغەی ژیانت لەیادە؟
جارێکیان کالەیان دەدا بە منداڵە کەمدەرامەتەکان، بە منیان نەدا، منیش داوام کرد، مامۆستاکە لێم تووڕە بوو وتی: "ورچەکۆن، باوک ئەقتاع (دەرەبەگ)، چۆن بە تۆی دەدەم". دواتر بەڕێوەبەرەکە وتبووی چۆن دڵتهاتووە وای پێ بڵێیت. من گریام و حەرشم کرد.

باسی دایک و باوکتم بۆ بکە...
دایکم ناوی نەسرینە، کچی ئەکرەم بەگی تۆفیق بەگە، نەوەی تۆفیق بەگی تابوور ئاغایە، کە لە تورکیا شەهید بووە و گۆڕەکەشی هەر لە تورکیایە، پلەیەکی بەرزی سەربازیی هەبووە.

باوکم، شێخ ئەوڕەحمانی کوڕی سەید عومەری کارێزەیە، شێخی کارێزەن. باوکم لە کارێزە ژیاوە، دوای ئەوەی داوای دایکم دەکات، هاوسەرگیری دەکەن و دێتە شاری سلێمانی و لێرە ژیان بەسەر دەبات.

ئاستی بژێویتان چۆن بوو؟
باوکم بەهۆی دەرامەتی موڵک و ماڵیانەوە ئێمەی بەخێو کردووە، هەرچەندە دەوڵەمەند نەبووین، بەڵام ژیانێکی شایستەی بۆ دابین کردین و زۆربەی پێداویستیی خۆراکیش هەر لە کارێزەوە بۆمان دەهات.

دوای ئەوەی باوکت دایکتی هێنا و هاتە سلێمانی، لە کوێ نیشتەجێ بوون؟
سەرەتا دایک و باوکم لە خانووی ئەحمەد بەگی موتەسەریفدا ژیاون تا خانوویان کردووە، کرێمان نەداوە بە خانوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکم عەشایەر بوو، میوانی زۆرمان هەبوو و نەیاندەتوانی پارە کۆبکەنەوە، بەڵام ژیانمان زۆر خۆش بوو.

باوکت کەسایەتییەکی چۆنی هەبوو؟
باوکم وەک پەپوولە وابوو، دەستودڵی زۆر باش بوو، حەزی بە یارمەتی خەڵک بوو. لە رووی مەعنەوییەوە قسەخۆش و خۆشمەشرەب بوو. باوکم زۆر جەلالیی بوو، وەک شێخێک و کەسێکی ناسراوی ناوچەکەی، چەند جارێک داوایان لێ کردووە فەوجێک دروست بکات، بەڵام بەتوندی رەتی کردووەتەوە. زۆر کەسێکی سادە بوو.

لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی چوویتە چ خوێندنگەیەک؟
لە ناوەندی چووم بۆ خانزادی کچان. ساڵی 1981 بوو، کە دەرچووم بۆ چواری دواناوەندی، دایکم و باوکم حەزیان دەکرد ببمە مامۆستا، بە بۆچوونی ئەوان مامۆستایەتی بۆ کچ باشە، فریای ماڵ و منداڵیش دەکەوێت. کۆنمرەم باش بوو، چووم بۆ چاوپێکەوتن بەمەبەستی وەرگرتنم لە خانەی مامۆستایان، لە چاوپێکەوتنەکەدا پرسییان لە (تەلائیع)ی. وتم نەخێر. ئیتر وەریاننەگرتم.

کەی و چۆن هەستی نەتەوایەتیت بزوا؟
سەرەتا گوێبیستی خوێندکاران دەبووم کاتێک لە نێوان خۆیاندا گفتوگۆیان دەکرد و باسی پێشمەرگە و چالاکییەکان و خۆپیشاندانیان دەکرد. هەروەها باوکم بە نهێنیی رادیۆی دەخستە سەر هەواڵەکانی پێشمەرگە و گوێبیستی دەبوو... ئەمانە کاریگەرییان لەسەر هەستی من کردبوو. جارێکیان خوێندکاران وتیان خۆپیشاندان دەکەین دژی رژێم، منیش چوومە ناو خۆپیشاندانەکە و بەردمان دەگرتە (هێزە تایبەتییەکان - قوات خاصة)، چونکە رێگرییان لێ دەکردین. ئەوسا بەڕێوەبەرەکەمان خاتوو نەزیرەی خوشکی شەهید ئارام بوو، رۆژی دوای خۆپیشاندانەکە نەزیرە خان و مامۆستا چیمەن ساحێبقڕان بانگیان کردین... نەزیرە خان پێی وتم دانیشە! خۆت بینیوە دەڵێی گوڵیت، زیاد لە پێویست دیاری، چۆن بەرد لەو هێزانە دەگرن، نازانن مەترسیتان دەکەوێتە سەر. بەڵام من گوێم نەدایە و لە خۆپیشاندانەکان بەردەوام بووم و لەگەڵ دواناوەندییەکانی کوڕان تێکەڵ دەبووین، کە وەک خوشک و برا هەموومان بەتەنگ یەکەوە بووین.

چۆن کاک دانات ناسی؟
هەواڵی شەهیدبوونی مامۆستا جەمال تاهیر گەیشتە سلێمانی، کە لە رێکەوتی 14ی تەمووزی 1983 شەهید بوو  (لەگەڵ شەهید جەمال لە دایکەوە خزم بووین و شوبرای خوشکەکەشم بوو). پرسەکەیان بە نهێنیی لە شاری سلێمانی دانا. چلەکەی لە بالیسان بۆ کرا، پوورزاکانم وتیان دەچین. ئەو کاتە تەمەنم (17 – 18) ساڵان دەبوو، وتم منیش دەچم و چووم.

