راپۆرت

قەیرانەكان و بێدەنگیی سەدر حكومەتەكەی سودانی بە كوێ دەگەیەنێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


قەیرانەكان و بێدەنگیی سەدر حكومەتەكەی سودانی بە كوێ دەگەیەنێت؟
مەودا میدیا- گۆران قادر

دوای ساڵێك لە ململانێ و رێكنەكەوتنی هێزە سیاسییەكان و سەرهەڵدانی تووندوتیژی، لە كۆتاییدا حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێنا و توانی بە ئاسانی متمانە وەرگرتنەكە تێپەڕێنێت، بەڵام دیار نییە لە ماوەی حوكمرانیەكەیدا هەروا بە ئاسانی بەسەر قەیرانە كەڵەكەبووەكاندا زاڵ دەبێت یان  دۆخی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی  دۆخەكەی بەسەریدا قوڵپ دەكاتەوە و بەدەردی حكومەتەكانی پێش خۆی دەچێت.

حكومەتەكەی سودانی میراتگری هەموو ئەو هێزانەیە كە لە ساڵی (2003)وە حوكمڕانی عیراق دەكەن، بۆیە چاوەڕوانی كارێكی جیاوازی لێناكرێت كە مۆدێلێكی نوێ پێشكەش بكات، لەوەش زیاتر كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە كە نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا سەرپەرشتی دەكات، مالیكیش بۆ ماوەی دوو خول لە نیسانی 2006 تاوەكو ئەیلولی 2014 سەرۆك وەزیران بووە، كە زۆرترین ماوە لەو پۆستەدا ماوەتەوە بەراورد بە هەموو سەرۆك وەزیرانەكانی دیكە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت مۆدێلی مالیكی دووبارە بكاتەوە، بەڵام دۆخی عیراق و هاوكێشە سیاسییەكان  لە رووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە گۆڕاوە، تەنانەت بەرنامەی حكومەتەكەشی جیاوازە، ئەمەش وای لێدەكات رووبەڕووی ئاڵنگاری تاقەت پڕوكێن ببێتەوە، كە ئێمە لێرەدا باس لە بەشێكیان دەكەین:

هەڵبژاردنی پێشوەختە و بێدەنگكردنی  سەدر:
لە بەرنامەی حكومەتەكەدا هاتووە، كە هێزە سیاسییەكان رێككەوتوون كە لە ماوەی سێ مانگدا یاسای هەڵبژاردنەكان بگۆڕن، هەروەها لە ماوەی ساڵێكدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت كە ئەمەش داواكاری موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرە.
هەڵبژاردنی پێشوەختە و گەرەنتی دان بە سەدرییەكان، جۆرێك لە سەقامگیری بۆ حكومەتەكە فەراهەم دەكات،ئەگەر ڕێژەیش بێت،لەم نێوەندەدا سودانی پەنای بۆ ستراتیژی بێدەنگ كردنی سەدر بردووە، بەڵام ئەگەر فراكسیۆنی سەدر و لایەنگرانی هەست بە پەراوێز خستن بكەن، ئەوا هیچ گەرەنتیەك نییە حكومەتی سۆدانی بە سەقامگیری بمێنێتەوە، بۆیە لە ئەگەری شكاندنی بێدەنگی لەلایەن سەدرەوە، ئەوا شەقامی عیراقی دەكەوێتەوە جوڵە و نزیكە تووندوتیژی و داگیركردنی بینای حكومەت و پەرلەمانی لێبكەوێتەوە.

ئەوەی لێرەدا كێشەی بۆ خودی سودانی دروستكردووە،ئەوەیە كە دەیەوێت لە ماوەی ساڵێكدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات،چونكە پێكهێنەرانی حكومەت هەڵبژاردنی پێشوەختە لایان گرنگ نییە، هەروەها پەلەكردنیش لەم بابەتە پەیوەستە بە تێروانینی حكومەت بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەدر.

پەیوەندی دەرەوە و ئاڵنگارییەكان:
سودانی لە بەرنامەی حكومەتەكەیدا پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری و هاوكاری هەژاران و چارەسەری بێكاری كردۆتە كاری لە پێشینەی خۆی، هەروەها بۆ پەیوەندییە دەرەكییەكانیشی سودانی ئاماژە بەوە دەكات كە" رێگە نادرێت عیراق بكرێتە رێرەوێك یان پێگەیەك بۆ هێرش كردنە سەر دەوڵەتانی دیكە، هەروەها پەیڕە لە سیاسەتی دۆستایەتی و هاوكاری لەگەڵ هەموواندا دەكات".

ئەوەی كە هەستی پێدەكرێت ئەوەیە سودانی دەیەوێت پرسە ناوخۆییەكانی وەك هەژاری كەم ئاوی و كارەبا و بێكاری بكاتە كاری لە پێشینەی و كەمتر گرنگی بە لایەنی دەرەكی بدات، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەو هێزانەی كاندیدیان كردووە لە ئێرانەوە نزیكن، بەڵام سودانی هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان رۆژئاوا و ئێران بهێنێتە دی، چونكە لە ماوەكانی رابردوودا بەهۆی جەنگ و ململانێكان كۆمپانیا رۆژئاواییەكان مەیلی جێهێشتنی عێراقیان هەبوو، هەروەها بۆ سەقامگیری ئابوری و ئاو و سیاسی، تەنانەت كۆمەڵایەتیش عیراقی پێویستی بە ئێرانە، بۆیە هاوسەنگی گرنگە، بەڵام هێرشی ئێران بۆ سەر هێزە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستان و ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەكە، وا لە حكومەتی عیراق دەكات وەڵامی تووندی هەبێت و بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی خۆی بزانێت، كە لەم كاتەدا بۆ عیراق قورسە هاوسەنگ بێت.

پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان:
خراپی پەیوەندییەكانی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە قەیرانە بەردەوامەكان كە یەخەی عیراقی گرتووە، خراپی پەیوەندییەكان زیاتر پەیوەستە بە هەناردەی نەوت و پێشمەرگە و ناوچە جێناكۆكەكان و بودجەی هەرێمی كوردستان.

سودانی لە بەرنامەی حكومەتەكەیدا تایبەت بە بەرهەمهێنانی نەوت ئاماژە دەدات بەوەی "ئامادەكردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای نەتو غاز لە ماوەی شەش مانگدا دەدات، هەروەها دەستبەرداربوون لە گرتنەبەری ڕێكارەكانی دژ بە كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان لە پێناو زیان نەگەیاندن بە ئابووری نیشتمان".

بۆ ناوچەكانی كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش لە بەرنامەكەیدا هاتوە:" پێكهێنانی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی مادەی 140، جێبەجێ كردنی ڕێكەوتنامەی شەنگال، رێگادان بە چالاكی هێزە كوردییەكان،چۆڵكردنی بارەگا حزبییەكان كە داگیركراون، چوونەدەرەوەی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی لەناو شاری كەركوك".

وەك بەرنامە ئەم بابەتە گرنگ و جێگای بایەخە، بەڵام لەرووی جێبەجێ كردنەوە ئەستەم و قورسە، چونكە حكومەتەكانی پێشووتریش هەمان بەڵێنیان داوە، بەڵام دواتر جێبەجێیان نەكردووە، هەروەها لایەنی كوردیش بۆ جێبەجێكردنی كەمتەرخەم بوون.

ماوەتە بڵێین، بەردەوامی حكومەتەكەی سودانی پەیوەستە بە دۆخی سەقامگیری عیراق و بێدەنگی سەدرەوە، لەگەڵ چارەسەركردنی بەشێك لە قەیرانەكانی عێراق،ئەمە جگە لەوەی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و مامەڵەی خودی سودانی لەگەڵ دۆسیەكان بەشێك دەبێت لە بەردەوامی یان كۆتایی هاتنی حكومەتەكەی.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان