چاوپێكەوتن
ژیان هەورامی (خوشکی شەهید ئازاد هەورامی): هێشتا منداڵ بووم کە نووسراوی نهێنیم بۆ دەگواستەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
خێزانێک پڕاوپڕ لە جوانی و هونەر، لە کوردپەروەی و قوربانیی... رۆژانێک گەورە و بچووکیان، ژن و پیاویان، لەمپەڕی باکوور بۆ ئەوپەڕی باشوور، ئەم زیندان و ئەو زیندانیان پێ دەکرا؛ تاوانەکەشیان ئەوە بوو کە ماڵە پێشمەرگە بوون، سەریان بۆ زوڵم و ستەم نەوی نەدەکرد... هونەردۆست بوون، بەڵام لەجیاتی هەڵدان بە بەژن و باڵای دیکتاتۆر، سروودیان بۆ سەربەستی و ئازادیی دەچڕی...
لە چاوپێکەوتنی ئەم جارەمدا، خاتوو ژیان، خوشکی شەهید ئازاد هەورامی دەدوێنم.
خۆت بناسێنە؟
ناوم ژیان عەبدولمەجید غەفارە، لە 11ی کانوونی دووەمی 1962 لە شاری کەرکوک، گەڕەکی ئیمام قاسم لە دایک بووم.
چەند خوشک و بران؟
چوار خوشک و چوار برا بووین.
باسی قۆناغەکانی خوێندنتم بۆ بکە... لە کوێ و تا چەندت خوێندووە؟
خوێندنی سەرەتاییم لە کەرکوک لە خوێندنگەی خانزاد، دواتریش لە خوێندنگەی ئازادی تەواو کرد. ناوەندییش لە خوێندنگەی 11ی ئازار بووم، بەڵام پۆلی سێی ناوەندیم لە کۆیە خوێند. پاشان چوومە ئامادەیی کشتوکاڵ لە تەقتەق. تا پۆلی سێ لەوێ بووم، لە پۆلی سێ زیندانی کرام و دوای ئازادکردنم چوومە، ئاسکی کەڵەک، لەوێ ئامادەیی کشتوکاڵ و کۆلێجی کشتوکاڵی لێ بوو، چونکە هەر من لەو ئامادەییە کچ بووم، وایاندەزانی لە کۆلێجم.
لەو ماوەیەدا هیچ کارێکت دەکرد؟
نەخێر، تەنیا چەند مانگێک نەبێت، کە لە کتێبخانەی زانکۆی سەڵاحەدین کارم کردووە.
پێش ئەوەی بچینە سەر باسی چیرۆکی ژیانت، دەمەوێت لە زمانی خۆتەوە باسی ئەوەم بۆ بکەیت بۆچی نازناوی خێزانەکەتان "هەورامی"یە لەکاتێکدا ئێوە لە کەرکوک ژیاون؟
بەڵێ، راستە خێزانەکەمان لە کەرکوک ژیاوین، بەڵام رەچەڵەکمان دەگەڕێتەوە بۆ هەورامانی دیوی ئێران. باوک و دایکم ئامۆزای یەکن و لە ئێران لە دایک بوون و گەورە بوون، کە هاوسەرگیریشیان کردووە هەر لە ئێران بوون، تەنانەت هۆشمەند، سامی و شەونمیش لە ئێران لە دایک بوون. باوکم و دایکم هەردووکیان لە دیوی هەورامانی ئێران ژیاون، بەڵام دایکم لە تاران گەورە بووە.
کەى هاتوونەتە کەرکوک؟
لە ساڵی 1953 هاتوونەتە کەرکوک.
باوکت لە کەرکوک ئیشی چی دەکرد؟
باوکم هەر لە سەرەتای هاتنیانەوە بۆ کەرکوک لە ساڵی 1953، لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک کاری دەکرد، بەڵام دواتر بەهۆی کوردبوونییەوە لە کۆمپانیا دەرکرا.
باوکت کەسێکی چۆن بوو؟
کەسێکی خوێندەوار بوو، جگە لە کوردی، زمانەکانی (عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی) بەباشی دەزانی. بەردەوام هانی خوێندنی دەداین و بە ئەرکێکی مەزنی دادەنا.
ئەى دایکت چی؟
دایکم تەنیا تا دووی سەرەتایی خوێندبوو، بەڵام کتێبی فارسیی دەخوێندەوە، چونکە لە ئێران ژیان بوو.
ئێوە کە لە ساڵی 1953وە هاتوونەتە کوردستانی عیراق، چۆن بوو وا زوو تێکەڵاوی سیاسەت و شۆڕش بوون؟
رەنگە لە باپیرانەوە بۆمان مابێتەوە (جافرسان/ جەعفەر سوڵتان) باپیرمانە، خاوەنی شۆڕشی جافرسانە لە دژی ئینگلیز و دواتریش دژی شای ئێران. زۆر جار مەلا بەختیار دەڵێت: دەبێت جافرسان شانازیی بکات بە نەوەکەیەوە کە شەهید ئازادە.
بەشداریی شەهید ئازاد و کاک هۆشمەند لە کاری سیاسی و شۆڕشدا کێشەی بۆ خێزانەکەتان دروست کردبوو؟
ئێمە خێزانەکەمان بەهۆی کاکە هۆشمەند و کاکە ئازادەوە، کە هەردووکیان سیاسی بوون و دواتر کاکە ئازاد بوو بە پێشمەرگە، بە ماڵە پێشمەرگە دەناسراین. لە ساڵی 1977 نیوەمان لەلایەن رژێمی عیراقەوە گیراین. باوکم، شەوبۆ، شەونم، کاکە سامی گیران. خۆی هەموومان گیراین، بەڵام ئێمەیان بردە لای نەقیبێک، پیاوێکی باش بوو، من، فەرهاد و شیرینی گەڕاندەوە، وتی: ئێوە خوێندکارن، بگەڕێنەوە. شەوبۆشی گەڕاندەوە وتی: بڕۆ ئەڵقەکەیەک بکەرە دەستت بڵێ شووم کردووە، چونکە تۆ فەرمانبەری، بۆ ئەوەی بتوانیت بەخێویان بکەیت. دوای ئەوەی شەوبۆ ئاشکرا بوو، هەم نەقیبەکەیان گواستەوە، هەمیش شەوبۆیان گرت و رەوانەی بەسرەیان کرد.
بۆچی بەسرە؟
لەبەرئەوەی باوکم ئەوان لەوێ زیندانی کرابوون، ئەویشیان ناردە لای ئەوان.
ماوەی چەند گیران؟
ماوەی ساڵێک.
لەو ماوەیەدا کێ سەرپەرشتی ئێوەی دەکرد؟
ئەو ماوەیە پوورم لە سلێمانییەوە هاتە لامان.
لەو کاتەدا شەهید ئازاد و کاک هۆشمەند لە کوێ بوون؟
شەهید ئازاد لە کەرکوک بوو. کاکە هۆشمەندیش، پێش ئەوان لە کۆیە گیرابوو و هێشتا ئازاد نەکرا بوو کە باوکم و ئەوان گیران.
کاک هۆشمەند هەر ئەو جارە گیرا؟
نەخێر، کاکە هۆشمەند دوو جار گیرا، جارێکی تریش لە ساڵی 1979 گیرا، ئەو کاتە هاوسەریشی هەبوو. خوشکەکەی شەهید دکتۆر خالید (خاتوو چوارباخ) هاوسەری بوو.
دەمەوێت کەمێک باسی کاکە هۆشمەندتم بۆ بکەیت...
کاکە هۆشمەند، هونەرمەندێکی دەنگخۆش و سیاسەتمەدارێکی لاو بوو، دەرچووی زانکۆ بەغدا، بەشی ماتماتیک بوو. بەداخەوە، دوای شەهیدبوونی کاکە ئازاد، ماوەیەک پێش راپەڕین، لە مانگی ئایاری 1990 لە هەولێر جەڵتە لێی دا و کۆچی دوایی کرد.
یەک کوڕ و سێ کچی هەیە؛ هێژا و سارا، دووانە بوون، ئێستا لە نەرویج دەژین. دواتر دوو کچی تریشیان بوو، ئێستا ئەو دوو کچە هەردووکیان پزیشکن.
ئاشکرایە کە جگە لە کاری سیاسی، شەهید ئازاد و کاک هۆشمەندیش هونەرمەند و دەنگخۆش بوون، هەر ئەوان وا بوون، یاخود خێزانەکەتان هونەرمەندی دیکەشی تێدایە؟
بەشێوەیەک گشتی، خانەوادەیەکی هونەردۆست بووین، سێ برام هونەرمەند و دەنگخۆش بوون، نازانم دەنگخۆشیی ئەو سێ برایەم بۆ کێ دەگەڕێتەوە. سەرەڕای دەنگخۆشییەکەیان، هەمووشیان ئامێری گیتاریان دەژەنی.
هۆشمەند؛ لە هەموو ئامێرەکانی دەزانی، رێنیشاندەریان بوو. ئێستا من کوڕێکم هەیە بەناوی هۆشمەند، ئەویش هونەرمەندە.
فەرهادیش چووە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی بەشی موزیک، دواتر لە دانیمارک ماستەری لە ئامێری گیتاردا هێنا.
شەهید ئازادیش ئەوە لای هەمووان ئاشکرایە و سروودەکانی شاهیدن، جگە لەوەش، زۆرێک لە هاوڕێ و سەرکردەکانی یەکێتی لە بۆنە و یادەوەرییەکانیاندا باسیان کردووە.
ئێستا با کەمێک باسی شەهید ئازاد بکەین، شەهید ئازاد چەندەم منداڵی خێزانەکەیە؟ هەروەها کەسایەتییەکی چۆنی هەبوو؟
شەهید ئازاد، چوارەم منداڵی خێزانەکەیە، لە 31ی کانوونی یەکەمی 1954 لەدایک بووە. هەرچەندە چوارەم منداڵی خێزانەکەمان بوو، بەڵام کاریگەریی لەسەر گەورەکانیش هەبوو، ئەوانیش پێیان دەوت کاک ئازاد، من خۆم کاکە ئازادم بە منداڵی نەبینیوە، هەر وام دەزانی گەورەیە، چونکە لە سەرەتای ژیانییەوە دەستی کردبوو بە کاری سیاسی و وەک کەسێکی گەورە سەیرمان دەکرد؛ کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەرمان، هەموو لە ماڵەوە یارمەتیمان دەدا، نە دایک نە باوک رۆژێک لە رۆژان پێیان نەوت ئەو رێگەیەی تۆ گرتووتەبەر مەترسیدارە.
لە منداڵییەوە زۆرمان خۆش ویست و کاریگەریی زۆری لەسەرمان هەبوو. دەنگیم زۆر پێ خۆش بوو، ئەو سروود و گۆرانییانەی کە دەیوتن، منیش لەدوای ئەو دەموتنەوە. ئەوکات سروودەکان رێگەپێدراو نەبوون، بۆیە کاکە ئازاد دەیوت نابێت ئەم سروودانە لە خوێندنگە بڵێیتەوە، بەڵام من نەدەترسام و هەر دەموتنەوە. کاتێک گەیشتمە قۆناغی ئامادەیی کشتوکاڵ، لەوێش بۆ مامۆستاکانم دەوتەوە. مامۆستاکانم خەڵکی کۆیە، هەولێر و سلێمانی بوون، عەرەبیان کەم تێدا بوو؛ ئەوکات کورد زۆر کەم خیانەتکاری تێدا بوو، زۆربەیان دڵسۆز بوون، بۆیە نەدەترسام. مامۆستاکانم ناویاننابووم پۆلیس. ئامێری گیتاریشم دەژەنی، لە تەقتەق بۆ نەورۆز ئاهەنگیان گێڕا، گیتارم لێ دا و گۆرانیشم وت.
هیچ یادەوەرییەکی هەیە بەردەوام لەبیرت بێت؟
بەردەوام هەموو شتێکیم لەبەرچاوە. هەندێک جار دەیبردینە سینەما بۆ سەیری فیلم، هەروەها هانی دەداین بۆ خوێندنەوە.
لە ساڵی 1973 کاکم (هۆشمەند) لە کۆیە مامۆستا بوو، چالاکوانی کۆمەڵەش بوو، شەونم، شەوبۆ، شیرین و فەرهادی بردە کۆیە، ئەو ساڵە لەوێ خوێندیان و دواتر گەڕانەوە کەرکوک. من ئەو کاتە لە سەرەتایی بووم، لەگەڵ کاکە ئازاد لە کەرکوک ماینەوە. ئەو ماوەیە زۆر زیاتر لەگەڵ کاکە ئازاد نزیک بووم، فێری خوێندنەوە و لێخوڕینی پاسکیلی دەکردم. ئەو کاتە سروودی دادەنا، منیش زۆر سەرسام بووم پێی و لەبەرم دەکرد، هەروەها کۆبوونەوەکانی لە ماڵەوە دەکرد، منیش چا و قاوەم دەبرد بۆیان، گوێشم لێ دەگرتن بۆ ئەوەی بزانم باسی چی دەکەن.
یەکەم سروودی کامە بوو؟
یەکەم سروودی، قوتابیی گەل بوو، ئەوەندەی دەوت قوتابیی گەل، جارێکیان دایکم وتی: "داخی ئەم قوتابییە گەڕە ئەوەندە دەیڵێتەوە".
لە کاری سیاسی و رێکخراوەییدا هاوکاریت دەکرد؟
بەڵێ، هێشتا منداڵ بووم کە نووسراوی نهێنیم بۆ دەگواستەوە، ئەو کاتە نەمدەزانی عەبا بدەم بەسەرمدا، بەڵام عەبام دەکرد و نووسراوەکانم دەکردە ژێر عەباکە و بەناو گۆڕستاندا دەمبردن بۆ هاوڕێکانی.
زۆر پێمان خۆش بوو، ترس لە دڵماندا نەبوو، نەک هەر من، ئەوانی تریش وەک من و زیاتریش کاریگەریی کاکە ئازادمان لەسەر بوو. رۆژێک لە رۆژان بیرم نایەت بەو هەموو ترس و ناڕەحەتییەشەوە ناڕەزاییەتییەکمان دەربڕیبێت.
کاتێک شەهید بوو، ئێوە چۆن زانیتان و چیتان کرد؟
ئەو کاتەی کاکە ئازاد شەهید بوو، من لە کەرکوک بووم، لەو کاتەدا سکم هەبوو، زۆر ئاگاداری هەواڵەکان نەبووم، لێیان شاردبوومەوە، بەڵام بەهۆی تەلەفۆنکردنەوە هەستم بە شتێک کردبوو. بە هاوڕێیەکم وت وەرە با بچین بۆ سلێمانی.
هەموویان لە ماڵێک کۆبووبوونەوە بۆ ئەوەی هەواڵەکەمان پێ بڵێن، کاکە هۆشمەندم لە رادیۆی دەنگی گەلی کوردستانەوە گوێی لە هەواڵەکە بووبوو، بانگی شیرینی کرد و پێی وت، شیرین هاواری کرد، منیش رام کرد و کەوتم. پاشان چووین بۆ هەولێر و لە ماڵی کاکە هۆشمەند بۆ پرسە کۆبووینەوە.
رژێمی بەعس رێگری نەکرد لە پرسەکەی؟
نەخێر، حکومەت هیچی نەکرد بەرانبەرمان، نەیانپرسی ئەوە پرسەی کێیە.
هەوڵتان نەداوە تەرمەکەی بهێننەوە بۆ کەرکوک؟
لەم ساڵانەی دواییدا ویستمان بیهێنینەوە کەرکوک، چونکە وەک رەمزێک وایە بۆ کەرکوک، بەڵام نە شنۆ (هاوسەرەکەی) رازی بوو، نە شیرین، وتیان با لە پاوە بمێنێتەوە.
باسی ئەو خوشکەتم بۆ بکە کە بەهۆی زیندان و نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد...
وەک پێشتر باسم کرد، لە ساڵی 1977 کاتێک شەوبۆی خوشکم گیرا، رەوانەی بەسرا کرا بەمەبەستی زیندانی کردنی. لەوێ لە زیندانی بەسرە وای بەسەر هات، بەهۆی خراپیی زنیدانەکەوە، هەروەها لەوێ دەرزیی لێ درا بوو و بەو دەرزییە دۆخی تەندروستیی تێک چوو و لە ساڵی 1982 لە تەمەنی 25 ساڵیدا بە نەخۆشیی رەبوو کۆچی دوایی کرد.
شەوبۆ دوو جار زیندانیی کرا، جارێکیان ئەوەیە کە باسم کرد، جارەکەی تریش ساڵی 1981 بوو، ئەو کاتە لە تەقتەق خوێندکار بووم، کاتێک گەڕامەوە سەیرم کرد باوک، فەرهاد، شەوبۆ و کاکە سامییان گرتبوو.
ئەو کاتەی لە زیندانی فەزیلیە بووین لە بەغدا، دۆخی تەندروستیی بەجۆرێک خراپ بوو پزیشکەکان راپۆرتێکیان دابوو و نووسیبوویان ئەو کچە لە زینداندا دەمرێت و بە کوشتن ئەژمار دەکرێت، بۆیە ئازادیان کرد.
ئەو کاتە تۆش لە زینداندا بوویت؟
بەڵێ، ئەوکات ئێمە لە زیندانی فەزیلیە لە بەغدا زیندان بووین، دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ سەماوە.
تۆ چۆن گیرایت و چۆن برایتە لای خوشک و براکانی ترت؟
ساڵی 1981 باوکم، فەرهاد، شیرین، شەوبۆ و کاکە سامییان گرتبوو، من لە تەقتەق خوێندکار بووم، کاتێک گەڕامەوە سەیرم کرد ماڵمان چۆڵە. خزمێکمان هەبوو، ناوی عەفیفە بوو، لێم پرسی: ماڵمان بۆ وا چۆڵە؟ وتی گیراون. وتم ئەی فەرهاد بۆ گیراوە!؟ چونکە فەرهاد منداڵ بوو، وتی ئەویش گیراوە. ئیتر دەستم کرد بە گریان.
ئەى شەونم چۆن نەگیرابوو؟
شەونم شووی کردبوو.
دواتر چیت کرد؟
دراوسێیەکمان هەبوو ناوی (حاجی محەمەد نەجاڕ) بوو، وتی: هەی بێئەقڵ، ئێستا دێن تۆش دەبەن، وەرە بۆ ماڵی ئێمە. سێ مانگ لە ماڵی ئەوان مامەوە. ئیتر لە تەقتەقەوە مامۆستاکان جوابیان بۆ ناردم کە بگەڕێمەوە بۆ خوێندن. مامۆستاکانم زۆر باش بوون. مامۆستایەکمان هەبوو ناوی قوباد بوو، خەڵکی کۆیە بوو، وتی مامۆستا صائل بانگت دەکات، وتم وەرە لەگەڵم. وتی بڕۆ هەی پۆلیس. مامۆستا صائل موسڵاوی بوو، لەوێ وتیان دوو کەس لە منەزەمەوە هاتوون و یەک دوو پرسیاریان هەیە. پرسیارەکان لەسەر شەهید ئازاد بوو. پاشان وتیان دەبێت بچیت بۆ کۆیە، ئیتر بردیانم بۆ کۆیە.
کاتێک لە تەقتەقەوە بردیانم بۆ کۆیە، لەوێ لە ئەمنی کۆیە منیان دانا تا دوای نانی نیوەڕۆ، لەوێ دوو ئەمنی لێ بوو زۆر چاوباشقاڵ و بێڕەوشت بوون. مودیری ئەمنەکە هاتەوە، دوای پرسیارکردن وتی بیبەن بۆ ماڵی موختار، چونکە دوای نیوەڕۆ ئەمن نەیاندەوێرا لە نێوان شارەکان هاتوچۆ بکەن لە ترسی پێشمەرگە. ئیتر ئەو شەوە منیان برد بۆ ماڵی موختار. هەر زوو ژنی موختارەکە دەرگای لەسەر داخستم، بەخێرایی تەماتە رۆنێکی زۆر ناخۆشی خستە بەردەمم. ئەو ژنە زۆر خراپ بوو، دەیویست قسەم لێ دەربهێنێت، بەڵام من هیچم نەدرکاند.
بۆ بەیانیی سێ ئەمن هاتن، بردیانم بۆ هەولێر، لە هەولێریش هەمان پرسیاریان لێ کردم، دواتر وتیان بیبەن بۆ کەرکوک. لە ئۆتۆمبێلەکەدا من و کوڕێکی تر زیندان بووین و ئەوانی تر ئەمن بوون. لە هەولێرەوە تا کەرکوک گاڵتەیان بەو کوڕە دەکرد، شۆفێرەکە دەستی لە سووکان بەردەدا و سەمای دەکرد. لەوێش بردمیان بۆ لای بەڕێوەبەری ئەمن. دوو کەس بوون کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکردم. وتیان: دوو ناومان پێ بڵێ. وتم: کەس ناناسم. وتیان: دەزانیت دەتبەین بۆ کوێ؟ منیش وتم: چارەنووسی کورد یان زیندانە، یان شاخە. هات بۆ ئەوەی لێم بدات، بەڵام پەشیمان بووەوە، ئیتر منیان برد بۆ زیندان (پریادی). ئەوسا نەیاندەوێرا زۆر ئەشکەنجەی ماڵە پێشمەرگە بدەن.
لەوێ داوام کرد بمبەن بۆ لای شەوبۆ، مفەوەزێکی لێ بوو ناوی خالید بوو، زۆر لە سەدام دەچوو. مواجهە نەبوو، بە شەوبۆی وت: وەرە خوشکەکەتم هێناوە بۆ مواجهە. شەوبۆ وتی: کوا مواجهەمان هەیە؟ ئیتر کە منی بینی، وتی بۆ هاتوویت بۆ ئێرە؟ وتم: چیم لە تۆ زیاترە، ئەوەتا تۆ نەخۆشیشی. ئەوەی راستیی بێت زۆر خزمەتیان کردبوو.
سێ مانگ لە زیندانی پریادی ماینەوە، ئیتر وتیان دەبێت بیانبەین بۆ بەغدا. ژن و پیاویان جیا کردەوە، ئێمە فەرهادمان لاى خۆمان شاردەوە تا بەغدا. لە بەغدا هەرچەندە فەرهاد منداڵ بوو، بەڵام بردیان بۆ لای پیاوان و ئێمەیان بردە زیندانی فەزیلیە.
ئەى خوێندنەکەت چی بەسەر هات؟
لە زیندانی فەزیلیە لە بەغدا، داوامان کرد بەشداریی تاقیکردنەوەکان بکەین، من لە ئامادەیی کشتوکاڵی تەقتەق بووم، شیرین و یاسەمین لە قۆناغی یەکی زانکۆی سلێمانی بوون. بە ئۆتۆمبێلی ئەمن منیان بردە هەولێر، بەم هەموو گوشارەی رێگەوە کاتێک چووم بۆ بەردەم هۆڵی تاقیکردنەوە، سەیرم کرد ناوی منی تێدا نییە.
پێش ئەوەی بچمە تاقیکردنەوە، بردمیان بۆ تەسفیراتی هەولێر، دوایی زانیم منیان خستووەتە ناو ژنی خراپ و بکوژ کە لەسەر بابەتی خراپەکاری گیرابوون. زانیم لەوێ مواجهە هەیە، داوام لە پۆلیسەکە کرد، وتم دەلیلی تەلەفۆن هەیە، ماڵی کەریم شارەزام بۆ وەرگرن. بە پۆلیسەکەم وت پێیان بڵێ بە براکەم بڵێن کە من لە تەسفیراتم. ئیتر سێ کەس هاتن، یەکێکیان هۆشمەند بوو، هاوارم لێ کرد وتم لێرە دەرم بکەن. ئەویش بە بەڕێوەبەرەکەی وتبوو، ئیتر دەریان کردم و گواستمیانەوە بۆ زیندانی ئیسکان، کە بنکەى پۆلیس بوو. لەوێ دایکی شەهید شەهریار (سەبیحە خان)م بینی. ئەوسا کچەکانی لەگەڵ نەبوو، دواتر کچەکانیشی (سنبول، گەلاوێژ، پەری و سازگار)یان گرت و هەموویان هێنان بۆ بەغدا.
واتە تاقیکردنەوەت نەکرد؟
نەخێر، تاقیکردنەوەم نەدا و گەڕاندمیانەوە.
پاش ئەوەی گەڕاندیانیتەوە بۆ بەغدا، چی رووی دا؟
پاش ئەو ماوەیەی کە لە هەولێر بووم و گەڕاندمیانەوە بەغدا، بینیم دۆخی شەوبۆ زۆر خراپ بووە و سەری ئاوساوە.
بە مەدیحەی مام فەتاح (کچی ئەو ماڵەی کە چوار براکەی شەهید کرابوون) وت: شەوبۆ بۆ وای لێ هاتووە؟ وتی: شەوبۆ مرد و زیندوو بووەوە.
ماوەی چەند لە فەزیلیە هێشتیاننەوە؟
نۆ مانگ لە زیندانی فەزیلیە ماینەوە.
دۆختان چۆن بوو لەوێ؟
لەوێ مانمان گرت لەتاو مێش، شەوبۆ دۆخی تەندروستیی زۆر خراپ بوو، ئیتر شەوبۆیان لەوێ دەرکرد و ئازادیان کرد بەهۆی باری تەندروستییەوە. دوای ئەوە بە ماوەیەک (من، شیرین، فەرهاد و کاکە سامی)یان برد بۆ شەحیات، باوکیشمیان هەر لە بەغدا بەهۆی تەمەنەکەیەوە ئازاد کرد.
باسی زیندانی شەحیاتم بۆ بکە...
زیندانی شەحیات، لە بیابانی سەماوە بوو، مار و دووپشکی زۆر بوو، کاتی خۆی خانوو بووە و حکومەت بۆ رەوەندەکانی کردبوو. شەوی بیابان زۆر فێنک بوو، بە دوو بەتانی دەنوستین.
بە رۆژ کوڕان دەکەوتنە یاریی فتبۆڵ، بە شەویش فەرهاد گیتارەکەی دەهێنا، سنبول و پەری دەنگیان زۆر خۆش بوو، پەری گۆرانیی ئوم کەلسووم و مەزهەری خالقی و سنبولیش گۆرانیی ئەسمەهانی دەوت. هەتا شەو درەنگانێک بەدەم گۆرانی و قسەی خۆشەوە شەومان بەسەر دەبرد و کاتە تاڵەکانمان بەو شێوەیە خۆش دەکرد.
لەوێ پاسەوانتان هەبوو؟
بەڵێ لە دوورەوە هەبوون، چونکە دەیانزانی کەس ناتوانێت را بکات بەهۆی ئەوەی نەماندەزانی لە کوێین و بەرەو کوێ بڕۆین. لەوێ رادیۆی کوەیتی لە رادیۆی بەغدا باشتر وەریدەگرت. ئەو ناوەش هەمووی مار، دووپشک و بزنمژە بوو، بۆیە راکردن ئەستەم بوو و هەرگیز بیرمان لێ نەدەکردەوە. مەترسییەکانی ناوچەکە لە پاسەوان زیاتر بوو.
کورد هەموو ژیانی لەو چیا و دەشتودەر و سەوزاییدا بووە، ئێوە دۆختان چۆن لەو بیابانە، هەستتان بە چی دەکرد؟
هەرچەندە سەرەتا دەمانوت لەو بیابانە دەمرین، بیابانێکی رووت؛ تەنیا ئەرز و ئاسمان بوو، بەڵام بیابانیش جوانییەکی خۆی هەیە؛ ئاسمانێکی ساف و بێگەرد، سەرابێکی ناوازە و شەوانێکی فێنک.
لەوێ کەس سەردانی دەکردن؟
شەوبۆ هاتبوو بۆ سەماوە، ئەو کاتە ئێمە لە شەحیات بووین، شەوبۆ وتبووی ئەگەر نەمبەن بۆ لایان، ئەوا خۆم دەسووتێنم، ئیتر هێنایان و چاومان پێی کەوت.
جارێکی تریش هاتەوە بۆ لامان، بەڵام دوای ئەوە ئیتر دیار نەما. کاکم هات بۆ لامان، شیرین لێی پرسیی چی بووە؟ بۆ شەوبۆ نەهاتووە؟ وتی چووە بۆ لای ئازاد تا بینێرێتە دەرەوە.
لە شەحیات چەند مانەوە؟
لە ساڵی 1981 گیراین و لە ساڵی 1982 پاش ساڵێک و سێ مانگ زیندانیکردن ئازاد کراین، بەڵام لەو ماوەیە حەوت مانگی لە شەحیات بووین.
چۆن ئازاد کران؟
ساڵی 1982 سەدام لێبووردنی گشتیی دەرکرد و بەو لێبووردنە ئازاد کراین.
هەستتان بە چی دەکرد کە ئازاد کران؟
کە بەربووین واماندەزانی ئیتر دڵمان زۆر خۆش دەبێت، بەڵام وا نەبوو، چونکە کە گەیشتینە کەرکوک، ئەو ساتە زانیمان شەوبۆ مردووە. ئەو لە مانگی ئایاردا مردبوو، ئێمە لە مانگی تەمووزدا ئازاد کراین.
پێش ئەوەى بێینە سەر باسی هاوسەرگیریت، دەمەوێت بەکورتی باسێکی فەرهادم بۆ بکەیت، کە بەو منداڵییە زیندان کرابوو؟
فەرهاد چوار ساڵ لە من منداڵترە، هیچ خۆشیی لە ژیان نەبینی؛ منداڵ بوو کاتێک دایکم مرد، ئەو کاتە لە پۆلی 5ی سەرەتایی بوو، شەوبۆ نازی هەڵدەگرت... ئەویش هەر بە گەنجی سەری نایەوە.
ئێستا دەمەوێت کەمێک باسەکە بگۆڕین و باسی قۆناغێکی تری ژیانت بکەین، کەی و لەگەڵ کێ هاوسەرگیریت کرد؟
ساڵی 1985 ماڵمان لە هەولێر بوو، خوێندنم تەواو کرد، هاوڕێیەکی خۆم بەناوی سەمیر، کە لە ئامادەیی کشتوکاڵی تەقتەق ناسیم، شووم پێ کرد.
سەمیر کوڕێکی رەوشتبەرز بوو، پێکەوە لە ئامادەیی کشتوکاڵ بووین. زۆری پێ دەوتم کە پەیوەندیمان هەبێت، بەڵام من پێم دەوت دۆخی ماڵی ئێمە رێگە نادات پەیوەندی ببەستین، ئێمە بنەماڵەیەکی تێکۆشەرین، تۆ بە خۆمەوە گیرۆدە ناکەم. بەڵام ئەو دەیوت من بەو دۆخەشەوە تۆم دەوێت. هەر لەبەر ئەو قسەیەش بوو کاکە ئازاد بە سەمیر رازی بوو و پێی وتم کە شووی پێ بکەم. کاکە ئازاد وتی: مادەم کوڕێک بەو دۆخەوە تۆی بووێت، مانای وایە کوڕێکی باشە.
ئەو کاتە شەهید ئازاد پێشمەرگە بوو لە شاخ، چۆن ئاگاداری ئەو بابەتە بوو؟
ئاگادار بوو، من خۆم چووم بۆ سوورقاوشان بۆ لای شەهید ئازاد، بۆ ئەوەی بۆچوونی وەربگرم. پێم وت هاوڕێیەکی خۆمە و هاتووەتە داوام.
لە سوورقاوشان کاکە ئازاد میوانی هاتبوو، پێش ئەوەی بچێت بۆ لای میوانەکانی وتی: وەرە ژیان گیان، ئەو سەمیرە کوڕی چاکە، مادام بەم دۆخەی ئێمە رازییە، شووی پێ بکە.
دوای هاوسەرگیری چیت کرد؟
کە شووم کرد، گەڕامەوە بۆ کەرکوک. لە راپەڕینی ساڵی 1991 لە کەرکوک دەرچووین و ئیتر نەگەڕاینەوە.
پاش ئەوەى لە کەرکوک رۆیشتن، چوون بۆ کوێ؟
چەند مانگێک لە ئێران بووین، دوای دوو سێ مانگ هاتینە هەڵەبجە، دواتر چووینە هەولێر.
بژێویتان چۆن بوو، کاک سەمیر کاری چی دەکرد؟
بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، بێ ماڵ و حاڵ بووین، ئەو کاتە تازە پێشمەرگە کۆکرابوونەوە، مەشقی سەربازییان پێ دەکردن. سەمیریش خۆی ئەفسەری سەربازی بوو، بۆیە یەکەم مەشق کە لە رانیە بەناوی "مەشقی مامەڕیشە" کرایەوە، لەوێ دانرا. ساڵی 1992 چووینە رانیە، چوار ساڵ لەوێ بووین، ساڵی 1996 ماڵمان هاتە سلێمانی، بەڵام سەمیر هەر لە رانیە بوو، تا ساڵی 2000 نەیانگواستەوە، لە ساڵی 2000 ئەویش هاتەوە سلێمانی و لە وەزارەتی پێشمەرگە دەوامی دەکرد، تا لە 2003 کەرکوک ئازاد کرا، پاش ئەوە چووەوە کەرکوک تا کاتی مردنەکەی لە ساڵی 2008 هەر لە کەرکوک دەوامی دەکرد.
هۆکاری مردنەکەی چی بوو؟
جەڵتەی دڵ، دواتریش جەڵتەی مێشک لێی دا.
چەند منداڵت هەیە؟
چوار کوڕ.
چییان خوێندووە و بە چییەوە سەرقاڵن؟
کاڕۆژ؛ ئامادەیی بازرگانیی تەواو کردووە، ئێستا لە فینلەندایە و خێزاندارە.
هەردێ؛ کۆلێجی هونەرە جوانەکان بەشی شانۆ، دواتر بەشی دەرهێنانی سینەمای خوێندووە، ئێستا مامۆستایە.
شادی؛ بەکالۆریۆس لە زمانی کوردی و ماستەری لە زمانەوانیدا هەیە.
هۆشمەند؛ خوێندکارە لە هونەرە جوانەکان بەشی مۆزیک.
ئەى خۆت ئێستا بە چییەوە سەرقاڵیت؟
لە مەکتەبی شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەوام دەکەم.
ساڵانە یادی شەهید ئازاد دەکەنەوە؟
پێشتر یادی دەکرایەوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا کەمتەرخەمیی تێدا دەکرێت.
خ.غ
خ.غ