کوردستانی

حکومەتی هەرێم: لەگەڵ بەغدا ئامادەین بۆ رێککەوتن

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم: لەگەڵ بەغدا ئامادەین بۆ رێککەوتن
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی وەزیران وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد پارێزگاری لە دامەزراوە نیشتیمانییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن سەرۆکی حکومەت دەشڵێت "ئامانج لە هێرشەکانی سەر هەرێم، زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووریی و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان". 

ئەمڕۆ چوارشەممە 29 ی حوزەیرانی 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو شەهید، پرۆفیسۆر د. کاوان ئیسماعیل، راگری کولێجی یاسا لە زانکۆی سەلاحەدین و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئیدریس حەمە خان، مامۆستا لە کۆلیجی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردووە رێکاری پێویست وەربگرن لە بەرانبەر ئەم تاوانە و لە هەمانکاتدا راشسپێردراون بە کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت، هەروەها پێویستە دادگەکانیش پەلە بکەن لە رێکارە یاسایی و قەزائییەکان بەرانبەر تاوانباران و بەسزا گەیاندنیان، تا تاوانباران ببنە پەند بۆ ئەوانەی بیر لە تاوانی لەم جۆرە دەکەنەوە. 

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ئەوەش هاتووە، پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، باسی لە بابەتی چەند بارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا كرد، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە ئەو هێرشانە زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووریی هەرێم و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردن لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی هەرێم کە سەرچاوەی دابینکردنی مووچە و خەرجییە گشتییەکانی هەرێمە جێبەجێ بکەن . 

راشیگەیاند، ئاشکراشە کە حکومەتی فیدڕاڵی، بەبێ هیچ پاساوێکی قانونی و دەستووریی، هەرێمی کوردستان بێ بەش دەکات لە شایستە داراییەکانی کە لە کۆی 26 مانگ، تا ئێستا تەنيا بۆ ماوەی 13مانگ بڕە پارەیەکی بە ناوی پێشینە کە تەنیا 200 ملیار دینارە ناردووە، لە کاتێکدا سەرجەم پابەندییە داراییەکانی هەرێمیان لە بەشە بودجەکەمان داشکاندوە. 

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە, کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندبووە بە دەستوور و ئامادەیە بۆ رێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و شەفافانەش هەموو زانیاریەکانی سەبارەت بە داهات و خەرجیی و قەرز ومیلاکی وەزیفیی، بە ژمارە خستووەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عیراق، بۆیە هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستوور قبوڵکراو نییە. 

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی نەوت دەکات کە گوشاریی ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت و گاز لە هەرێم رابگرن، کە دەبوو وەک دەوڵەتی فیدڕاڵیی، پشتیوانی پێشکەوتن و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم بن، نەک گوشاری ناڕەوا بکەن بۆ پەکخستنی ئەو بووژانەوەیە. هەروەها حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەیەکی یاسایی سەرقاڵیی ئامادەکارییە.

دواتر جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لەوە کرد، کە زانیاری تەواومان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەکانی کردووەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی وردیشکراوە بۆ ئەوەی رێکاریان بەرانبەر وەربگیرێت. وتیشی، ھێرشە‌كان كراونە‌تە‌ سە‌ر پڕۆژە‌ی فراوانكردنی كێڵگە‌ی کۆرمۆر نەک ئەو بەشەی کە ئێستا غاز بەرهەم دەهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستی هاوڵاتییان.

ئەنجومەنی وەزیران، لەکاتێکدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگيكردن لە گەڵ کەناڵەکانی راگەیاندن و پێدانی زانیاری کردەوە، داواشیکرد دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان ، لە رووماڵکردنی رووداوەکاندا، بەرپرسیارانە و پیشەییانە رەفتار بکەن و لە چوارچێوەی رێنمایی و ستانداردەکانی رۆژنامەوانیی کاربکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن و پشێوی و توندوتیژی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
  
ئەوەش هاتووە، بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی روونکردنەوەی پێویست لەبارەی گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، داوای ڕوونکردنەوە لە ئەنجومەنی وەزیران کرابوو. وەزیرە پەیوەندیدارەکان، روونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی هۆکارەکانی نەناردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو، ئاوات شێخ جەناب. وەزیری دارایی و ئابووری لە دووتوێی راپۆرتێکدا، ئاماژەی بە هەوڵی وەزارەتەکەیان و وەزارەتی پلاندانان دا بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە بودجەی هەرێم کە لە پێشەنگی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم بووە.

 وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەدا، بەوپێیەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی کاریگەری دەبێت لەسەر بودجەی هەرێم و ئەمساڵ حکومەتی فیدڕاڵیش تا ئێستا یاسای بودجەی نییە، ئەمەش وای کردووە کە تائێستا پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم، وەک رەشنووس بمێنێتەوە، هەرچەندە لە رووی بەشی داهات و خەرجییە گشتیەکانی ناو پڕۆژە بودجە کاری جدیی کراوە، بە تایبەتیش کە تیمێکی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێم و بەغدا بۆ یەکەمجار ئەو خەرجیيانەیان وردبینی کردووە. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان و وەزارەتەکانی دیکە و ئاماژەدان بە گرنگیی و بایەخیی یاسای بودجە بۆ خستنەڕووی تەواوی داهات و خەرجیی، قەرز و پابەندییە داراییەکان و میلاکی وەزیفی، بڕیاریدا پەرلەمانی کوردستان، لەو راپۆرتە ئاگاداربکاتەوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کرا.

لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێشنیاری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە تایبەت بوو بە دانانی چەند رێکار وپێوەرێک لەلایەن وەزارەتەکان لە پێناو رەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کار و پیشە لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ وپەیمانگاکان، بە جۆرێک وابکرێت دەرفەتەکانی کارکردن بە شێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت کە رێگە بگیرێت لەوەی کەسێک سوودی زیاتر لە یەک دەرفەتی کار وەرگرتووە و ژمارەیەکی زۆریش لە هاوڵاتییانی دەرچووی زانکۆ وپەیمانگاکان بێ کارن و هیچ دەرفەتێکی کاریان لە کەرتی تایبەت بۆ نەڕەخساوە، ئەم بابەتە لە لایەن کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجومەنی وەزیران بە ئاراستەی پشتیوانی لە هەر بیرۆکە و پڕۆژە و رێکار و کارئاسانییەک کە ببێتەهۆی رەخساندنی دەرفەتی کار و پیشە بۆ هاوڵاتییان بە تایبەتی دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کەرتی تایبەت، بڕیاردرا کە پێشنیاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 1991 مامەڵە بکرێت و وەزیرەکان، راسپێردران دەسەڵاتی خۆیان کە لەو یاسایە ئاماژەی پێدراوە، بەو ئاراستەیە بەکاربهێنن کە هەلی کار بە یەکسانی بڕەخسێنرێت.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن