کوردستانی
دهقى رێككهوتنهكهى عهبدى و شهرع
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
دەقی رێككەوتنی نێوان هەسەدەو حكومەتی كاتى سوریا بە واژۆی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی.
1- ئاگربەستێکی گشتگیر لە هەموو بەرەکان لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"، لەگەڵ کشانەوەی هەموو پێکهاتە سەربازییەکانی هەسەدە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دووبارە بڵاوبوونەوە.
2- رادەستکردنی تەواوەتی و دەستبەجێی کارگێڕی و سەربازیی پارێزگاکانی دێرەزوور و رەققە بۆ حکومەتی سوریا، ئەمە گواستنەوەی هەموو دامەزراوە و بنکە مەدەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ دەرکردنی دەستبەجێی مەرسوومەکان بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی ئێستا لە ناو وەزارەتە پسپۆڕەکانی دەوڵەتی سوریادا.
3- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنییەکان لە پارێزگای حەسەکە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا و پێکهاتە کارگێڕییەکانی.
4- حکومەتی سوریا کۆنتڕۆڵی هەموو دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگەکانی گاز لە ناوچەکەدا دەکات، کە پاراستنیان لەلایەن هێزە رێکخراوەکانەوە دابین دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی سەرچاوەکان بۆ دەوڵەتی سوریا، لەگەڵ رەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی ناوچە کوردییەکان.
5- تێکەڵکردنی تەواوەتیی هەموو کارمەندانی سەربازیی و ئەمنیی هەسەدە لە ناو پێکهاتەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریا لەسەر بنەمای "تاکەکەسی" لە دوای وردبینیی ئەمنیی پێویست، لەگەڵ پێدانی پلەی سەربازی، شایستە داراییەکان و پێداویستییە لۆجستییەکان.
6- سەرکردایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" پابەند دەبێت بە دوورکەوتنەوە لە گرتنەخۆی پاشماوەکانی رژێمی پێشوو لە ناو ریزەکانی خۆیدا و، دابینکردنی لیستی ناوی ئەو ئەفسەرانەی لە پاشماوەکانی رژێمی پێشوون و لە ناوچەکانی باکووری روژهەڵاتی سووریادا هەن.
7- دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی بۆ دامەزراندنی بەربژێرێک بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری حەسەکە، وەک دڵنیاییەک بۆ بەشداریی سیاسیی و نوێنەرایەتیی نێوخۆیی.
8- نەهێشتنی بوونی سەربازیی قورس لە شاری کۆبانی و، پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی کە لە دانیشتووانی شارەکە، لەگەڵ هێشتنەوەی هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا بێت.
9- تێکەڵکردنی ئەو ئیدارەیەی بەرپرسە لە دۆسیەی زیندانیانی داعش و کەمپەکان، هەروەها ئەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئەم شوێنانە لەگەڵ حکومەتی سوریا، بە جۆرێک حکومەتی سوریا بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی یاسایی و ئەمنی بەرامبەریان بگرێتە ئەستۆ.
10- پەسندکردنی لیستی ئەو بەربژێرانەی لەلایەن سەرکردایەتیی هەسەدەوە پێشکێش دەکرێن بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی سەربازی، ئەمنی و مەدەنی لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا بۆ دڵنیابوونەوە لە هاوبەشیی نیشتمانی.
11- پێشوازیکردن لە مەرسوومی سەرۆکایەتی ژمارە 13ی ساڵی 2026، کە دان بە مافی کولتوور و زمانی کورد دا دەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە مافەکان و پرسە مەدەنییەکان - لەوانە کێشەی کەسانی تۆمارنەکراو/بێ وەڵاتینامە و داواکارییەکانی مافی خاوەندارێتیی کەڵەکەبووی دەیەکانی رابردوو.
12- هەسەدە پابەند دەبێت بە دەرکردنی هەموو سەرکردە و ئەندامە ناسووریاییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری عەرەبی سوریا بۆ دڵنیابوونەوە لە سەروەریی و سەقامگیریی ناوچەیی.
13- دەوڵەتی سوریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە جەنگی دژی تیرۆر (داعش) وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا، بۆ دڵنیابوونەوە لە تەناهی و سەقامگیریی ناوچەکە.
14- کارکردن بەرەو لێکتێگەیشتنەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی ئارامیی شکۆمەندانەی دانیشتووانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.
ع
بیروڕا


