راپۆرت

قەیرانی وزە و سوتەمەنی لە بەریتانیا سەرهەڵدەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


قەیرانی وزە و سوتەمەنی لە بەریتانیا سەرهەڵدەدات
مەودا میدیا- ژاڵە محەمەد

قەیرانی وەزە و سوتەمەنی لە بەریتانیا تا دێت زیاتر دەبێت، ئەوەش نیگەرانی لای خەڵکی ئەو وڵاتە دروستکردووە و تێچووی زۆری بەکارهێنانیش ژیانی لێ قورسترکردوون.

کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی وزە و نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان و هاتنی سەرما،  بووەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆسەر بەشێکی زۆری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ناویشیاندا بەریتانیا، بەجۆرێک وایلێهاتووە پێدەچێت خەڵک بۆ گەرمکردنەوە و کاری رۆژانە پەنا بۆ سووتاندنی دار و خەڵوز ببەن.

نووسینگەی حکومی بۆ چاودێرکردنی بازاڕی وزەی بەریتانیا رایگەیاند، تێچووی بە کارهێنانی وزە بۆ دانیشتوانی بەریتانیا لە ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتووەوە لە 80% زیاد دەکات. لە ئێستادا هەر خێزانێکی بەریتانی بە گشتی نزیکەی 1971 پاوەند لەساڵدا بۆ بەکارهێنانی وزە خەرجدەکات، ئەم بڕە لە ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتوو دەگاتە 3549 پاوەند لە ساڵدا.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە کە قەیرانی هەڵاوسانی 10%ی وزە لە ئێستادا و لە دوای چەندین دەیە، خەڵکی وڵاتەکەی خستووەتە دۆخێکی دەروونی ناخۆش و کاریگەری لەسەر ژیانیان داناوە.

ئەگەر باردۆخی وزە بەو شێوازە روو لە زیادبوون بکات ئەوا پێدەچێت هەڵاوسان لەبازاڕەکانی بەریتانیا زیاتر بێت و نرخی هەندێک شتومەک روو لە بەرزبوونەوە بکات بۆیە پێویستە حکومەتی بەریتانیا پلانی پێشوەختەی هەبێت و یارمەتی زیاتری هاوڵاتییانی بدات.

جاناتان بێرلی دەڵێت، یارمەتییەکەی حکوومەت بۆ خەڵک لەئێستا بەردەوامە، بەڵام گرنگە سەرۆک وەزیرانی نوێ ئامادەی ئەو قەیرانانە بێت کە لە داهاتوودا رووبەڕووی خەڵکی وڵاتەکە دەبێتەوە.

پێشبینە نوێکان وا دەریدەخات کە پێدەچێت تێچووی ساڵانەی وزە بگاتە زیاتر لە 5 هەزار پۆند و بۆ مانگەکانی داهاتووتریش دەگاتە 6 بۆ 7 هەزار پاوەند.

نەدیم زەهاویی، وەزیری دارایی پێشووی بەریتانیا دەڵێت "حکوومەت پلانێکی لە بەردەستایە کە دەتوانێت یارمەتی باشی هاوڵاتیانی بەریتانیا بدات لە کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی ئەو وڵاتە، بەڵام هەموو شتێک پەیوەستە بە پلانی سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەوە".

تازەترین لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی یۆرک دەریدەخات، لە 85% بەریتانییەکان لە ساڵی داهاتوو رووبەڕووی "هەژاری لەبواری سوتەمەنی و وزە" دەبنەوە. سایمۆن فرانسێس کە نوێنەری زیاتر لە 60 رێکخراویی خێرخوازییە، بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی وەک خەنجەرێک ناودەبات کە لە دڵی ملیۆنان خەڵکی بەریتانی دراوە.

لە ئەنجامی ئەم قەیرانەدا، بەشێکی زۆری خێزانەکان توانای دابینکردنی خۆراک بۆ منداڵەکان نابێت و خەڵکی زۆر لەدوای چەندن دەیە رووبەڕووی هەژاری دەبنەوە، دەشڵێت، هەموو رێگەکان لەبەردەم حکومەتدایە، بەڵام تا ئێستا لە ئاستی ئەم کارەساتەدا بێدەنگە.

زستانی گەرم، ناویی کەمپینێکە کە لەلایەن چەندین رێکخراویی مەدەنی پشتگیری دەکرێت، ئەم کەمپینە داوا لە حکومەت دەکات کە لەم باردۆخەدا یارمەتی خەڵک بدات بە تایبەت بۆ تێچووی وزە و بەکارهێنانی سوتەمەنی.

لەلایەکی دیکە کەمپینێک دروستبووە کە داوا لە خەڵک دەکات ئەو پسوڵانەی تایبەتن بە سوتەمەنی و وزە و دێتە بەردەم ماڵەکانیان، پارەکەی نەدرێت بە حکومەت و بایکۆت بکرێت.

بەشێکی چاودێران و شارەزایان دەڵێن، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و وزە و کەمبوونەوەی دەگەڕێتەوە بۆ لێکەوتەکانی کۆرۆنا و برێگزێت و شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.

نووسینگەی نیشتمانی بەریتانیا لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، تا 30ی سێپتەمبەری 2021 رێژەی ئەو کەسانەی بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆنا بۆ سەر بازاڕەکان، کارەکانیان لەدەستداوە، زیاتر لە یەک ملیۆن 100 هەزار هاوڵاتیی بەریتانییە، بۆیە مانگانە حکومەت زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری داوە بەو کەسانە لە ماڵەوە دانیشتن، لەئێستاشدا قەیرانی وزە رووی لەو وڵاتە کردووە و ئاستەنگی زۆری لە ژیانی خەڵکدا دروستکردووە.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە