سوپا  شاكەلی

سوپا شاكەلی

چی دەگوزەرێ لە شانشینە یەکگرتووەکانی بەریتانیا؟

سەروەختێک بوو هەموو زەنگ و ئاگادارکردنەوەکان بە ئاراستەی چاوترساندنی رووسیای زلهێزبوو. لەگەڵیشیدا چرپە چرپی زیانەکانی شەڕی ئۆکرانیا بۆ رووسیا و مایەپووچبوونیش شیکردنەوەی بۆ دەکرا. هۆکاری ئاوەژووبوونەوەی هاوکێشەکان چی بوون؟  

روونە کە سەرلەبەری هاوکێشەکان و لێکدانەوەکان ئاوەژووبوونەوە. بەڕادەیەک تەنیا وشەی گرفتی ئابووری و سیاسی قوڵ راستی بوو، ئەویش نە بۆ رووسیا و نە بۆ ئەمەریکا. ئەوەی دەستی لە بنی هەمانەکە دەرچوو و تووشی گرفتی قوڵی سیاسی و ئابووری بوو، ئەوروپا بەگشتی و ئەڵمانیا و فەرەنسا بەتایبەتی لە دوایین پێشهاتیشدا بەریتانیا رووبەڕووی هەمان چارەنووس بووەوە. 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غازی سروشتی کە راستەوخۆ پەیوەندی بە لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئەوروپا (ئوکرانیا) هەیە. هەروەها ناکۆکی و لەشکرکێشییەکان بوون بە هۆکاری گرانیی شتومەک بەگشتی و تێچووی بوودجەیەکی گەورەی شەڕ کە بەشێکی زۆری لە ئەوروپاوە دابیندەکرێت. هەموو ئەمانە بوون بە هەوێنی سەرهەڵدانی چەندین کێشەی یەک لە دوای یەک وەک گرانی و بەرزبوونەوەی رێژەی باج و دروستبوون و سەرهەڵدانی جۆرێک لە بێ متمانەی لەنێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و هەندێکیشیان لایان وایە ئەم بارودۆخە بەسەریان سەپێندراوە و بەبێ ویستی خۆیان و بۆ لە قاڵبدانی ئابوورییەکەیان خوڵقێنراوە.

جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا هەنگاوێکی بوێرانە و جیاواز بوو، بەڵام با ببینین ئەنجام چی بوو؟ 
شەڕ هەڵگیرسا و سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا سەرەتا و تا درەنگ وەختێک مەیلی بە پشتیوانی ئۆکرانیا دابوو. ئەمەش بە هاوسۆزییەک و لایەنگریری کردن دەردەکەوت بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا و وەکو بەشێک لە هاوپەیمانی و هاوسۆزی بۆ هەردوولایەن دەردەکەوت لەو نێوەندەدا. شەڕەکە بۆ بەریتانیا زۆر کاریگەرتر بوو لە هەر وڵاتێکی ئەوروپایی. ئاڵۆزییە نێوخۆییە کەڵەکەبووەکان زۆر بە دژی سەرۆک وەزیران شکایەوە، چونکە بۆریس جۆنسن خۆی لە پارتی پارێزگاران هەڵبژێردرا بوو وەک سەرۆک وەزیران، زۆرێک لە ئاکار و هەنگاوەکانی لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و سیاسەتەکانی تری نێوخۆی وڵات جێگەی قبوڵ نەبوو لە نێوخۆی پارتەكەیدا. لە ئەنجامدا ئەم ناکۆکیانە سەریانکێشا بۆ پاڵپێوەنانی سەرۆک وەزیران بە دەستلەکارکێشانەوە هەم لە سەرۆکایەتیی پارتەكە و هەم لە سەرۆکایەتیی حکومەت. یەکێک لە گرنگترین پاڵنەرەکانیش لەم نێوەندەدا بریتی بوو لە دەستووری وڵات کە پۆستی سەرۆک وەزیران بەتەواوی بە دەنگی زۆرینە و براوەی هەڵبژاردن دیاریکردووە. لەئێستاشدا بۆریس جۆنسن هیچ پشتیوانی و هاوڕاییەکی ناوخۆی پارتەکەی خۆی لەگەڵ نییە. وا دیارە ئەستێرەی ئەو سەرۆکە تائێرە دەگەشایەوە و ئیتر کاتی ئاوابوونیەتی. پارتی براوەی هەڵبژاردن نایەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵات دەنگەکانیان لەدەستبدەن لەم پێناوەشدا کاری جدی دەکرێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی ناوخۆی پارت و وڵاتەکە. 

کێشەکان تەنیا لێرە تەواو نابن و پێویستە سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵات دیاریبکرێت بە دەنگی زۆرینەی ناوخۆی پارتی براوەی هەڵبژاردن و بە چارەسەرەوە بێتە مەیدان و شانشینی یەکگرتوو بە تەنیا رووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە، چونکە ئیتر بەشێک نییە لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەگەر ئەوان پێکەوە رووبەڕووی ببنەوە، بەریتانیا دەبێت بە تەنیا رووبەڕووی ببێتەوە. تائێستاش هەڵوێستی ئەمەریکا لەم نێوەندەدا روون نییە. دەکرێت لێگەڕێت بەریتانیا بەتەنیا لە گۆڕەپانەکە بمێنێتەوە و بە دەیان کێشەوە بناڵێنێت؟ 

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan