چاوپێكەوتن

دەرسیم، ئەو شارەی وەک قەقنەس لە خۆڵەمێشی خۆیدا دروست بووەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەرسیم، ئەو شارەی وەک قەقنەس لە خۆڵەمێشی خۆیدا دروست بووەوە
ئینستتیوتی نارین – نەزیرە حارس

  دەرسیم ئەو شارەی کە دانیشتوانەکەی لە سەدا سەد کوردن و بە زمانی کوردیی شێوەی زازاکی دەدوێن.
 دەرسیم لە ساڵی 1938 لەلایەن سوپای تورکیاوە جینۆساید کراون و شارەکە بەتەواوەتی خاپوور کراوە، لە کۆی دانیشتوانەکەی کە بەپێی سەرچاوەکان 80 هەزار کەس بوون، تەنیا چەند هەزار کەسێک لەو جینۆسایدە رزگاریان بووە کە ئەوانیش بە برینداری، یان لەو کاتەدا لە دەرسیم نەبوون. دواتر ئەم چەند هەزار کەسە کە زۆربەیان منداڵ بوون، لەلایەن رژێمی ئەوکاتی تورکیاوە کۆ کراونەتەوە و وەکوو دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و دابەشیان کردوون و هەریەکەیان داون بە خێزانێکی تورک بەو نیازەی کە بەتەواوەتی بیانتووێننەوە لەناو تورکدا و لە رەگوڕیشە دەریان بهێنن و ناوی کوردیان لەبیر ببەنەوە، بەڵام وەکوو هەموو جارێک، کە کورد بەرەنگاری دوژمنەکانیان بوونەتەوە، دەربازبووەکانی دەرسیمیش بەرەنگاری ئەو دوژمنە سەرسەختە و ئەو مێژووە رەشە بوونەتەوە و جارێکی تر دەرسیمیان دروست کردووەتەوە، بەڵام خۆشەویستییان بۆ ئەو شارە بە جۆرێکە کە بە هەوڵی خۆیان ئێستا دەرسیم جوانترین و خاوێنترین شارە لە کوردستانی تورکیا. خەڵکی دەرسیم ناهێڵن هیچ کەسێک جوانی و پاکیی شارەکەیان تێک بدات هەتا ئەگەر یەکێک دەست ببات بۆ شتێک بە خراپی، یان شتێک فڕێبداتە سەر زەوی، بەتوندی بەرەنگاری دەبنەوە.

 رزگاربووەکان کە زۆرینەیان کوڕ بوون، هەر زوو هەستیان بە مەترسیی دۆخەکە کردووە و لە ماڵە تورکەکان هەڵاتوون و وەکوو ستراتیژێک بۆ مانەوە؛ هەر لە تەمەنی لاوێتیدا ژنیان هێناوە و بڕیاریان داوە کە منداڵی زۆر بخەنەوە، تەنانەت زۆرێکیان زیاتر لە ژنێکیان هێناوە هەر بە مەبەستی خستنەوەی وەچەی زۆر.

لە ساڵی 1934، حكومەت دەستی كرد بە دەركردنی "یاسای نیشتەجێكردنەوە"، بەوەش رێگەیەكی یاسایی فەراهەم كرد بۆ راگواستنی كوردەكان و ناتوركەكانی دیكە و نیشتەجێكردنیان لە رۆژئاوای توركیا.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی مارتن ڤان بروینێسین، نووسەر و ئەنترۆپۆلۆجیستی هۆڵەندی، ئامانجی حكومەتی توركی ئەوە بووە هەندێك ناوچەی كوردی بەتەواوی چۆڵ بكات، هاوكات لە ناوچە كوردییەكانی دیكەش "تایبەتمەندییە كوردییەكان كاڵ بكاتەوە" لە رێی راگواستنی كوردەكان لە خاکی خۆیان و شوێنگرتنەوەیان بە توركەكان.

ساڵی دواتر، لە كانوونی یەكەمی 1935، حكومەتی توركیا یاسایەكی تایبەت بە دەرسیمی دەكرد، ئەو شارەی لای بەرپرسە توركەكان بە ناوچەی یاخیبوون لە هەرێمی رۆژهەڵات ناسرا بوو. یاساكە دەرسیمی كردبووە پارێزگایەكی جیاواز و خرابووە ژێر كۆنترۆڵی راستەوخۆی سەربازییەوە. دەرسیم یەكێك بوو لە یەكەمین شارەکان لە توركیا كە حكومەت یاسای نیشتەجێكردنەوەی بەسەردا جێبەجێ كرد، ئەویش بە دەركردنی دانیشتوانەكەی لە پارێزگاكە.

هەر بەپێی یاساكە، ناوی پارێزگاكە گۆڕدرا بە "تونجەلی"، كە بە زمانی توركی بە مانای "مشتی برۆنزی" دێت، تا ئەمڕۆش تونجەلی ناوی فەرمیی توركیایە بۆ پارێزگای دەرسیم. 

بروینێسین باس لەوە دەكات كە پارێزگاری سەربازیی دەرسیم "دەسەڵاتێكی نائاسایی و رەهای پێ درابوو بۆ دەستگیركردن و راگواستنی هاوڵاتیان و خێزانەكان".

وەك چاوەڕوان دەكرا، لە ساڵی 1937 ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بووە هۆی هەڵگیرسانی یاخیبوونێك، كە بەشێكی لەلایەن (سەید رەزا)وە رابەرایەتی دەكرا. سەید رەزا كوردێكی عەلەوی بوو، سەرۆكی یەكێك لە خێڵەكانی دەرسیم بوو. لە وەڵامی ئەم یاخیبوونەدا، سوپای توركیا هەڵمەتێكی دەست پێ كرد كە لە دڕندەییدا بێوێنە بوو؛ تێیدا بۆمبارانی ئاسمانیی و وەك دەوترێت، گازی كیمیاویشی بەكار هێناوە. بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی جیاواز، سوپای توركیا بەبێ جیاوازیكردن كۆمەڵكوژیی ژنان و منداڵانی كردووە، هەندێكیشیانی بەزیندوویی سووتاندووە.

لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا، (سەید رەزا) لە ناوچەی ئەرزنجانی هاوسنووری دەرسیم، خۆی رادەستی سوپای توركیا دەكات. دوو مانگ دواتر، لەگەڵ كوڕەكەی و چەند هاوكارێكی نزیكیدا لە سێدارە دران. لاشەكەی لە شوێنێكی نەزانراودا بەخاك سپێردرا، تا ئەمڕۆش شوێنەكە هەر بەنەزانراوی ماوەتەوە، لە ئێستادا لە ناوەڕاستی شاری دەرسیم پەیکەرێک بۆ (سەید رەزا) دروست کراوە هەروەها، چونکە گۆڕی سەید ڕەزا نادیارە، لە شوێنێکدا لەسەر ئاوی مونزور مەزارێکی خەیاڵییان بۆ دروست کردووە کە بە شوێنێکی پیرۆز سەیر دەکرێت و خەڵک دەچن مۆمی بۆ دادەگیرسێنن و مرازی لێ دەگرنەوە. مەزارەکە بە چەندین جۆر مۆم رازاوەتەوە و رووناکیی مۆمەکان هەستێکی نامۆ دروست دەکەن.

لە ساڵی ١٩٣٨ هەڵمەتە سەربازییەكەی توركیا پێی نایە "ئاستێكی نوێ و گشتگیرەوە" و گەیشتە پلەی "پاكتاوێكی گشتی" لە پارێزگای دەرسیم.

زۆرێک لە ژن، پیاو و منداڵیان کۆکردووەتەوە لە نزیک ئاوی مونزور و بەزیندووێتی فڕێیان داونەتە ئاوەکەوە، یان بە تیر و چەقۆ کوشتوویانن و دواتر لە هەمان شوێندا کە هێشتا هەندێکیان زیندوو بوون، سووتاندوویانن.

هەندێك لە كچە گەنج و دایکەکان بە کۆرپەکانی باوەشیانەوە لەو بەرزاییانەی بەسەر هەردوو رووباری مونزور و هارجیكدا دەڕوانێت، خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە تا خۆیان بەدوور بگرن لەوەی بكەونە بەر شاڵاوی دڕندانەی سەربازە توركەكان؛ زۆرێكیش لە خێزانەکان هەر بە کۆمەڵ لەناو ماڵەکانی خۆیاندا ئاگریان تێ بەر داون و بە ماڵەکەوە سووتاندویانن، تەنانەت ئەو خێڵانەی كە نزیكیش بوون لە حكومەتی توركیا و هاوكاریان بوون، لەو شاڵاوە دەربازیان نەبووە.

زۆركات خێڵە هاوكارەكان لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكاندا لە گوندەكانی خۆیاندا دەمانەوە و وایان دەزانی لە هەڵمەتەكانی سوپا پارێزراو دەبن، بەڵام وەك خەڵکی دەرسیم و شایەتحاڵەکان گێڕاویانەتەوە؛ دواجار سوپای تورك داویەتی بەسەر ئەو گوندانەشدا و سەرۆك خێڵەكان ئەشكەنجە دراون و كوژراون. هەر كەسێكیش هەوڵی هەڵهاتنی دابێت، گیراوە و كوژراوە، تەنانەت ژن و منداڵیشیان لەناو كایانەكاندا حەپس كردووە و بەزیندوویی سووتاندوویانن.

هەڵمەتەكەی سوپای توركیا لە كۆتاییەكانی ساڵی 1938دا بەتەواوەتی جێبەجێ کرا و کۆتایی پێ هات.

بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکانی حکومەتی تورکیا، لەو شاڵاوەدا 15 هەزار کەس کوژراون، بەڵام راستییەکان ئەوە دەردەخەن کە زیاتر لە 70 هەزار کەس کوژراون و رێژەی کوژراوان بە لە سەدا هەشتای دانیشتوانی ناوچەکە دەخەمڵێنرێت.

سەربازە توركەكان، تەنانەت جینۆسایدی ئاژەڵەكانیشیان كردووە و گڕیان بەر داوەتە كێڵگەكانیش، بۆ كەسانێك كە بەتەواوی پشتیان بە كشتوكاڵ بەستبوو؛ برسێتییەکی خراپ لەناویاندا بڵاو بووەوە. 

بەپێی گێڕانەوەی کوڕ و کچی شایەتحاڵەکان، سوپای تورک هەرچی گازی کیمیاوی سەردەمی عوسمانییەکان کە ماونەتەوە و کەوتووەتە دەست دەسەڵاتی ئەوکاتی تورکیا، لە دژی کورد بەکاریان هێناوە.

لە ساڵی 2011 سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ كۆمەڵكوژیی دەرسیم، لە وتارێکی تەلەفزێۆنیی فەرمیدا داوای لێبووردنی كرد و وتی: "ئەگەر پێویستییەك هەبێت بۆ داوای لێبووردن لەبری دەوڵەت، ئەگەر كاری لەو شێوەیە كرابێت وەك لە كتێبەكاندا هەیە، ئەوا داوای لێبووردن دەكەم و هەر ئێستاش داوای لێبووردن دەكەم". هەروەها كۆمەڵكوژییەكەی وەك "تراژیدیاترین رووداو لە مێژووی ئەم دواییەدا" ناو برد و داواشی لە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، پارتەكەی ئەتاتورك كرد، كە لە كاتی كۆمەڵكوژییەكەدا لەسەر دەسەڵات بووە، كە "رووبەڕووی" مێژووەكەی خۆیان ببنەوە.
رزگاربووەکان بەشاراوەیی و دەربەدەری ماونەتەوە تا ساڵی 1951، کە حکومەتی تورکیا بڕیارێکی دەرکرد بۆیان و بەپێی ئەو بڕیارە؛ خەڵکی دەرسیم بۆیان هەبوو بگەڕێنەوە بۆ دەرسیم و توانییان خانوو و ماڵەکانیان دروست بکەنەوە.

مشتێک نموونەی خەروارێکە:
لە سەردانێکدا بۆ شاری دەرسیم، دوو خوشک، رەمزیە عەلی جیبۆ و ئامینە عەلی جیبۆ، کە کچی یەکێک لە شایەتحاڵەکانن و ئامینە هاوسەرەکەشی یەکێکە لە شایەتحاڵەکان دواند. باوکی ئەم دوو خوشکە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەدا تەمەنی 12 ساڵ بووە و هەموو خێزانەکەی بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون، بەڵام خۆی بە برینداری رای کردووە بۆ ئەلازخ (العزیزیة) و لەوێوە بۆ خارپووت و ئینجا بۆ ماڵامیتا و لە کۆتاییدا لە دیاربەکر گیرساوەتەوە. سەرەتا هەندێک پرسیارمان ئاراستەی خاتوو رەمزیە کرد:

باوکت وەکوو بۆی گێڕاویتەوە، لە دیاربەکر ژیانی چۆن بووە؟
رەمزیە عەلی: باوکم کە لە دەرسیم رای کردووە، خۆی گەیاندووەتە دیاربەکر، بەڵام زۆر بەزەحمەت، چونکە وەکوو خۆی دەیگێڕایەوە بۆمان؛ هەم بریندار بووە و هەمیش رێگەکەی زۆر دوورودرێژ بووە، ئەمە جگە لەوەی دەبوایە تورکەکانیش نەیبینن. واتە هەر بەخۆشاردنەوە و ترسێکی زۆرەوە ئەو ماوەیەی بەسەر بردووە، کاتێکیش دەگاتە دیاربەکر، بە برینداری خۆی کردووە بە ماڵە کوردێکدا و خێزانی ماڵەکە زۆر یارمەتییان داوە و وەکوو کوڕی خۆیان بەخێویان کردووە و مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، دواتر کچی خۆیان لێ مارە کردووە. هەروەها خەڵکی دیاربەکر بەگشتی زۆر سۆزیان بۆ هەڵهاتووانی دەرسیم هەبووە.

دوای ئەوەی هاوسەرگیری دەکات، باوکت هەر لە دیاربەکر ماوەتەوە؟
رەمزیە عەلی: بەڵێ، هەتا ساڵی 1951 کە بڕیاری گەڕانەوە بۆ خەڵکی دەرسیم دەرچووە کە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەرسیم، ئەوکات باوکم تەمەنی 25 ساڵ دەبێت، بەڵام ژنی هێناوە و لەگەڵ هاوسەرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەرسیم و دەبن بە خاوەنی هەشت منداڵ (چوار کچ و چوار کوڕ).

خاتوو رەمزیە، تۆ لە دەرسیم لە دایک بوویت؟
رەمزیە عەلی: بەڵێ، لە ساڵی 1952 لە دەرسیم لە دایک بووم، من یەکەم منداڵی باوکمم.

دۆخ و ژیانتان چۆن بوو لە دەرسیم؟
رەمزیە عەلی: هەموو ژیانم لەگەڵ یادگارییە ناخۆشەکانی باوکم دەژیام، باوکم هەرگیز نەیدەتوانی ئەوەی بینیبووی لەبیری خۆی بەرێتەوە، هەمیشە دەچووەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لەبەرچاوی خۆی هەموو خێزانەکەی قەڵاچۆ کرابوون. زۆر جار باوکم منی لەگەڵ خۆی دەبردە شوێنی رووداوەکە و بەسەرهاتەکەی بۆ دەگێڕامەوە، هەموو جارێک دەتوت یەکەم جارە بۆم دەگێڕێتەوە. ئەمەی باوکم دەیکرد، دەتوانم بڵێم هەموو رزگاربووەکان کە گەڕابوونەوە بۆ دەرسیم هەر وایان دەکرد، بۆیە من وادەزانم کە خۆم تێیدا ژیاوم نەک لە باوکمەوە بیستبێتم. ئێ خۆ منیش دواتر لەگەڵ منداڵەکانی خۆم هەر وام کردەوە؛ ئێستا گەورە و بچووکی خەڵکی دەرسیم، ورد و درشتی رووداوەکان وەکوو خۆی دەزانن و بە بەردەوامی سەردانی شوێنی رووداوەکان و پەیکەری (سەید ڕەزا) دەکەن. 

هیچ ئاسەوارێکی ئەو کۆمەڵکوژییە ماوە لەوێ؟
بەڵێ، هەتا ئێستاش هەندێک ئێسکوپروسک لە شوێنی رووداوەکان ماون.

کەی هاوسەرگیریت کردووە؟
رەمزیە عەلی: لە ساڵی 1974 لەگەڵ کەسێک بە ناوی عەلی هاوسەرگیریم کرد، ئەویش هەر خەڵکی دەرسیم بوو، کوڕ و کچێکمان هەیە، بەڵام ئێستا جیابووینەتەوە و بەیەکەوە ناژین.

لە ماوەی ئەم چەند ساڵە هەر لە دەرسیم بوویت؟
 نەخێر، لە ساڵی 1997 چوومە هۆڵەندا، بەڵام دواتر گەڕامەوە بۆ دەرسیم و ئێسا لە دەرسیم دەژیم.

خاتوونی دووەم، کە خوشکی خاتوو رەمزیەیە، ناوی خاتوو ئامینەیە. خاتوو ئامینە هەم باوکی و هەم هاوسەرەکەشی (کازم) لە رزگاربووانی کۆمەڵکوژییەکەی دەرسیم بوون. خاتوو ئامینە بەدەم حەسرەت و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وتی: "من دوای ئەوەی کە ئەو هەموو رووداوە ناخۆش و جەرگبڕەم لە باوکمەوە دەبیست و تیایدا دەژیام، کە هاوسەرگیریشم کرد، هاوسەرەکەم بەهەمان شێوە هەرگیز وەکوو کەسێکی ئاسایی نەبوو، ئەویش هەمیشە لەگەڵ رووداوەکانی رابردوویدا دەژیا و هەمیشە لەسەر زاری بوو".

هاوسەرەکەت چۆن رزگاری بووە؟ بۆی باس کردوویت؟
ئامینە عەلی: لە کاتی کوشتارە گەورەکەدا کازم تەمەنی تەنیا حەوت ساڵ بووە، کازم لەگەڵ خوشکێکی بەناوی خەدیجە، کە تەمەنی تەنیا پێنج ساڵان بووە، دوای ئەوەی کە لەگەڵ خەڵکێکی زۆر کۆکراونەتەوە لەسەر رووباری هەرچک، دەستڕێژی گوللەیان لێ کراوە، کازم و خەدیجەی خوشکی بریندار دەبن و بە برینداری رادەکەن بەرەو دارستانەکەی نزیک رووبارەکە. کازم دەیوت لە بەرزاییەکەوە چاویان لێ بووە کە ئاگریان بەرداوەتە لاشەی کوژراوەکان.

دوو منداڵ لەو تەمەنەدا چۆن لەناو دارستانەکە ژیاون؟
ئامینە عەلی: چەند رۆژێک لەناو دارستانەکە بەبێ نان و ئاو ماونەتەوە و برینەکانیان کرمی هەڵهێناوە. لەو بارەیەوە کازم دەیوت کە بۆنچڕووکی گۆشتی سووتاوی لاشەی مردووەکان هەتا ئێستاش لە ناخی دەرناچێت.

چۆن لە دارستانەکە رزگاریان دەبێت؟
ئامینە عەلی: پاش چەند رۆژێک، کازم و خوشکەکەی تینوێتی زۆریان بۆ دەهێنێت و دەجووڵێن تاوەکوو بە هەر شێوەیەک بێت ئاویان دەست بکەوێت، ئیتر تورکەکان دەیانبینن و دەیانگرن، بەڵام نایانکوژن. کازم دەیوت لەو ساتەی کە جەندرمە تورکەکانمان بینی، مردنمان بە چاوی خۆمان بینی.

جەندرمە تورکەکان دواتر چییان لێ کردوون؟
ئامینە عەلی: کازم بۆی گیڕامەوە وتی: "جەندرمەکان بە برینداری بردیانین بۆ ئەلازخیە (العزیزیة) و لەوێوە بۆ ئیستانبوڵ و دابەشیان کردین بەسەر خێزانە تورکەکاندا، هەریەکە و بەر خێزانێک کەوتین". لەو بارەیەوە دەیوت: "ئەو ماوەیە زۆر ماڵەوماڵیان پێ کردین هەتا گەورە بووین".

دواتر چی رووی دا؟
ئامینە عەلی: دواتر کچەکە (خەدیجە) لە کۆڵان لەگەڵ منداڵان یاریی دەکات، منداڵان پێی دەڵێن کە تۆ باوکت ماوە و ئێستا لە دەرسیمە، بەڵام خێزانە تورکەکە هەر بە منداڵی دەیدەن بە شوو بە پیاوێکی تورک و کچێکی (فەرهەندە) لەم پیاوە دەبێت. خەدیجە هەرچەندە دراوە بە شوو، بەڵام زۆر منداڵ دەبێت، کە گەورەتر دەبێت و فام دەکاتەوە، لە پیاوەکە جیا دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ دەرسیم و باوکی دەدۆزێتەوە. باوکی بۆی دەگێڕێتەوە کە لە کاتی هەڵکوتانە سەر دەرسیم ئەو لەوێ نابێت و بەرناکەوێت، بەڵام لەترسا هەر خۆی حەشار داوە و هەتا ساڵی 1951 کە گەڕاوەتەوە بۆ دەرسیم.

دوای ئەوەی لە مێردە تورکەکەی جیابووەوە، چی کرد؟
ئامینە عەلی: دوای ئەوە خەدیجە دەگەڕێتەوە بۆ دەرسیم و شوو دەکات بە پیاوێکی خەڵکی ناوچەی دەریای رەش، کە ئەویش یەکێکە لە رزگاربووەکانی کۆمەڵکوژییەکە. لەویش کوڕێکی (عەریف) دەبێت. ئێستا ئەو کوڕ و کچە (عەریف و فەرهەندە) لە ئەڵمانیا دەژین.

ئەی کازم چۆن باسی بەسەرهاتی خۆی بۆ دەکردیت؟
ئامینە عەلی: کازم کە گەورە دەبێت خێزانە تورکەکە ژنی بۆ دەهێنن لە گوندی (کوتاحیا)، بەڵام کەسوکاری ژنەکەی زۆر بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و وەکوو دیل سەیری دەکەن، ئیتر لە شەڕ و دەمەقاڵێیەکدا بەمەبەستی بەرگری لە خۆی، یەکێک دەکوژێت و را دەکات بۆ ئەدەنە، لە ئەدەنەشەوە دەگەڕێتەوە بۆ دەرسیم و پرسیاری کەسوکاری دەکات. کازم لە دەرسیم دەزانێت کە باوکی لە ژیاندا ماوە و دەیدۆزێتەوە، دەبینێت جگە لە خۆی و خەدیجە، برایەکی تریشی لە ژیاندا ماوە و هەروەکوو ئەمان بە برینداری رزگاری بووە، بەڵام هیچ ئاگایان لە یەکتر نەبووە.
 کازم لە دەرسیم کچێکی خەڵكی دەرسیم دەهێنێت و هەشت منداڵی لێی هەیە، بەڵام دوای منداڵی سێیەم بڕیار دەدات کە ژنی دووەم بهێنێت، ئەوە بوو منی هێنا.

ئەی تۆ ژیانت چۆن بوو لەگەڵ پیاوێکی رزگاربوو کە ژنێکی تر و منداڵی زۆری هەبوو؟
ئامینە عەلی: ژیانێکی زۆر قورس و ناخۆش بوو، بەڵام قبووڵمان بوو، چونکە ئەم ژنهێنان و منداڵی زۆر خستنەوەیە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە ئێمەی خەڵکی دەرسیم دەبێت تۆڵەی ئەو هەموو کوشتن و بڕینە بکەینەوە، ئەویش بە خستنەوەی وەچەی زۆر.

خاتوو ئامینە ئێستا چوار کوڕ و سێ کچی هەیە، بەڵام نەیویست زۆر بچێتە ناو باسی منداڵەکانی و هەر خۆی لەو باسە لادەدا.

خەڵکی دەرسیم و دێهاتەکانی دەوروبەری، لەدوای ئەوەی کە گەڕاونەتەوە و هەموویان ئاوەدان کردووەتەوە، بەداخەوە کە جارێکی تر لە ساڵی 1990 زۆرێک لە دێهاتەکان بە دەستی سوپای تورکیا رووخێنراون و کاول کراونەتەوە بەهۆی جموجووڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە. لە ئێستاشدا جارێکی تر خەڵکەکە گەڕاونەتەوە و سەرقاڵی دروستکردنەوەی ماڵ و خانووی دێهاتەکانیانن.

لە ئێستادا زۆرێک لە گەنجەکانی دەرسیم کە نەوەی رزگاربووەکانی کۆمەڵکوژییەکەن، لە ئەوروپا، وڵاتە ئەسەکەندناڤییەکان، ئەمەریکا و کەنەدا دەژین، بەڵام هەر چاویان لەسەر دەرسیمە و بەهەر شێوەیەک بۆیان بکرێت خزمەتی دەکەن. خەڵکی دەرسیم زۆر شانازی بە خۆیان و بە شارەکەیانەوە دەکەن و هەر بەهۆی ئەو شانازی و خۆشەویستییەیان توانیویانە وەکوو کێوێک بەرەنگاری ئەو هەموو ناخۆشی و پاکتاوکردنە ببنەوە و ئێستا لە جاران زیاتر دەرسیم ئاوەدان و دڵگیرە.
                                
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن