راپۆرت

بۆچی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەزیانی وڵاتانی دیکەیە جگە لە ئەمەریکا

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆچی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەزیانی وڵاتانی دیکەیە جگە لە ئەمەریکا
پێکەنینی دۆلار و گریانی جیهان

بۆچی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەزیانی وڵاتانی دیکەیە جگە لە ئەمریکا

لە عیراق دۆلار نرخەکەی ناجێگیرە و بەردەوام لە هەڵکشاندایە، ماوەیەکی زۆرە بەهای دۆلار لە عیراق جێگیر نییە و بووەتە هۆی ناسەقامگیری بازاڕ و نیگەرانی هاوڵاتییانی و گرانبوونی ئەو کاڵایانەی بە دۆلار هاوردە دەکرێن بە جۆرێک ئاڵووگۆڕی بازرگانی سست کردووە.

بەشێک لە ئابووریناسان و ئەو کەسانەی ئەزموونی چەند ساڵەیان هەیە لە فرۆشتن و ئاڵووگۆڕی دراو هۆکاری بەرزبوونەوەکە بۆ نەبوونی پشتیوانی ئابووری بەهێزی عیراق، کەمی دۆلار لەبازاڕەکان، هەناردەکردنی دۆلار بۆ ئێران، کڕین و کۆکردنەوەی دۆلار لەلایەن بازرگانانەوە و هەڵگرتنی و نەخستنە بازاڕ دۆلاری زیاتر لەلایەن بانکی مەرکەزی عیراق دەگەڕێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە بازاڕی جیهانی و ئابووریناسانی جیهان شتێکی دیکە دەڵێن و هۆکارەکەی زیاتر بۆ خودی ئەمەریکا دەگەڕێنەوە کە قازانج لە گرانبوونی بەهای دراوەکەی دەکات لە جیهاندا.

ئەمەریکا دڵخۆشە بەهای دراوەکەی بەرزتر بێتەوە، کاتێک بەهای دۆلار لەئەمریکا لەسێپتەمبەری 2022 گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی، زۆربەی ئەو وڵاتانەی داهاتێکی کەمییان هەیە و پشتیوانیەکی وایان نییە بۆ بەهای دراویی وڵاتەکەیان تا بیخەنە بازاڕەوە، رووبەڕووی کێشە دەبنەوە و تەنانەت قەیرانی دارایی و سیاسی بەرۆکییان دەگرێتەوە.

دۆلاری ئەمەریکی پشتوانەیەکی باشی ئابووری زۆربەی وڵاتانە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێوە دەکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ ئەمریکییەکان دڵخۆشکەرە و بۆ وڵاتانی دیکە هەواڵێکی ناخۆشە، وەک ئێستای عیراق کە نرخی دۆلار لەبازاڕەکان جێگیر نییە و بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە و زیانی بۆ خەڵکی ئاسایی و گرانبوونی شتومەکی ناوبازاڕ هەیە.


لەبەر ئەوەی دۆلار جێگرەوەی نییە، وڵاتان ناچارن مامەڵەی پێوە بکەن، ئەسوار پراساد، ئابوریناس و مامۆستای زانکۆی کۆرنێل لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سی ئێن ئێن دەڵێت "پێچەوانەکە لێرەدایە کە وڵاتانی جیهان نیگەرانن لە هێزودەسەڵاتی دۆلار، لەبەر ئەوەی جێگرەوەی نییە ناچارن مامەڵەی پێوە بکە. 

جگە لەوەی دۆلار بۆ کاروباری بازرگانی نێودەوڵەتی بەکار دێت، نەوتیش بە دۆلاری ئەمەریکی کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت.

پراساد دەشڵێت، هێزو دەسەڵاتی دۆلار لەجیهاندا کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئەو وڵاتانەی داهاتێکی کەمییان هەیە و قەرزێکی زۆریان لەدەرەوەی وڵاتەکەیان لایە بەتایبەت قەرزی دۆلار.

ترس لەکەوتنی ئابوری جیهان وایکردووە بازرگانان رووبکەنە کڕینی دۆلاری زیاترلە ساڵی 2022، ئەوەش وایکردووە نرخی دۆلار بەردەوام لەبەرزبوونەوەدا بێت و لەبەر ئەوەی دۆلار بەردەوام پەناگەیەکی باش بووە بۆ سەردەمێکی ئابووری ناجێگیر، ئەوەش وایکردووە کە ئەو بازرگانانە زیاتر قازانج بکەن.

