کوردستانی

پەیامێکی تووند لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ بەغدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەیامێکی تووند لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ بەغدا
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستورییەکانی نابێت و "ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی حکومەتی فیدراڵی نابێت کە دەیەوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات".

ئەمڕۆ چوارشەممە شەشی تەمموزی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتیبووە لە خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ لە لایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و رێوشوێنی جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داخستنی شوێنەکانی فرۆشتنی چەک و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، وەزیری ناوخۆ وردەکاری پێویستی سەبارەت بە رێکارەکانی جێبەجێکردنی فەرمانەکە بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت، بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە هەنگاوەکانی وەزارەت دا بۆ جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان ژمارە 2 ی ساڵی 2022 و بڕگەکانی رەشنوسی ئەو رێنماییانەشی خستەڕوو کەوا بڕیارە وەزارەتەکەیان دەری بکات بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەک بە ئاراستەی داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت و رێکخستنەوەی مۆڵەتپێدان و بەرگرتن لەو توندوتیژیانەی بەهۆی چەکەوە روودەدەن.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکردووە "دەبێ بە هەموو شێوەیەک، رووبەڕووی تاوانکاران ببینەوە و کۆتایی بە دیاردەی چەکهەڵگرتن لە دەرەوەی یاسا و بەبێ مۆڵەت بهێنین، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ تاوانکاری و توندوتیژی دابنرێت".

لە بڕگەی دوەمی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، رەشنوسی پرۆژە یاسای نوێی کار تاوتوێ کرا، کە لە لایەن کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵاتی پێشکەش کراوە و سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت وێڕای دەستخۆشیکردن لە وەزارەتی کارو و کاروباری کۆمەڵاتی بۆ ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەکە، باسیان لەوەشکردووە، ئەم یاسایە یەکێکە لە یاسا هەرە گرنگەکان و یاسایەکی سەردەمیانەیە و کۆڵەکەی برەودانە بە ئابووریی و بازاڕ و کەرتی تایبەت و بەهاوکاری رێکخراوی جیهانی کارو پشت بەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوە، بۆیەش ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پرۆژە یاسای نوێی کاری پەسەندکرد و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا بۆ تەشریعکردنی.

پەیوەست بە داهات و خەرجییەکانی حکومەتیش باس لەوەکراوە، وێڕای ئەوەی کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە داهاتی نەوت پارەی پێویست بۆ مووچەی تەواوی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022ی دابین بکات کە خەرجیی تێکڕایی مانگانەی مووچە 900 ملیار دینارە، لە کاتێکدا حکومەت فیدراڵی بۆ  شەش مانگی ساڵی 2022، دەبوایە ترلیۆنێک و دوو سەد ملیار بنێرێت، بەڵام تەنیا دوو مانگی لەمساڵەدا ناردوە کە تەنیا 400 ملیار دینارە، بەڵام حکومەتی هەرێم، هەموو مانگێک مووچەی تەواوی دابەشکردووە، جگە لە دابینکردنی مووچە، لەماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەم و لە سێ ساڵی رابردووشدا و تا دەگات بە ئێستا بڕی زياتر لە ملیار و نیوێک دۆلاریش لە قەرزە کۆنەکان دراوەتەوە، هەروەها حکومەت پارەشی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و پێشینەی پڕۆژەکانی پلانی وەبەرهێنانیش خەرجکردووە و هیچ جۆرە قەرزێکی نوێش نەکراوە.

ئەوەش هاتووە، ئەمانە سەرەڕای دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 بەهای ئەو غازەی لە کێڵگەی کۆرمۆر دابینکراوە بۆ ئەو وێستگانە بە پارە بڕی 566 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمە سەرەڕای خەرجیی کڕینەوەی وزەی کارەبا لەو وێستگانە کە لەو شەش مانگەدا، 516 ملیۆن دۆلار بووە لەسەر حکومەتی هەرێم، بەڵام بە نرخێکی رەمزی پاڵپشتییکراو، کارەبا بۆ هاوڵاتییان دابینکراوە، هەروەها پاڵپشتیکردنی نرخی بەنزین و دابینکردنی بە 800 دینار بۆ یەک لیتر بۆ هاوڵاتییان، لەکاتێکدا لە سەر حکومەتی هەرێم 1200 دینار کەوتووە، ئەمە جگە لە غازی ماڵان کە ئەویش بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکرێت.

پەیوەست بە هەنگاوەکانی دۆسیەی نەوتی هەرێمیش لە کۆبونەووەکەدا هەنگاوە دەستووری و دادوەریی و یاساییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر گوشاری "ناڕەوا و نادەستوریی وەزارەتی نەوتی عیراقی فیدراڵ لەلایەن سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو و ئاماژەبەوەدرا کە بەداخەوە حکومەتی فیدڕاڵی، بە نادەستووریی بڕیاری راگرتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێمی داوە، لە هەمانکاتدا گوشاری ناڕەواش دەکات تا رێگربێت لەو داهاتەی کە هەرێم خۆی دەستی دەکەوێ لە داهاتی نەوتی و ناوخۆی خۆی، کە هیچ ئەرکێکی دارایی لەسەر حکومەتی فیدڕاڵیی دروست نەکردوە".

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نابین و بە هەموو رێگەیەکیش، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی حکومەتی فیدراڵی نابێت کە دەیەوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات، لە هەمانکاتیشدا ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکاتەوە لەگەڵ بەغدا، لەناویشیاندا کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز لە سەر بنەمای دەستوور، کە دەکرێ لەڕێگەی دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی پشتبەست بە دەستوور، کە ماف و ئەرکەکانی هەرلایەنێک دیاری بکات، چارەسەر بکرێت".

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan