چاوپێكەوتن

شوکریە محەمەد: بەنهێنی لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ خۆم دەشاردەرەوە، لە هەندێک ماڵ دەریش دەکرام

مەودا میدیا - سلێمانی |


شوکریە محەمەد: بەنهێنی لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ خۆم دەشاردەرەوە، لە هەندێک ماڵ دەریش دەکرام
مەودا میدیا-
ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی چاوپێکەوتن و نووسینەوەی مێژووی ژنانی کۆڵنەدەر و جوامێرم، کە لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا ماندوونەناسانە هەوڵیان داوە و کاریان کردووە؛ سەرەڕای ئەوەی هیچ هاندان و پشتگیرییەک ناکرێین و هیچ کەس و لایەنێک هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن لە تۆمارکردنی ئەو مێژووەدا، چەندین تەگەرەش لە رێماندایە، لەوانە: هەندێک لە خانمان حەز ناکەن باسی هەموو تەنگوچەڵەمە و ئازارەکانیان بکەن، یاخود باسی ئەو کئەو کەسانە بکەن کە بوونەتە رێگر و کێشە بۆیان، یان هەندێک خاتوون بەهۆی تەمەن و چەرمەسەرییەوە و زۆرێک لە رووداو و بەسەرهاتەکانیان بیرچووەتەوە... ئەمە جگە لەوەی هەندێک خاتوون هەن هەر حەز ناکەن باس لە سەرگوزشتەی ژیانیان بکەن بەهۆیەک لە هۆکان.
 
سەرەتا خۆت بناسێنە؟
شوکریە محەمەد سەعید کەریم، لە ساڵی 1947 لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی سەرشەقام لە دایک بووم.
 
باسی قۆناغەکانی خوێندنتم بۆ بکە، لە کوێ خوێندووتە و چیت تەواو کردووە؟
سەرەتاییم لە خوێندنگەی زوهرا تەواو کردووە. ناوەندییش لە ئامادەیی کوردستان بەرانبەر بە بارەگای (فیرقە)، پاشان چووم بۆ سەرکارێز، دوای ئەوە چووم بۆ ئامادەیی خانەی مامۆستایان. لەو کاتەدا بارەگای فیرقە کرابوو بە خانەی مامۆستایان و لەوێ دەوامم دەکرد.
 
ساڵی چەند بوو کە خوێندنت تەواو کرد؟
ساڵی 1969 – 1970 تەواوم کرد.
 
ئەى چ کاتێک دامەزرایت؟
 دوو ساڵ دوای ئەوە دامەزرام.
 
کە دامەزرایت سەرەتا لە چ خوێندنگەیەک دەستت بەکار کرد؟
یەکەم خوێندنگە کە تێیدا دامەزرام، خوێندنگەی باوەگەردی.
 
چۆن کاک برایمت ناسی؟
بەهۆی ماڵی پوورزای برایمەوە یەکترمان ناسی.
 
کەی هاوسەرگیریتان کرد؟
 لە پۆلی دووی خانەی مامۆستایان دەستگیرانی بووم، کە تەواوم کرد گوێزرامەوە. 
 
کە گواسترایتەوە هەر لە سلێمانی نیشتەجێ بوون؟
نەخێر، کە گواسترامەوە چووم بۆ بەسرا، 6ی حوزەیرانی 1970 یەک هەفتە لە بەغدا بووین و یەکسەر گواسترایەوە بۆ بەسرە، ئەو کاتە پارتی بەدوای برامیدا دەگەڕان، چونکە جەلالی بوو.
 
لەوێ زۆر مانەوە؟
ساڵێک لە بەسرە ماینەوە، دوای ساڵەکە هاتینەوە بۆ سلێمانی.
 
کە هاتنەوە بۆ سلێمانی چیتان کرد؟
هەردووکمان لە سلێمانی دامەزراینەوە. لە ساڵی 1971 منداڵی یەکەممان (سروشت) بوو، دوای ئەوە دیسانەوە گواستراینەوە بۆ کەرکوک و تا ساڵی 1973 لەوێ ماینەوە.
لە کەرکوک برایم بۆ ماوەی دوو مانگ دەستگیر کرا بە تۆمەتی کاری سیاسی و بە واسیتەی زۆر گەورە ئازادمان کرد. 
 
دوای ئەوەی کە ئازاد کرا لە کەرکوک مانەوە یان گەڕانەوە بۆ سلێمانی؟
 
لە ساڵی 1974 کچی دووەممان (ژین) لە دایک بوو و دیسان گەڕاینەوە بۆ سلێمانی.
 
باسی یادەوەرییەکی ئەو کاتەم بۆ بکە کە لە کەرکوک بوون؟
ئەو کاتەی لە کەرکوک بووین، رۆژێک شێخ شەهاب (خاڵە شەهاب) بەشێوەیەکی زۆر نهێنی خۆی کرد بە ماڵی ئێمەدا و بۆ ماوەی شەش مانگ لە ماڵی ئێمە خۆی شاردەوە. لەو شەش مانگەدا کاری رێکخستنی کرێکارانی دەکرد بۆ ناو کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان (کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان) و جلی کرێکاریی لەبەر دەکرد و دەچوو بۆ کرێکاری بۆ ئەوەی لە کرێکاران نزیک بێتەوە.
دوای ئەوە بە نهێنی ماڵی ئێمەی بەجێ هێشت، بەڵام سروشتی کچم زۆر هۆگری بووبوو و بەو هۆیەوە نەخۆش کەوت... ئیتر ئەوەندەی پێ نەچوو ئێمەش گەڕاینەوە بۆ سلێمانی. 
هەر لەو ماوەیەدا کە لە کەرکوک بووین، شەهید جەعفەریش دەهات بۆ ماڵمان و جارێکیش ئێمە چووین بۆ هەولێر بۆ ماڵیان. کاتێک کە دەهاتن بۆ کەرکوک بۆ ماڵمان، کۆبوونەوەیان دەکرد، منیان دەناردە لای پاکیزە خانی هاوسەری کاک فەرەیدون. کۆبوونەوەکان زۆر جار (کاکە شەهاب، شەهید جەعفەر، فەرەیدون عەبدولقادر، عەلی ئامەخان، حەمیدی گومرگ...) بەشدار دەبوون تێیدا.
 
کاک برایم جەلال کەی پەیوەندی کرد بە هێزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە؟
ساڵی 1978 چووە رانیە و قەڵادزێ و لەوێوە رۆیشت بۆ ناو هێزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، بەڵام بە منی وت دەڕۆم بۆ هەندەران و ئێوەش دەبەم. ئەو کاتە شەش مانگ بوو منداڵی سێیەمم (دەروون) بووبوو.
 
پاش ئەوەی ئەو رۆیشتە شاخ تۆ چیت دەکرد و چۆن گوزەرانت دابین دەکرد؟
من بەردەوام بووم لە دەوامی خۆم، بە نهێنی لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ خۆم دەشاردەرەوە، لە هەندێک ماڵ دەریش دەکرام، ئیتر ئەوەبوو لە ساڵی 1979 منیش گیرام.
 
لە کوێ گیرایت؟
چووم بۆ لاى بەڕێوەبەری پەروەردە بۆ پرسیارێک، بەڵام بەداخەوە لەوێ گرتیانم و بردیانم بۆ بەندیخانەی سلێمانی.
 
بە چ هۆکارێک گیرایت؟
لەبەر ئەوەی مێردەکەم پێشمەرگە بوو، بۆ ماوەی دوو مانگ بەندیان کردم.
 
لە زینداندا دۆختان چۆن بوو؟
شوێنەکەمان زۆر تەنگەبەر بوو، لە ژوورێکدا 28 کەسی دیکەی تێدا بوو. ژیانی زیندانم زۆر زۆر ناخۆش بوو، شوێنەکەمان زۆر تەنگەبەر بوو، کە پاش دوو هەفتە کوڕە بچووکەکەم (هاوار)یان هێنا بۆ لام، لەسەر سنگم دەمخەواند لەبەر بێ جێگەیی.
ئەو دوو مانگەی لە زیندان بووم، هیچ نەنوستم، چونکە زۆر دڵم لای منداڵەکان و هاوسەرەکەم بوو، بەڵام خەڵکی تێدا بوو هیچ خەمیان نەبوو کە لە زینداندا بوون؛ بۆ خۆیان خەریکی سەما و گۆرانیوتن بوون.
 
کەست لێ دەناسین؟
ماڵی شەهید جەمالی عەلی باپیر (ژنەکەی، دایکی و کچەکەی) لە هەمان زینداندا بوون و لەوێ ئەوانم ناسی. هەروەها چەندین ژن و کچی ماڵە پێشمەرگەی لێ بوو، بەڵام ئێستا ناوەکانیانم بیر نەماوە تەنیا (سوبحی خان) نەبێت کە خۆی و خەسووی و دشەکەی گیرا بوون.
 
چۆن ئازاد کرایت؟
لە هەمان ساڵ (1979)، لێبووردنێکی گشتی دەرچوو و منیشی گرتەوە. 
 
دوای ئەوەی ئازاد کرایت چیت کرد؟
دوای ئەوە چوومەوە دەوامی خۆم تا ساڵی 1986 زۆر بەترسەوە دەوامی خۆم دەکرد، بەڵام ئیتر تەنگیان پێ هەڵنەچنیمەوە. ئەوە بوو (ست ناجیە) کە بەڕێوەبەری خوێندنگەی هێمن بوو، چووبوو بۆ لای بەڕێوەبەری پەروەردە راپۆرتی لێ دابووم کە مێردەکەم سیاسییە و لە دەرەوەیە بۆ ئەوەی فەسڵ بکرێم... ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ژیانم زۆر سەختتر بێت و ئەرکی منداڵەکان قورستر بوو بۆم بەهۆی ئەو هەموو گواستنەوە زۆرەوە لەم خوێندنگە بۆ ئەو خوێندنگە. لەو کاتەدا باری داراییشمان زۆر باش نەبوو.
 
دوای ئەوەی فەسڵ کرایت لە ناوشار مانەوە یاخود چوونە دەرەوە؟
لە ساڵی 1986 لە دەوام فەسڵ کرام، لەبەر ئەوە خۆم و منداڵەکان چووین بۆ مالومە، لەوێ بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ لەژێر تۆپباراندا بووین، پاشان چوار مانگیش لە گوندی زەڵێ بووین، لەوێش چەند جارێک تۆپباران کراین، بۆیە بڕیارمان دا بەرەو سەردەشت (شارۆچکەیەکی کوردستانی رۆژهەڵاتە) بڕۆین بۆ ئەوەی لەوێوە بچین بۆ هەندەران، بەڵام بەهۆی شەڕی (ئێران – عیراق)ەوە لەوێش هەر لەژێر تۆپباراندا بووین. 
 
لەوێ زۆر مانەوە؟
نەخێر، لەوێ زۆر نەماینەوە و چووینە تاران، لە تاران ماوەی شەش مانگ ماینەوە. لەو شەش مانگەی کە لە تاران بووین، هەموو بەڵگە و پێداویستی خۆم و منداڵەکانم و هاوسەرەکەم ناردبوو بۆ باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە تاران کە فیزەکەمان تەواو بوو، رۆیشتین بۆ بەرلینی رۆژهەڵات، دواتر کاک فوئاد مەعسوم هات بەدواماندا و بردینی بۆ بەرلینی رۆژئاوا. لەوێ لە کەمپدا ماینەوە.
 
کاک برایمیشتان لەگەڵ بوو؟
بەڵێ، پاش ئەوەی لە ساڵی 1978 چووە شاخ، لە ساڵی 1986 لەگەڵ خۆم و منداڵەکان بردمان بۆ ئەڵمانیا.
 
لە ئەڵمانیا ماوەی چەند لە کەمپدا مانەوە؟
ماوەی 40 رۆژ لە بەرلینی رۆژئاوا لە کەمپدا ماینەوە، لە شوێنێکی خراپدا بووین. دوای ئەوە گواستراینەوە بۆ (ئینگلهایم) کە شارێکی بچووکی ئەڵمانیایە، دوای ئەوە رەوانەی شارێکی دیکە کراین و ماوەی دوو ساڵ لەوێ ماینەوە.
 
لەوێ بارودۆخ و گوزەرانتان چۆن بوو؟
سەرەتا باش نەبووین، دۆخی دەروونیم تێک چوو. دواتر کە مانەوەی سیاسیمان وەرگرت، چووینەوە بۆ نۆرنبێرگ. لەوێ داسەکنین و تا ئێستاش لەوێ ماڵمان هەیە، بەڵام لە ساڵی 2003ەوە دیسان گەڕاینەوە سلێمانی و ماڵمان پێکەوە نایەوە و ئیتر بۆ خۆمان گەرمیان و کوێستان دەکەین.
 
دوای گەڕانەوە بۆ کوردستان بەچییەوە سەرقاڵ بوویت؟
کە هاتینەوە دیسان گەڕامەوە بۆ دەوامەکەم و دوو ساڵ دواتر خۆم خانەنشین کرد.
 
*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ
 
 
 
Qaiwan
Qaiwan