راپۆرت

ژمارەی دانیشتووانی جیهان دەبێتە هەشت ملیار کەس و چاوەڕواندەکرێت چی رووبدات؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژمارەی دانیشتووانی جیهان دەبێتە هەشت ملیار کەس و چاوەڕواندەکرێت چی رووبدات؟
مەودا میدیا- ژاڵە محەمەد

ژمارەی دانیشتووانی زەوی بەرێژەیەکی بەرچاو لەماوەی 300 هەزار ساڵدا بەرزبووەتەوە و زیادیکردووە، بەپێی دوایین پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا رێژەی دانیشتووانی زەویی بەرز دەبێتەوە بۆ هەشت ملیار کەس.

ئەم زیادبوونە لە ماوەی 11 ساڵدا روویداوە و ملیارێک کەس بەرێژەی دانیشتووانی زیادبووە، هەر بەپێی دوایین پێشبینەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو ساڵی 2080 ئەم بەرزبوونەوەی بەردەوام دەبێت و رێژەی دانیشتووانی زەویی دەگاتە 10.4 ملیار کەس، ئەم ژمارەیە تاوەکو ساڵی 2100 جێگرە.

زیادبوونی رێژەی دانیشتووانی زەوی لە کاتێکدایە کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و ژیانی بۆ بەشێک لەدانیشتوانی زەویی قورستر کردووە.

رێکخراویی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و شەپۆلی گەرما لە دەیەکانی داهاتوو دەبێتە هۆی نەخۆشی و مردنی زیاتر لە جیهاندا.

رێژەی دانیشتووانی زەویی لە 2020ی پێش زایین نزیکەی 250 ملیۆن کەس بووە، نزیکەی 1560 ساڵی پێچووە تاوەکو رێژەی دانیشتوانی زەویی بووە بە 500 ملیۆن کەس، بەڵام 240 ساڵ دواتر لەساڵی 1800 رێژەی دانیشتوانی زەویی گەیشتووەتە یەک ملیار کەس، دواتر بەم شێوازە رێژەکە زیاتر و زیاتر بووە، تاکوو لەساڵی 2012 رێژەکە گەیشتە 7 ملیار کەس، لەئێستاشدا رێژەی دانیشتوانی زەویی گەیشتووەتە 8 ملیار کەس.

زۆرترین و کەمترین دانیشتووان لەکامە وڵاتن؟
دابەشبوونی دانیشتووانی زەویی بەسەر وڵاتاندا یەکسان نیەو هەر وڵاتەوە رێژەیەکی بەردەکەوێت، بەڵام هەندێک وڵات پشکی شێریان بەرکەوتووە و رێژەکەیان زۆر زیاترە لەوڵاتانی دیکە.

لەئێستادا وڵاتی چین، دانیشتووانەکەی سنووری یەک ملیار و 449 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و زۆرترین دانیشتووانی زەویی لە جیهاندا بەردەکەوێی، دواتر وڵاتی هێندستان دێت کە رێژەی دانیشتوان یەک ملیار و 406 ملیۆن کەسن و دووهەمین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان کە زۆرترین کەسی لەخۆ گرتووە. 

بە لەبەرچاوگرتنی پلان و بەرنامەی سەرکەوتووی وڵاتی چێن بۆ کۆنترۆڵکردنی رێژەی دانیشتووانی، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوەی کردووە تا کۆتایی ساڵی 2023  رێژەی دانیشتوانی هیندستان لە چین زیاتر بێت.

پێچەوانەی چین و هیندستان چەند وڵاتێکیش هەن رێژەی دانیشتووانەکەی کەمترن لەچاو وڵاتانی دیکەی جیهان، کەمترین گەشەی رێژەی دانیشتوانیان هەیە.

لە ڤاتیکان نزیکەی 800 کەس دادەنیشن، ناورۆ رێژەی دانیشتووانی لە 10 هەزار کەس تێپەڕنابێت، توڤالوو 10هەزار دانیشتوو، سانت کیت و سان مارینۆ 32 هەزار دانیشتوو، مۆناکۆ 37 هەزار دانیشتوو، سانت کیت ناڤاس 55 هەزار دانیشتوو، لینتینشتاین 37 هەزار دانیشتوو، ماڵتا 107 هەزار دانیشتوو، گراندا ژمارەی دانیشتوانەکەی 170 هەزار کەس و رێژەی دانیشتوانی ماڵدیف 367 هەزار کەس دەبن.

وڵاتانی ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، فەڕانسە، پورتەگال، ئیسپانیا، فەنلاند، هۆڵەند، دانیمارد، سوئیسرا و سوئید لەئاستی سفردان لە بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوانیان و کەمترین ئاستی بەرزبوونەوەی دانیشتوانیان هەیە و لەو وڵاتانەن کەمترین دانیشتوانی تێدایە، بەڵام وڵاتانی ئەنگۆلا، بۆرکینافاسۆ، چاد، کۆنگۆ، ئۆگاندا و سەنگال ساڵانە بە رێژەی لە %2 بەرزبوونەوەی دانیشتووان بەخۆیانەوە دەبینن.

کیشوەرەکان
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کیشوەری ئاسیا 4 ملیار و  752ملیۆن کەسی لەخۆگرتووە و لە ریزبەندی یەکەمدایە، لەدوای ئاسیا کیشورەی ئەفریقا بە یەک ملیار و 416 ملیۆن کەس لە رێزبەندی دووەهەمدایە و کێشوەرەکانی ئەمریکای باکوور و باشوور بەکۆی گشتی یەک ملیار و 46 کەس لە ریزبەندی سێهەمدایە، کێشوەری ئۆقیانووسیەش بە 44 ملیۆن کەس کەمترین رێژەی دانیشتوانی جیهانی لەخۆ گرتووە. رێژەی دانیشتووانی کێشوەری ئەوروپا نزیکەی 751 ملیۆن کەس دەبێت.

گەشەی دانیشتووانی زەوی هاوکاتە لەگەڵ شۆڕشی پزیشکی لە جیهاندا و لەسەدەی بیستەم، گرنگترین هۆکاری بەرزبوونەوەکەش، دابەزینی رێژەی مردن لەناو منداڵاندایە، لەساڵانی پێشوودا لەو وڵاتانەی لەبواری پیشەسازیدا گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، لەدایکبوونی منداڵ کەمی کردووە و بەتایبەت لە دەیەی شەستەکاندا و ئەوەش هۆکار بووو بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوان لەبەشێکی وڵاتانی ئەرووپی بگاتە ئاستی سفر.

لەوڵاتانی دواکەوتوو و ئەو وڵاتانەی لە قۆناغی راگوزەردا بوون ئەو گەشەیە کەمتر بوو، بەڵام لە سەدەی 21دا گەشەی رێژەی دانیشتووان لەو وڵاتانەش کەمی کرد، ئەگەرچی دوو کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا رێژەی دانیشتوانەکەی هەتاوەکو ئێستا لە ئاستی سەرەوەی وڵاتانی جیهانن و رێژەی دانیشتوانەکەی بەرزە. 

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراویی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاستی هۆشیاری خەڵک لە جیهاندا گەشتووەتە ئاستێک کە رێژەی لەدایکبوون کەمە لەبەر ئەوەی خەڵکی زەویی لەوە تێگەشتووە کە سەرچاوەکانی وزە و خواردن لەسەر زەویی رووی لەکەمبوونەوە کردووە.

رێکخراویی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوە دەکات بە لەبەرچاو گرتنی گەشەی زۆری رێژەی دانیشتوانی وڵاتانی هەژار تاوەکو هەشت ساڵی دیکە 500 ملیۆن کەس بە دانیشتووانی زەویی زیاد دەبێت و لە ساڵی 2030 دەگاتە هەشت ملیارد و 500 ملیۆن کەس.

پێشبینی دەکرێت نیوەی ئەو گەشە سەندنە لە وڵاتانی، "کۆنگۆ، میسر،  ئەتیۆپی، هیندستان، نیجریا، پاکستان، فیلیپین و تانزانیا" بێت.

بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتووانی زەوی بۆ هەشت ملیار کەس، وڵاتان بەپێی رێژەی هەژاری و دەوڵەمەندیان جیاکراونەتەوە و هەژارترین وڵاتانی جیهان بەهۆی شەڕی ناوخۆ و تایفەگەری و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زیاتر هەژاربوون و باردۆخیان باش نیە.

ئەگەرچی لە ئێستا جیهان خاوەنی سەرچاوە و پێداویستی پێویستە بۆ دابینکردنی خواردن بۆ هەموو خەڵکی جیهان، بەڵام خەڵکی وڵاتانی وەک " بۆرۆندی، سوودان و ئەفریقا" وەک هەژارترین وڵاتان لە جیهان ناویان هاتووە.
هەر بەپێی راپۆرتەکە عیراق لە ریزبەندی هەشتەمدایە لەناو وڵاتە عەرەبییەکاندا، لە جیهانیشدا بە 79یەمین وڵاتی هەژار، هەژمار کراوە لە ناو 192 وڵاتدا. سوماڵ لە ریزبەندی جیهانی لە پێنجەمدایە، یەمەن لە ریزبەندی 13 یەمیندایە. 

مۆریتانی، مەراکیش، ئەردەن، توونس، ئەلجەزایەر میسریش بەدوای یەکدا لە هەژارترین وڵاتانی جیهانن.

هەژارترینی ناویشیان وڵاتی "برۆنددی"ە لە جیهاندا.

بەهۆی ئەوەی ئامارێکی فەرمی لەبەردەستدا نییە ئاماژە بە وڵاتانی لوبنان، سووریە، ئەفغانستان و ئۆکراین نەکراوە لە راپۆرتەکەدا.

ئەگەر بێینە سەر وڵاتانی دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایە بێگومان "لۆگزامبۆرگ" لە ریزبەندی یەکەمی دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهانە، 

سەنگافوورا، ئیرلەند، قەتەر، ماکائۆ، سوئیسراو ئیمارات لە ریزبەندی دووهەم تا حەوتەمی دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانن.

ناویی وڵاتی ئێرانیش هاتووە کە لەدوای گورجیستان و لیبیا لەریزبەندی 84می ریزبەندی دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە.

لەلایەکی دیکەوە بە پێی راپۆرتی جیهانی بانکی ناوەندی جیهانی، ئەفغانستان، ئەرترە، موریتانی، سوماڵ، سودان، تاجیکستان و یەمەن، هەژارترین وڵاتانی جیهانن کە رووبەڕووی قەیرانی خورادن و قەرز بوونەتەوە. 

 س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن