کوردستانی
بارزانی: پیرۆزبایی لە خەڵکی سلێمانی دەکەم
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی، پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی شارەکە دەکات.
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە یادی 241 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی، شاری شێخی نەمر و شاری هەڵمەت و قوربانی دەكەم. سلێمانی بەشی ئازیزی كوردستانە، شاری شەهیدانی ۹ی حوزەیران و مەنعە تەجەوەلەكەی 1963 و شاری بەگژداچوونەوەی ستەمكار و زۆردار و ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانە. سلێمانی وەك هەر شار و دەڤەرێكی تری كوردستان هەمیشە شوێنی هەڵكەوتنی ئەدیب و شاعیر و كەسایەتی و تێكۆشەر و شۆڕشگێڕانی كورد بووە و ڕۆڵی گەورەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا گێڕاوە. لە سەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمدا شاری سلێمانی بە هەموو چینوتوێژەكانیەوە باوەشی گەرمی بۆ بارزانیی نەمر و بارزانییە دوورخراوەكان كردەوە، ئەو ڕێز و پێشوازییە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە.
لەو یادەدا هیوای ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەخوازم و شایستەی هەموو جۆرە پێشكەوتن و پێشەنگین.
مسعود بارزانی
14ی تشرینی دووەمی 2025
بیروڕا


