کوردستانی

نوێترین زانیاری لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی ماڵی حاجی مەسیفی

مەودا میدیا - سلێمانی |


نوێترین زانیاری لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی ماڵی حاجی مەسیفی
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر دەستڕێژی گولـلە لە ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کرا و تائێستا یەکێتی بێدەنگە لە ئاست ئەو رووداوە و هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لەلایەن مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە بڵاونەکراوەتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ مەودا میدیا حاجی مەسیفی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند "تەقەکردن لە ماڵی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی تەحەدایەکی گەورەیە لە پایتەخی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی لایەنە ئەمنییەکانین لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکەبکەن و بکەرانی ئەو رووداوە دەستگیربکەن".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی دەشڵێت "هیوادارین رووداوەکە دیزەبەدرخۆنە نەکرێت، ئەگەرنا هەڵوێستی توندمان دەبێت و خۆمان لە رووداوەکە دەکۆڵینەوە".

وتیشی، تەقەکردن لە ماڵی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی واتە "تەقەکردن لە یەکێتی"، باسی لەوەشکرد، تائێستا لەلایەن یەکێتییەوە هیچ بەیاننامە یان راگەیەندراوێک لەسەر رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان کێشەی شەخسییان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە و تەنانەت پاسەوانەکانیش لە ناو ماڵەکەی خۆمدان، بۆ ئەوەی دراوسێکان بێزارنەبن نەم هێشتووە لە کۆڵان شوێنی پاسەوانی دروستبکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە دەستڕێژی گولـلە، لە ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە هەولێر کرا و بەهۆیەوە پاسەوانێکی برینداربوو کە بە وتەی خۆی "دۆخی تەندروستیی پاسەوانەکە جێگیرە".

ر. ئ

Qaiwan
Qaiwan