بەشێکی زۆری بازرگانی نێودەوڵەتی بە دۆلار ئەنجامدەدرێت، بۆ بەرهەمهێنەر و ئەو کەسانەی خاوەن کارێکی بچووکن و پشتییان بە هاوردەکردنی بەرهەمی دەروە بەستووە نرخی دۆلاریان لا گرنگە. تەنانەت بۆ ئەو وڵاتانەی ناچارن قەرزەکانیان بە دۆلار بدەنەوە رووبەڕووی گرفت دەبنەوە بەتایبەت ئەگەر پشتوانەیان کەمبێت.


بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار زیان بە ئابووری هەندێک وڵات دەگەیەنێت، بە پێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار زیان بە ئابووری هەندێک وڵات دەگەیەنێت، وەک عیراق، سەریلانکا، پاکستان، ئێران و میسر چەند وڵاتێکی دیکە و دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئابوری.

بە جۆرێک بەهای دۆلار بەرانبەر بە بەهای دراویی ئەو وڵاتانە زۆر بەرزە و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئابووری و گرانبوونی شتومەک دروستکردووە، هەندێکجار ئەو قەیرانە ئابوورییە حکومەت ناچار دەکات دەستلەکار بکێشێتەوە یان رووبەڕووی کێشەی گەورە بێتەوە بەرانبەر خەڵکی وڵاتەکەی. هەندێکجار ئەو وڵاتانە ناچارن داوای قەرز لە بانکی جیهانی بکەن کە ئەوەش دیسان قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە. 

هەندێکجار گرانبوونی دۆلار وادەکات وڵاتانی زەرەرمەند نەتوانن لەبواری ئابووریدا گەشە بکەن.

لە نیجریا و سوماڵ، ئەو شوێنەی مەترسی برسیبون بەردەوامە، دۆلاری بەهێز نرخی خواردن و سووتەمەنی و دەرمانی گرانکردووە، ئەرجەنتین، میسر و کێنیا کە قەرزێکی زۆریان لەسەرە بەم دۆخەی ئێستاوە حکومەتەکانیان لە باردۆخی خراپ و داڕماندندایە. 


پێکەنینی دۆلار جیهانی خستوەتە گریان، بە پێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، بەهای دۆلاری ئەمەریکی کاتێک زۆر دەبێت کە ئابوری ئەو وڵاتە زۆر بەهێز بێت، یان جیهان رووی لە قەیران و کەوتن بێت، لەهەردوو حاڵەتدا بازرگانانی ئەو وڵاتە کاتێک بۆ دۆزینەوەی ئابوری خۆیان دەدۆزنەوە کە ئەمریکا پەناگەیەکی ئەمیینە بۆ پارەکانیان، ئەم حاڵەتەش پێی دەڵێن "پێکەنینی دۆلار" چونکە لەهەردوو لاوە بەهای دۆلارەکە دەچێتە سەرەوە، لەو کاتە دایە پێکەنینێک بۆ جیهان نامێنێت.

 سی ئێن ئێن لەزاری ئابوریناسانەوە نووسیویەتی کە بۆچی دۆلاری بەهێز لە قازانجی وڵاتان نییە؟

یەکەم، لەبەر ئەوەی دۆلاری بەهێز دەبێتە هۆی فشار لەسەر ئابووری وڵاتان، هاوردەکردنی خواردن و دەرمان سوتەمەنی لەسەریان گرانتر دەبێت.

دووهەم، وادەکات بازرگانان سەرمەیەکانیان لەو وڵاتانەی ئابووری بەهێزییان نییە ببەنە دەرەوە بۆ وڵاتێکی ئەمن، ئەوەش وادەکات بەهای پارەی وڵاتەکە کەمبێتەوە و کێشە ئابوورییەکان زیاتر بێت.

سێهەم، دۆلاری بەهێز وادەکات کۆمپانیاکان نەتوانن کاڵا هاوردە بکەن بۆ بەرهەمهێنان، لەو حاڵەتەدا فرۆشییان کەمدەبێت و ئەوەش زیانییان پێدەگەیەنێت، هەندێکجار مایەپووچ دەبن.

 
ژ.م
Qaiwan
Qaiwan