لەوێ دانا منی بینیبوو و دایکی بانگ کردبوو وتبووی دەمەوێت داوای چیمەنم بۆ بکەیت. کاتێک گەڕاینەوە سلێمانی، ئافتاو خانی دایکی دانا و کاک ئەحمەدی باوکی هاتن بۆ خوازبێنیم. سەرەتا دایکم وتی نابێت و کچەکەم بەکەڵکی دەرەوە و لادێ نایەت، بەڵام باوکم لاریی نەبوو. 

ئەی خۆت رات چی بوو؟
کە لە منیان پرسی، من رازیی بووم. هەرچەندە داناشم نەبینیبوو، بەڵام وشەی پێشمەرگە ئەوسا زۆر مەزن بوو لامان، واماندەزانی کە لە مرۆڤی ئاسایی ناچن و توانایان لە رادەبەدەرە، لە راستیشدا ئەوسا پێشمەرگە ناوێکی زۆر گەورە بوون، لەو سەردانەشدا ئەو گەنجانەم بینی، کە لە جوانی و لێوەشاوەییدا کەموێنە بوون. 

هەر دایکت ناڕازی بوو؟
براکەشم هەر رازیی نەبوو، کاک ئەحمەدی باوکی دانا چوو بۆ موسڵ بۆ لای براکەم کە لە زانکۆی موسڵ لە کۆلێجی ئەندازیاریی بوو. دایکم شێخی کارێزەی راسپارد بێتوو پەشیمانم بکەنەوە، بەڵام من هەر سوور بووم لەسەر شووکردنەکە، بەڵام باوکم و خوشکەکانم رەزامەند بوون. 

پێش هاوسەرگیرییەکەتان کاک دانات بینی؟
بەڵێ، چوومە دەرەوە بۆ کەلکەسماق بۆ ئەوەی دانا ببینم و قسە بکەین، دانا خۆی و مەفرەزەیەک پێشمەرگە هاتبوون لەوانەی لەگەڵی بوون، هاوڕێکانی: شەهید ئەکرەم، فەرهەنگی تۆفیق بەگ، وەستا کەمال، هەروەها ئامینە خانی خوشکی فاتمە خانیش بوون. 

بیرتە لەو دیدارەدا کاک دانا چی پێ وتیت؟
دانا وتی من پێشمەرگەم هیچم نییە، لێرە ژیانی شارت دەست ناکەوێت، هەرگیز فشار مەکە تەسلیم بم، چونکە من تەسلیم نابمەوە. نە پارەم هەیە نە ماڵ، ئیتر لەم جۆرە قسانە... منیش وتم بۆ ئەو شتانە نەهاتووم، شووت پێ دەکەم، چونکە پێشمەرگەیت... ئیتر بڕیارم دا شووی پێ بکەم.

هاوسەرگیرییەکە کەی و چۆن دەستی پێ کرد؟
هەر کە ئەو بڕیارەم دا، ئەوەندەی پێ نەچوو گفتوگۆ لەگەڵ حکومەت دەستی پێ کرد. کاتێک ئاگربەست بوو، پێشمەرگە دەگەڕانەوە ناو شار، خەڵک لەسەر شەقامەکان لەمبەر و ئەوبەر پێشوازییان لێ دەکردن، ئەو وێنایەی کە پێشمەرگە هەیبوو، لە ترۆپک و بەرزیدا بوو. وتیان پێوقەدەمی چیمەن خێر بوو، ئیتر لە ماڵەوە لە شار بۆنەیەکی بچووکیان کرد و دواتر چووین بۆ سەری ڕەش.

هەواڵی شووکردنم گەیشتە دواناوەندی، مامۆستاکانیش پێیان وتم ئەو بڕیارە هەڵەیە، تۆ خوێندکاریت و ژیانی پێشمەرگایەتی و لادێ بەکەڵکی تۆ نایەت و زەحمەتە. 

دوای ئەوەی گفتوگۆ شکستی هێنا و شەڕ دەستی پێ کردەوە، چیتان کرد؟
پاش چەند مانگێک دانوستانەکە تێک چوو، ئیتر ئێمە چووین بۆ کرژە، دوای کرژە چووینە زێوێ و پیرەمەگرون و مێرگەپان، چوار ماڵ بووین: ماڵی حەمە جەزا، سەڵاح چاوشین، ماڵی خۆمان، ماڵی ئەبو شەهاب. یەکی یەک چادرمان هەبوو. 

ئەو ماوەیەی سەرەتای ژیانی شاخ و پێشمەرگایەتیت چۆن دەگوزەراند؟
ئەو ماوەیە زۆر خۆش بوو، لەگەڵ حەمە جەزا پێشبڕکێی ئامادەکردنی قبوڵیمان دەکرد، کە هەر برنج و رۆن و پیاز بوو لە مەنجەڵی مس و سەر ئاگر. ئەو ماوەیە گوێدرێژێکمان هەبوو، لەگەڵ خۆم دەمبرد و دەچوومە سەر شاخ، پێش ئێوارە دەگەڕامەوە، سەر پشتی گوێدرێژەکە تێڕکی لەسەر بوو، هەردوو لاکەیم پڕ دەکرد لە بەفر و دەهاتمەوە، لە رێگە هەر شوانێکم دەبینی نان و چام دەخوارد لەگەڵی. وەک حەیوانە کێوی هەموو رۆژێک بەسەر ئەو شاخانەوە بووم، کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامم لە وەرزش.

ئەو کاتەی هاوسەرگیریت لەگەڵ کاک دانا کرد، ئەو بەرپرسیارێتی چی بوو؟
کە شووم بە دانا کرد، ئەو کاتە سەرتیپی 93ی کۆیە بوو، دواتر بوو بە سەرتیپی 23ی سورداش، لەوێ لە نۆرینگەیەکی بەتاڵی حکومی بووین، زستانێکی زۆر سەختی هەبوو، بەفر زۆر دەباری، خواردنی لێ دەست نەدەکەوت، خواردنیان لە سلێمانییەوە بۆ دەهێناین.

ئەى ئەگەر میوانێکتان بهاتایە؟
هەر میوانێک بهاتایە، چاوەڕێ دەبووین خۆراکمان بۆ بهێنن. جارێکیان میوانێکمان هات، تاکە جگەرەیەکیشی پێ نەبوو، کوڕەکەی لەگەڵ دانا رۆیشتبوو بۆ جەولە، 40 دانە رۆژ لامان مایەوە، ئەوەی هەمانبوو ئارد و رۆن بوو، ئەو ماوەیە زۆربەی کات ناوساجی و چامان بێ پێخۆر خواردووە هەر سێ ژەمەکە، جار جاریش بە ئارد و هێلکە کێکم لەسەر سۆپا دەکرد. قاورمەمان هەبوو دڵم نەدەهات بیخۆین، هەڵمگرتبوو بۆ دانا کاتێک دەگەڕێتەوە.

دوای ئەوە چوونە کوێ؟
دوای ئەوەی چووینە خاڵخاڵان، دانا بوو بە سەرتیپی 25ی خاڵخاڵان، دراوسێی مام رۆستەم بووین، ئەویش سەرتیپی 21ی کەرکوک بوو. مام رۆستەم هەموو بەیانییەک بەگاڵتەوە دەیوت: "ئێوە دەڵێی لە پاکەت هاتوونەتە دەرەوە، کێک دەخۆن و جلتان ئوتووکراوە"، ئوتوویەکی خەڵوزمان هەبوو، جلم پێ ئوتوو دەکرد. 

لەوێ زۆر مانەوە؟
پاش ماوەیەک لەوێش نەماین، چووین بۆ قزلەر و لەوێ بووین بە دراوسێماڵی ئەرسەلانی حەمەی فەرەج. لەوێ هەموو شەوێک لە سوسێوە تۆپباران دەکراین، تۆپەکان سووردەچوونەوە وەک پشکۆی ئاگر و دەهاتمە دەرەوە بۆ سەیرکردنیان.

سەرەڕای ئەوە، شەوانە کاتی پشوو لەگەڵ پێشمەرگەکان کۆنکەنمان دەکرد لەسەر یەک قوتوو پیپسی، ئەو کاتە پیپسی ئەوەندە دەگمەن بوو لە لادێکان ناویان نەدەزانی. 

لەوێش هاوینێک و زستانێک ماینەوە.

لەو ماوەیەدا منداڵتان هەبوو؟
لەنیای کچم لە ساڵی 1985 لە مێرگەپان لە دایک بوو. لە ساڵی 1987یش لە قزلەر دووانەیەکم بوو (توانا و زانا)، بەداخەوە توانا هەر زوو بە رووداوێکی دڵتەزێن بەجێی هێشتین. لە کاتی لەدایکبوونی ئەو دووانەیە، بە تراکتۆر هاتمەوە سلێمانی و لەوێش تاکسییەکم گرت و چووم بۆ ماڵی خەزوورم و بردیانمە نەخۆشخانە، کە لە نەخۆشخانە بووم، تۆپێکی ئێران دای بە نەخۆشخانەکەدا، کە گەڕامەوە، مام جەلال دانای بانگ کرد بۆ یاخسەمەر، ئەوکات سەرکردایەتی لەوێ بوو، دانای کرد بە بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئێران و ماڵمان چوو بۆ یاخسەمەر و لەوێ ماڵمان دانایەوە. 

لە یاخسەمەر ژیانتان چۆن بوو؟
لە یاخسەمەر بەردەوام تۆپباران دەکراین بە بۆمبی ئاسایی، یان کیمیاوی. لە حەفتەیەکدا ئەگەر دوو جار بۆردوومان نەکراینایە، ئەوا یەک جار دەکراین. 

لە کاتی بۆردوومان بە بۆمبی کیمیاوی لە کوێدا خۆتان دەپاراست؟
لە کاتی بۆمبی کیمیاوی دەچووینە سەر شاخ، چونکە دووکەڵی کیمیاوی دەنیشێت و سەر شاخ سەلامەتترە، نەدەچووینە کونەتەیارە.

پێشتر وتت کوڕێکت بە رووداوێکی دڵتەزێن لەدەست دا، ئەو رووداوە چۆن بوو؟
رۆژێک لە یاخسەمەر لە کاتی بۆردوومانی کیمیاوی حکومەتی عیراقی، بەپەلە لەنیا و زانام فڕاند بۆ کونەتەیارە، تەنیا دوو منداڵم بۆ هەڵدەگیرا، ویستم ئەو دووانە بفڕێنم بۆ ناو کونەتەیارەکە و بگەڕێمەوە بۆ لای توانا و بیبەم، هەر کە سەرم خستە ناو کونەتەیارەکە، مارێکی زەردم بینی لەسەر کلکی وەستا بوو، لەتاوا هاوارم کرد و گلەیی توندم لە خوا کرد، وتم: "کەس نییە لە من زیاتر خۆتی پێوە سەرقاڵ بکەیت!" بۆردوومان، مار و کونەمار و منداڵێکیش هێشتا لەژێر کەپرەکەیە، ئیتر نەچووینە کونەتەیارەکە و خۆم و دوو منداڵەکەم گەڕاینەوە ژێر کەپرەکە، بینیم توانا دەستی کرد بە رشانەوە و رام کرد بۆ لای دکتۆر شوان و بەرزان، کە لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بوون و تەنیا یەک ژوور بوو لە یاخسەمەر. وتم فریام بکەون توانا دەڕشێتەوە، کە گەیشتن زیاتر رشابووەوە و پارچە خوێنی هێنابووەوە. بەو ماوە کەمەی کە جێم هێشت، کیمیاوییەکە لێی دابوو. دکتۆر بەرزان و شوان کە بینییان وتیان بەتەمای مەبە تازە تەواو. تەمەنی حەوت مانگ بوو، هەر ئەو ئێوارەیە کۆچی دوایی کرد، چونکە منداڵ بوو بەرگەی نەگرت، ئیتر هەر لە یاخسەمەر ناشتمان و دوای ئەوە هەموو رۆژێک دەچوومە سەر گۆڕەکەی تۆزێک دادەنیشتم. دوای ئەوەی کە رۆیشتین، ئیتر گۆڕەکەیم نەبینییەوە تا ئەو کاتەی مام جەلال بوو بە سەرۆککۆمار، جوابی بۆ ناردم وتی دەتەوێت بچیتە سەر گۆڕەکەی توانا. منیش زۆرم پێ خۆش بوو، ئۆتۆمبێل و پێشمەرگەی بۆ ناردم، ئەوسا یاخسەمەر تەخت کرابوو و ماڵەکەی خۆشمانم نەدەدۆزییەوە، بەڵام پێشمەرگەکان شارەزا بوون منیان بردەوە سەر گۆڕەکەی توانا.

هیچ یادگارییەکی خۆشی ئەو کاتەت لەبیرە؟
سەرەڕای ئەو هەموو بارگرانی و تۆپبارانکردنانە، لەگەڵ ئەوەش بەسەرهاتی خۆش هەر هەیە. جارێکیان میوانمان دەهات، منیش سەروپێم لێنابوو و لەسەر ئاگر بوو، بۆردوومان دەستی پێ کرد، لەتاو سەروپێکە نەچوومە ناو کونەتەیارە و خاولییەکی تەڕم بە خۆم و لەنیادا دا. 

رۆژێکی تریش بۆردوومان بوو، رامکردە کونەتەیارە، کە چوومە ناو کونەتەیارەکە، ئەوەندە هێلکەی لێ بوو لەوە دەچوو مریشکەکان بچنە ئەوێ هێلکە بکەن، ئیتر لەتاو هێلکە هیچم بیر نەما، نە بۆردوومان و نە لەنیا.

ئەى سەبارەت بە یاردەوەریی ناخۆش چی؟
جارێکیان بۆردوومانێکی زۆر بەهێز کرا و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، هێزەکانی حکومەت گوندەکانی دەگرت، ئێمە لەو ماڵە کونەتەیارەیەکمان هەبوو، بە چوار پلیکانە بۆی دەچووینە خوارەوە، چوار رۆژ نەمانتوانی سەریش دەربهێنین لەبەر شەڕی قورس و بۆردوومانی چڕ، کونەتەیارەکە بە شاخەوە بوو، ئاوی دەدزی، هەموو گیانم تەڕ بووبوو، بەبێ خۆراک و بە دوو منداڵەوە. تەنیا نانەوشکەی تیریمان پێ بوو.

منداڵەکان بەردەوام دەگریان، سکیشم بە توانا هەبوو، دوای چوار رۆژ، دانا و شۆڕش ئیسماعیل و شێخ دارای شێخ عەبدولکەریم و هەموو سەرتیپەکان لەوێ بوون، وتیان بەپەلە خۆتان کۆبکەنەوە هێزە سەربازییەکانی عیراق گەیشتوونەتە قزلەر. ئیتر بەو برسێتی و سکپڕییەوە بەپەلە رۆیشتین تا گەیشتینە کەڕکەڕ، لەوێ بارەگای ئێرانییەکانی لێ بوو، پاسدارەکان منیان بەو دۆخە خراپە بینی کە نەمدەتوانی بەباشی رێ بکەم لەبەر برسێتی و بێهێزی، هەرچەندە بۆ هەڵگرتنی منداڵەکانم پێشمەرگەکان یارمەتییان دەدام. ئیتر دوو قوتوو کەمپووتیان بۆ هێنام و بەپەلە هەردووکیم خوارد، دوایی داوای هیی ترم کرد بۆ منداڵەکان، تۆزێک هێزم هاتەوەبەر. لەوێ نانەواخانەیەکی داڕووخاوی لێ بوو، لایەکی رووخا بوو و بارانیش دەباری، زۆرێک لە خێزانەکان لەوێ کۆبووبووینەوە، ئێمە و ماڵی بەکری حاجی سەفەر، پەیمانی شۆڕش حاجی، ماڵی دارای حاجی برایم و کەژاڵی دارا تۆفیق... تەنیا ژن و منداڵ بووین. دیسانەوە بێ خواردن و خواردنەوە، جگە لە باراناو هیچ دەستنەدەکەوت، پارەم پێ بوو، بەڵام هیچ نەبوو بیکڕین، پێشنیارێکم بۆ کردن وتم با پارە کۆبکەینەوە یەکێک راسپێرین بەرخێکمان بۆ بکڕێت. ئەوەندەی پێ نەچوو پێشمەرگەیەک هات وتی کاک نەوشیروان وتوویەتی هەمووتان بڕۆن، تەنیا چیمەن نەبێت، چونکە سوپای عیراقی بەرەو ئێرە دێت. بەو سکەمەوە لەنیاش بەسەر کۆڵمەوە بوو و زاناشیان بۆ هەڵگرتبووم و دەڕۆیشتین. باوکی دانا ماینێکی بۆ ناردبووم، ماینەکە گەیشت، بەڵام پێی نەڕۆیشتم، چونکە دایکی رائید دارا (فاتمە خان) ژنێکی بەتەمەن بوو، وتم با ئەو سواری بێت. پاسدارەکان جلێکی (مطري)یان دابوومێ، هەموو گیرفانەکانیم پڕ کردبوو لە وێنە و شیری نیدۆ و جلی منداڵەکان. دۆخەکە زۆر خراپ بوو، گەیشتینە لای کانيیەک، بەستبووی، شکاندم و کەوتمە ئاوخواردنەوە، ژنێکی عەرەبیشی لێ بوو، چوار منداڵی هەبوو، هەندێک خورمای پێ بوو، کەمێک خورما و نانی دامێ خواردم. زۆر بێهێز بووم، داوام لە کاک هێرش و کاک سامان کرد منداڵەکان بگەیەننە دەستی ماڵی خەزوورم یان شوێنێکی ئەمین. ئیتر کەوتم و لە هۆش خۆم چووم و ئاگام لە دنیا نەما، کاتێک چاوم کردەوە لەناو هەلیکۆپتەرم. کاتێک هەلیکۆپتەرەکە گەیشتبوو، کاک هێرش و کاک سامان دەستیان بۆ راوەشاندبوو و نیشتبووەوە، پێیان وتبوو ئەوە خانمی ئاغای دانایە، دانایان دەناسی. منداڵەکانیشم لەگەڵ بوو، دیسانەوە پاسدارەکان قوتووی کەمپووتیان بۆ هەڵپچڕین و هۆشم هاتەوە بەر و گەیشتینە شاناخسێ، لەوێ بارەگاکان و جبەخانەی چەکی ئێرانیی لێ بوو، فڕۆکەی هەردوولا بۆمبارانیان دەکرد. لە شاناخسێ بۆردوومانی فڕۆکە بوو، ئێمە لە زەوییەکدا دانیشتبووین کە بۆمبیان دەهاویشت، پێشمەرگەیەک بەناوی (کەمال) سەری لە لەشی جیا بووبووەوە، هێشتا لەشەکەی دەڕۆیشت، ئەو وێنە مەترسیدار و پڕ ئازارەم هەرگیز لەیاد ناچێت. خەڵکێکی زۆر و پێشمەرگەی زۆر شەهید و بریندار و سووتا بوون.

لەوێ لۆرییەکی لێ بوو پێشەوەی بەتاڵ بوو، لە دواوەش تەنەکەی پەنیری تێدا بوو بۆ هێزەکانی خۆیان دەبرد، داوام لێ کردن تەنەکەکان بخەنە لایەکەوە بۆ ئەوەی جێگەی خەڵکی تر بکەنەوە... لەپێشەوە کەژاڵی رائید دارام لەگەڵ بوو، دوای نزکەی 36 کاژێر گەیشتینە سەقز، لەوێش بۆ جاری سێیەم خواردنی کەمپووتی قوتوو ئێمەی لە برسێتی رزگار کرد، ساردکەرەوەیەک لە پێشی لۆرییەکەدا بوو لەو قوتووانەی تێدا بوو. 

لەوێ چوونە کوێ؟
لەوێ ئوتێل ئازادیان بۆ ژنە پێشمەرگە و ئاوارە بەتاڵ کردبوو، لەوێ دایانناین. کاک هەڵکەوتم بینی وتی، ماڵی خەزوورتم بینیوە گەیشتوونەتە سەقز. وتم با بچینە لای ئەوان. ئەو ماوەیە 10 رۆژی خایاند تا گەیشتمە سەقز.

دوای پشوو و خۆشۆردن، ماڵی باوکی دانا دەعوەت بوون، لەگەڵیان رۆیشتم. دوای برسێتییەکی زۆر، ئەو خواردنە ئەوەندە بەچێژ بوو، ئێستاش تامەکەیم بیر ناچێتەوە. هەر هاتمەوە ماڵەوە ژانی منداڵبوونم دەستی پێ کرد، ژانێکی پێشوەختە بوو بەهۆی ماندووبوونمەوە. ئەو ژنەی کە ماڵی خەزوورم نهۆمی سەرەوەیان لێ بەکرێ گرتبوون، ناوی مریەم خان بوو، وتی من دەیبەم بۆ نەخۆشخانە، کە چووین پەرستارەکان وتیان با لێرە بێت، بەڵام کە ئینزاری فڕۆکە بوو، ئێمە نەخۆشخانە جێ دەهێڵین. ئیتر چوومەوە ماڵەوە و ژانم نەما. 

هەر ئێوە بوون کە چووبوونە سەقز یان زۆر بوون؟
کاتێک لە سەقز بووین، نزیکەی 400 ماڵە پێشمەرگە بووین، هەر چەند ماڵێک بەیەکەوە بووین. لەوێش تا بۆم کرابێت یارمەتی زۆرێک لەو ماڵە پێشمەرگانەم دەدا، بەتایبەتی ئەوانەی هیچیان پێ نەبوو، هیچ یەکێک لەو ماڵانە و پێشمەرگەکان مووچەیان نەبوو، بۆیە تواناکان زۆر کەم بوون.

ئەى کاک دانا لە کوێ بوو؟
هەواڵمان پێ گەیشت کە دانا و ئەسکەندەر و مام هێرش بەر کیمیاوی کەوتوون و نەماندەزانی کەی و چۆن بووە. دواتر زانیمان ئەوان لە نەخۆشخانەی (یەزد)ن کە لە رۆژهەڵاتی شاری ئەسفەهانە، پێشمەرگە هاتنە ماڵی خەزوورم و هەواڵیان هێنا کە دانا باری تەندروستیی خراپ نییە، ئیتر دکتۆر بەرزان عزەت نەجیب لەگەڵ شوان (یوسف) وتیان دەیهێنینەوە، بەڵام تا دەتوانن خواردنی ساردی بدەنێ. ئەوسا تەنیا خواردنی قوتوو هەبوو، منیش کڕیمن و لەژێر بەفری حەوشە دامنان و دوای نزیکەی حەفتەیەک هێنایانەوە، دەبوایە لێی نزیک نەبینەوە. یەکسەر بردیانە حەمام و جلەکانیان خستە کیسەوە و فڕێیان دا، دوو حەفتە لە ماڵەوە چارەسەری بۆ دەکرا، ئیتر من دەچووم بۆ تەبرێز بۆ منداڵ بوون. دانا هێشتا باش نەبووبوو، وتی دێم لەگەڵت. گەیشتینە ناوەندی شار و فڕۆکەی عیراقی لە تانکەر و بۆریی نەوتەکانی دا و گڕ بەرەو ئاسمان بەرز بووەوە، دانا بە پۆلیسێکی وت دەمانەوێت بچینە بیمارستانی شەمس، ئەو پیاوچاکە بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس ئێمەی گەیاندە نەخۆشخانە و یەکسەر بردمیانە ژووری منداڵبوون و هەر کە منداڵەکەم بوو، خەوێکم لێ کەوت نازانم بوورابوومەوە یاخود ماندووێتی و شەکەتیی بوو. ئیتر وتیان نابێت لە نەخۆشخانە بن، هەر ئەو شەوە چووین بۆ ئوتێل و بۆ بەیانی دوایی، یەک رۆژ پاش منداڵبوونم، چووم بۆ بازاڕ جل بکڕم بۆ خۆم و بۆ منداڵەکە، دوای ئەوە گەڕاینەوە سەقز. 

تا کەی لەوێ مانەوە؟
دوای یەک مانگ مام جەلال بە دانای وت: "دەبێت بچیتە کرماشان و وەک نوێنەر کار بکەیت". لە کرماشان ماڵمان وەک میوانخانەی لێ هاتبوو، بەردەوام خەریکی چێشتلێنان بووم، جاری وا هەبوو لە 40 میوان زیاترمان هەبوو.

کەواتە لە کرماشان زۆر مانەوە؟
بەڵێ، لە کرماشان چوار ساڵ ماینەوە، لەوێ ماڵەکەمان وەک ئوتێل وابوو میوانێکی زۆرمان هەبوو و زۆربەی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی لە ماڵی ئێمە دەکرا. 

چ بەسەرهاتێکی ئەو ماوەیە لە هزر و ئەندێشەتدا نەخشاوە و بیرتناچێتەوە؟
هێشتا راپەڕین دەستی پێ نەکردبوو، شەهید حەمەڕەش دەستی کردبوو بە جەولەی چڕوپڕ (25 – 30) پێشمەرگەی لەگەڵ بوو، شەڕی پارتیزانییان دەکرد، دەچوون بۆ جەولە و دەگەڕانەوە بۆ کرماشان. بەیانییەکیان کاژێر 4، گوێم لە تەپەتەپ بوو و لە خەو هەڵیساندم، تەپەی قاچی پێشمەرگە کە خۆیان فڕێ دەدایە حەوشەکەمانەوە، یەکەم جارم بوو شەهید حەمەڕەش ببینم. هەر کە زانیم پێشمەرگەن، دەرگاکەم کردەوە و وتم: "خێرا وەرنە ژوورەوە". هەموو لەشیان تەڕی و قوڕ بوو. وتم "جارێ پێش ئەوەی نانی بەیانیتان بۆ ئامادە بکەم، دوو حەماممان هەیە چوار پێنج کەستان بەیەکەوە بچن بۆ حەمام و جلەکانتان دابنێن بۆتان بشۆم". تا ئەوان لێبوونەوە نانی بەیانیم بۆ ئامادە کردن، کاژێر 5:30 خولەک نان ئامادە بوو، هێشتا دانا بەئاگا نەهاتبوو، بەتەمابوون بۆ عەسر بچنەوە بۆ جەولە، جلەکانیانم شووشت و نانی نیوەڕۆم ئامادە کرد. لای عەسر بە پاکوخاوێنی دەرچوون بۆ جەولە، دوای دوو شەوی تر گەڕانەوە، دیاربوو چالاکییەکانیان لەو ناوە نزیک بوو. بە هەمان شێوە کەوتمە خزمەتکردنیان. لە جاری سێیەم، شەهید حەمەڕەش وتی: "چیمەن، خۆزگە پێشتر بمناسیتایە، شەرت بێت راپەڕین ببێت پەیکەرێکت لە سلێمانی بۆ بکەم". (ئەوسا دەنگۆی راپەڕین هەبوو). دوای ئەوە رۆیشتن و لەو جەولەیەیدا شەهید بوو. لە دووزخورماتوو بریندار دەبێت، بە برینداری دەیبەنە نەخۆشخانە بەرەو کفری و لە رێگە جارێکی تر تووشی کەمینی رژێم دەبن لە سلێمان بەگ، لە 11ی ئازاری 1991 شەهید دەبێت.

شەهیدبوونی ئەوەندە کاریگەریی هەبوو نەمدەتوانی لەبەر گریان خۆم بگرم. هەزار داخ بۆ ئەو کوڕە ئازایە.

کەی گەڕانەوە بۆ کوردستانی باشوور؟
دوای نەورۆزی 1991 گەڕاینەوە بۆ سلێمانی، سەیرمان کرد شار خۆرشاوە و خەڵک زۆر دڵخۆشن. ئەوەندە پشوومان نەدا مام جەلال وتی بگەڕێنەوە بۆ ئێران و گەڕاینەوە. لە رێگە کەوتینە ناو لێشاوی کۆڕەو و ئاوارە بوون و بە پێ تا تەوێڵە رۆیشتین. بیرمە لە تەوێڵە کەپرێکمان بە 100 دینار بە کرێ گرت و بەناچاری هەموومان لەوێ ماینەوە. چووم هەر لەو ناوە مەڕێکم کڕی و پارچە پارچەم کرد، بەتەنیا هیچ نەدەکرا و چووم بۆ لای خەڵک ئەوانەی ئازووقەیان پێ بوو، پێم وتن، گۆشت دەگۆڕنەوە بە برنج و دۆشاو و پەتاتە، لە هەر ماڵە ئاڵوگۆڕێکم کرد و خوانێکی باشم بۆ خۆمان و ئەو خەڵکەی لەوێ بوون ئامادە کرد.

دوای نانخواردن کەوتینەوە رێ بە پێ، زۆر رۆیشتین. بەسەر شاخێکدا سەردەکەویتن دوو ئەمەریکی بانگیان کردین: "come in" وامزانی دەڵێت کەمینە، منیش هاوارم کرد خۆتان بدەن بە زەویدا، نەمدەزانی هەموو زەوییەکە تەپاڵەیە، هەموومان دەموچاومان پیس بوو. دوو کوڕە ئەمەریکییەکە هاتن و بە پێکەنینەوە وتیان: "هەستن خواردنمان بۆ هێناون." بەو دەموچاوە پیسەوە دیسانەوە کەوتینە نانخواردن... کە برسێتی زۆری بۆ هێنایت، گوێ نادەیتە پاک و پیسی.

ئەى چۆن چوونەوە بۆ ئێران؟
نان خورا و بە پێ رۆیشتم، پاسدارێکی ئێرانیم بینی و بە فارسی پێم وت: "من ماڵم لە کرماشانە...". پاسدارەکە ئۆتۆمبێلێکی پەیدا کرد و وتی: "ناونیشانەکەم بدەرێ و بەدوامدا وەرن". هەموو خەڵکەکە سواری پیکاب بووین.

گەیشتینە پاوە، ماڵی مام هادی ئیشوکاری یەکێتییان دەکرد. لەو ماڵە ماینەوە و نانمان خوارد، کە گەیشتمەوە ماڵەوە (170) کەس لە ماڵەکەدا بوون، زۆربەی خزمی دانا بوون. بەو ماندووێتییە خەڵکم خستە حەمام و دیسانەوە کەوتمە خەمی خەڵکەکە، ئەوی پارەشی پێ نەبوو، پارەی تمەنم دەدانێ. 

لە چ شتێک پەشیمانی کە لەو کاتەدا دەبوو بیکەیت و نەکرد، یاخود بە پێچەوانەوە؟
لەو قەرەباڵغییەدا کاک فەرەیدون گەیشتە کرماشان، گەڕا بوو تا دانای دۆزییەوە و پێی وت: "بڕێک پارە دەگاتە ئێرە، با لێرە بێت تا دەگەڕێمەوە بۆی". پارەکە پارەی بانکی کوەیتی بوو، هەمووی بلۆک بلۆک بوو. ئەوەی ئێستا زۆر لێی پەشیمانم ئەوەیە کە دەستکاری ئەو پارەیەم نەکرد، نەشیانوت ئەوە تۆزێک پارە بۆ ئەو خەڵکە، ئیتر کاک فەرەیدون هاتەوە و پارەکەی برد.

دواتر هەر لەوێ مانەوە یاخود لەگەڵ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە گەڕانەوە بۆ ئێرە؟
ئێمە لە کرماشان ماینەوە تا کۆتایی 1992 و پاشان گەڕاینەوە بۆ سلێمانی، خانوومان بە کرێ گرت و ماڵمان دانا، ماڵمان بەتەواوی دانەنابوو کە مام جەلال لە قەڵاچوالان بە دانای وت "بچن بۆ سوریا"، کە دانا پێی وتم، وتم "زۆر باشە".

کەى چوونە سوریا و لەوێ بارودۆختان چۆن بوو؟
1ی کانوونی دووەمی 1993 لە دیمەشق بووین، ئەمە بوو بە (27) جار ماڵ تێکدان و ماڵ دروستکردنەوە. ژیانی سوریا خۆش بوو، لە ڤێلایەکی خۆشدا بووین، بەڵام کۆتاییەکی تراژیدیی هەبوو...

لێرەدا دڵم خێراتر لێ دەدات، لەبەر ئەوەی خاتوو چیمەن هاوڕێمە و دەزانم مەبەستی لە تراژیدی چییە، بەڵام داوام لێ کرد بەردەوام بێت و لە زاری خۆیەوە باسی رووداوەکە بکات...
 کە دانا گەشتی دەکرد، من دەمانچەکەم لای سەرمەوە دادەنا بۆ خۆپاراستن، لەو ماوەیەدا دز زۆر بوو. تۆڕی دزی هەبوو، جارێکیان ئۆتۆمبێلێکی مارسیدسیان دزی، بۆیە زیاتر ئاگام لە خۆم دەبوو. 

توانای کوڕم (دوای ئەو توانایەى کە بە کیمیاوی لەناوچوو، کوڕێکی تری دەبێت و بەناوی ئەوەوە ناوی دەنێتەوە) لە پۆلی یەکی ناوەندی بوو، کە لە خوێندنگە هاتەوە من میوانێکم هەبوو، وتم توانا بچۆ خۆت بگۆڕە و وەرە نان دەخۆین، هەر لە قسەکردندا بووم کە گوێم لە زرمەی دەمانچە بوو و یەکسەر کارەبا کوژایەوە، چونکە فیشەکەکە دەرچوو بوو دابووی لە کارەباکە، کە سەیرم کرد خوێن لە سەرییەوە فیچقەی دەکرد، بە ئۆتۆمبێل بردم و چووم بۆ نەخۆشخانەی ئەسەد و لەشی هەردووکمان هەمووی خوێن بوو. نازانم چۆن لەو شوێنە (40 – 50) پلیکانەییە هەڵمگرتووە! نازانم چۆن ئۆتۆمبێلم لێخوڕی! ئەو دیمەنە بەس بە گێڕانەوە ئاسانە، هەواڵ گەیشتبووەوە دانا، دانا لە ماڵی مام جەلال بوو، کاک نەوشیروان تەلەفۆن بۆ دانا دەکات و پێی دەڵێت چیمەن لە ماڵ بووە، ئەویش دەڵێت بەڵێ، دەڵێت دەکەواتە خەمت نەبێت. ئیتر لە نەخۆشخانەکە وتم باشترین پزیشکم دەوێت، وتیان دکتۆر برغل بە رێگەوەیە بۆ دیمەشق، چەند کاتژمێرێکی پێدەچێت. 

کەس هات بەهاناتەوە؟
بەڵێ، فەخری کەریمی برادۆست هات و سێ هەزار دۆلاری بۆ هێنام.

ئەى رووداوەکە بە چی گەیشت؟
 نەشتەرگەییان بۆ کرد و وتیان پارچەی ئێسکی سەری چووەتە مێشکییەوە. دوای لە 72 کاتژمێر لە چاودێریی چڕ، هۆشی هاتەوە. ئیتر 15 رۆژ لە نەخۆشخانە ماینەوە و ڤیزەیان بۆ کردین بردمان بۆ هۆڵەندا، لەوێ لە نەخۆشخانە چارەسەری سروشتییان بۆ دانا. پزیشکمان بینی، پزیشکەکە پێی وتم "تۆ دایکی ئەویت؟" مەبەستی ئەوە بوو چۆن دەتوانم بەو شێوەیە ورەم هەبێت و کارەکان راپەڕێنم... نزیکەی دوو مانگ لە نەخۆشخانە ماینەوە. لەوێ ئێسکی سەریان بۆ دروستکردەوە و کەوتە رۆیشتن. پاشان تەلەفۆنم بۆ دانا کرد، وتم توانا دەیەوێت بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی. وتی مام جەلال دەڵێت بگەڕێنەوە و میوانی من بن. ژووریان لە پاڵاس بۆ دابین کردین و دکتۆر نەجمەدینیش بینی، ئەویش وتی لەوە زیاتر پێش ناکەوێت. تەنیا خزمەتی دەوێت. 

دواتر چیت کرد؟ وازت هێنا؟
نەخێر، دواتر بردم بۆ هیندستان بە پزیشکەکەم وت دەکرێت مێشکی من دەربهێنن و بە توانای بدەین. لەوێش هیچ هیوایەکی نەبوو. 15 رۆژ ماینەوە. پاشان پزیشکەکە بە توانای وت لەمە زیاتر هیچ ناکرێت. بردمە لای پزیشکێکی تر و دوای 12 رۆژ گەڕاینەوە. لە 2ی شەو لە فڕۆکەخانەی هەولێر دابەزین، لەوێوە تاکیسمان گرت بۆ ماڵەوە. گەیشتینە ماڵەوە و توانام گەیاندە لای باوکی. لەو کاتەوە بەدوای پەرجوویەکدا دەگەڕێم بۆ چاکبوونەوەی. 

دەتوانێت بخوێنێت؟
لە ئامادەیی شۆڕش تا شەشی ئامادەیی تەواو کردووە، بەڵام نابێت لەوە زیاتر خۆی ماندوو بکات.

دواى ئەوەی گەڕانەوە بۆ ئێرە و لێرە جێگیر بوون، بەچییەوە سەرقاڵ بوویت؟
لە 2003 – 2004ەوە هاتینەوە کوردستان، پاش ئەوەی ماڵم دامەزراندەوە و جێگیر بووین، تەقدیمی زانکۆم کرد، وتیان دەبێت تاقیکردنەوەی شەشی ئامادەیی بکەیتەوە، چونکە بەپێی یاسا دوای سێ ساڵ دەبێت تاقیکردنەوە بکەیتەوە، ئیتر شەش مانگ بە مامۆستاوە خوێندم و بەشداری تاقیکردنەوەم کرد، کە نمرە هاتەوە؛ لە کوردیدا دەرنەچووم.

بۆ خولی دووەم خۆم ئامادە کردەوە و دەرچووم، دوای ئەوە تەقدیمی زانکۆم کرد و لە کۆلێجی یاسا وەرگیرام، بەهۆی جەنجاڵیی ژیانەوە بە حەوت ساڵ تەواوم کرد، لەوساوە پارێزەری دەکەم. بەهۆی تەمەنەوە نەمتوانیوە تاقیکردنەوەی دادوەری بکەم.

لە کۆتاییدا دەمەوێت باسێکی نەخۆشییەکەی خۆشتم بۆ بکەیت؟
ماوەیەک بوو هەستم دەکرد کێشەیەک سنگمدا هەیە، بەبێ ئەوەی کەس هەستی پێ بکات، چووم بۆ لای دکتۆر نوخشە کاوس هەر دەستی لێ دا، وتی چیمەن تۆ خوێندەواری! چۆن وا خۆت فەرامۆش دەکەیت؟ منیش لەتاو توانا نەمویست بەسەر خۆمیدا بهێنم و نەمویست کەشی ماڵ تێک بچێت، بەڵام لەنیا گومانی کردبوو، سێ مانگی بەسەردا چوو، لەنیا بردیەوە بۆ هۆڵەندا، تا ئەو هاتەوە من پشکنینەکانی ترم کرد، دوای ئەوە لەنیا دکتۆر نەریمانی بۆ دۆزیمەوە. 

لە 5ی کانوونی دووەمی 2018، نەشتەرگەریم بۆ ئەنجام درا و پاشان 36 جەلسەی چاسەرەی کیمیاویم وەرگرت، ئێستا تەندروستیم باشە.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan