چاوپێكەوتن

"هۆکاری درەنگ یەکلابوونەوەی کەیسەکان لە دادگا بۆ کەمی دادوەر دەگەڕێتەوە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"هۆکاری درەنگ یەکلابوونەوەی کەیسەکان لە دادگا بۆ کەمی دادوەر دەگەڕێتەوە"
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

رۆژ نییە لە هەرێمی کوردستان هەواڵی کوشتن و خۆکوشتن نەبیستن و رێژەی ئەنجامدانی تاوانەکان لە هەڵکشاندایە، مەودا میدیا بۆ ئەم مەبەستە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هاوڕی پێنجوێنی، پارێزەر ئەنجامداوە و وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ دەداتەوە.

هۆکارەکانی بەرزبونەوەی ئاماری کوشتن و خۆکوشتن بۆچی دەگەڕێتەوە؟
هاوڕێ پێنجوێنی: هۆکارەکان زۆرن، مرۆڤ هەندێک جارلە بارودۆخێکی دەروونی نائاسایی دایە یاخود بەهۆی دووچاربوونی بە نەخۆشییە دەروونییەکان و ئالودەبونی بە مادە هۆشبەرەکان یان ئەوەی کە نائومێد دەبێت و لە بارودۆخێکی سەختی ژیان هەوڵی خۆ کوشتن دەدات، یان هەندێ جار هەوڵی کوشتنی کەسانی دیکە دەدات و بەچارەسەری دەزانێت بۆ کێشەکانی، لە جیهاندا بە گشتی ئەمە هەیە و بەداخەوە لە کوردستانیشدا ئامارەکان تا دێت روو لە هەڵکشانە کە هۆکارەکانی زۆرن بۆ نمونە کەمی متمانەی هاوڵاتی بە سەربەخۆیی دادگا یەکێکە لە هۆکارەکان ئەگەرچی لە راستیدا دادوەری زۆر باش و بێلایەنمان هەیە، هۆکارێکی دیکە درەنگ یەکلایی بوونەوەی کەیسەکانن.

هۆکاری درەنگ یەکلایی بونەوەی کەیسەکان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
هاوڕێ پێنجوێنی: هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمی دادوەر و فەرمانبەری ناو دادگاکان کە ئەمەش کێشەیەکە دەبێت لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمدا جارێکی دیکە میلاکات رێکبخرێتەوە، چونکە لە هەندێک فەرمانگە و دامەزراوەکان هەڵاوسانی فەرمانبەر و لەهەندێ جێگەی دیکەش کێشەی کەمی فەرمانبەر هەیە بێگومان ئەنجومەنی دادوەریش بێبەش نییە لەم کێشەیە بۆ نمونە کاتێک کەسێک کێشەکی جیابوونەوە یان بینینی منداڵ یان داوای بژێوی هەیە کاتی دادبینییەکەی بۆ دوو مانگ یان سێ مانگ دەبێت هەروەها بۆ کێشەی تاوانکارییەکانیش بەهەمانشێوە، ئەگەر قەزایەکی وەک پێنجوێن بە نمونە بێنینەوە کە دوو مەرزی نێودەوڵەتی و چەندین مەرزی لاوەکی لەسەرە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی پەنجا هەزار کەسە تەنها یەک دادوەری لێیە بۆ چوار دادگا کە بریتین لە دادگاکانی (بەرایی، لێکۆڵینەوە، کەتن، باری کەسێتی) کە ئەمە دبێتە هۆی فشارێکی زۆر لەسەر دادگا و درەنگ یەکلایی بوونەوەی کەیسەکان، هەروەها لە رووی یاساییەوە ناکرێت دادوەرێک لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسێک بکات و دواتر خۆشی وەک دادوەری دادگای کەتن دادوەری لەوکەیسەدا بکات واتە خۆی ئیحالەی بکات بۆخۆی، دادگای شارەکانیش بارودۆخیان لەوێ باشتر نییە.

هۆکاری چییە سزدانی تاوانبارەکان ئاشکرا ناکرێن؟
هاوڕێ پێنجوێنی: سزادان و تەنانەت دادگاییکردنی تۆمەتبار و تاوانبارەکان ئاشکرا دەکرێن ئەمە دەستووری هەمیشەیی عیراقی رێکی خستووە لە مادەی 19دا دەڵێت "دانیشتنەکانی دادگا ئاشکرایە، مەگەر ئەوەی دادگا بڕیار بدات کە نهێنی بێت", بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا بەپێی مادەی 161 لە یاسای دادبینی شارستانی پێویستە خوێندنەوەی بڕیاری دادگا بە ئاشکرابێت، سەبارەت بەوەی کە هاوڵاتی بەمە نازانێت کەموکورتییەکە لە راگەیاندنەکانمانەوە زیاتر لە کاتی رووداوەکاندا رووماڵی دەکەن و راپۆرتییان دەبێت لەسەری لەکاتی سزادانی تاوانباراندا کەمتر تیشک دەخەنەسەری ئەمە پێویستە بەتایبەت بۆ ترساندنی ئەوکەسانەی کە ویستی تاوانکارییان هەیە.

 بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە راگەیاندن پێش روونکردنەوەی پۆلیس تاچەند دروستە؟
هاوڕێ پێنجوێنی: سەرەتای رووداوەکان کە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە ئاشکراکردنی لە راگەیاندنەوەکانەوە و ناوهێنانی کەسەکان زیان بە رەوتی لێکۆڵینەوە دەگەیەنێت ئەگەرچی راستیش بێت، چونکە زۆرجار تاوانباران سوود لەوە دەبینن بۆ دەربازبوونییان لە سزا، هەندێکجار ئەوکەسەی ناوی دەبرێت تاوانەکەی هەر ئەنجامنەداوە و دواتر دەردەکەوێت، بەڵام ناوبانگی لەکەدار دەکرێت کە ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوە ناوی کەسێک بزڕێندرێت بەپێی مادەی 344 لە یاسای سزاکان 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو، زۆر جار 24 کاتژمێر بەسەر رووداوێکدا رووینەداوە لە راگەیاندنەکانەوە ناوی تۆمەتبار دەهێنریت کە هیچ کات بەپێی هیچکام لە یاساکارپێکراوەکان لەماوەیەکی وا کورتدا تاوانباربوونی کەسێک دەرناکەوێت بۆ دادگا، هەروەها بەپێی یاساش تۆمەتبار بێتاوانە هەتا ئەوکاتەی لەبەردەم دادگادا تاوانباربوونی دەسەلمێت.

هاوڕێ پێنجوێنی لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا وتی "وێڕای سوپاسم بۆ دیدارەکەتان هیوادارم هەموومان رێز لە یاسا بگرین و کێشەکانمان بە یاسا چارەسەر بکەین، چونکە یاسای عیراقی یاسای زۆرباشی هەیە ئێمە کێشەمان لە نەبوونی یاسادا نییە کێشەمان لە جێبەجێنەکردنی یاسادایە بۆیە دەبێت یاسا و وەک خۆی و بەبێ جیاوازی بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت هەروەک فەیلەسوفی فەرەنسی مۆنتسکیۆ دەڵێت (پێویستە یاسا وەکو مردن وابێت هیچ کەسی لێ هەڵاوێرد نەکرێت) ئەگەر بەپێی ئەم بنەمایە بڕۆین کۆمەڵگەیەکی ئارامان دەبێت، هەروەها کەمتر رۆژانە هەواڵی کارەسات و رووداوی کوشتن و خۆکوشتن و گەندەڵی و تەنانەت کۆچی گەنجانیش بەرەو وڵاتانی ئەوروپا دەبیستین، چەند خەڵک بۆ بژێوی و خۆشگوزەرانیەی ئەوروپا دەڕوات دووهێندە بۆ ئەو سەروەربوونی یاسایەیە کە لەوێ هەیە". 

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن