راپۆرت

پێگەی کورد بەهێزە.. جەمسەرەکانی ململانێ لە دیاریکردنی داهاتووی تورکیادا

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێگەی کورد بەهێزە..  جەمسەرەکانی ململانێ لە دیاریکردنی داهاتووی تورکیادا
مەودا میدیا- خەڵەف غەفور

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مەرسومێکدا، رۆژی 14ی ئایاری 2023ی وەکو رۆژی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا و سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی دیاریکرد، بەوەش هەموو ئەو گومانانەی رەواندەوە کە دەوترا پێدەچێت بەهۆی بوولەمەرزەکەی رۆژی 6ی شوباتی 2023ی ناوچەی کەهرەمان مەڕەشەوە، ئەردۆغان هەڵبژردنەکان دوابخات، ئەوەش وەکو دەرفەتێکی زیاتر بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆماری.

لە تورکیا، 122 پارتی سیاسی تۆمارکراون، بەڵام بەهۆی بارودۆخ و هۆکاری جیاوازەوە هەموویان ناتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا بکەن.

بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا کە رۆژی شەممە 11ی ئازاری 2023 بڵاویکردەوە، لە کۆی 122 پارتی تۆمارکراو، تەنها 36 پارتیان مەرجەکانی بەشدارییکردنیان لە هەڵبژاردنەکان تێدایە.

رکابەرە بەهێزەکان بە ژمارە
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2018، لە ئەنجامی رکابەریکردنی تووندی چەندین لایەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین رێژەی کورسی و تێپەڕاندنی بەربەستی 10%ی هەڵبژاردن کە کێشەی زۆری بۆ پارتە بچووکەکان دروستکردووە، پێنج پارت سەرکەوتنیان بەدەستهێنا بەم شێوەیە:

یەکەم: پارتی داد و گەشەپێدان- ئەکەپە.

دووەم: پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە.

سێیەم: پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە (پارتە کوردییەکە).

چوارەم: پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە.

پێنجەم: ئی پارتی.

سێ هاوپەیمانێتییە بەهێزەکە کامانەن؟
تائێستا سێ هاوپەیمانێتی پێکهێنراون، هەڵبەت ئەگەری گۆڕانکاریی هەیە، هێشتا کات لەبەردەم پارتەکاندا هەیە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی:

یەکەم: هاوپەیمانێتیی جمهور
ئەم هاوپەیمانێتییە ساڵی 2018 لەنێوان پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی پێکهێنراوە، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2018 توانیان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنن، هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان بگەیەننە کورسیی سەرۆکایەتی.

هاوپەیمانێتی جمهور چەند پارتێکی بچووکی دیکەی تێدایە وەکو (پارتی رەفاهی نوێ بە سەرۆکایەتیی فاتح ئەربەکان، پارتی دۆزی ئازاد- هوداپار، بە سەرۆکایەتیی زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو، کە پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و رۆژی 19ی11ی2012 دامەزراوە.

دووەم: هاوپەیمانێتیی میللەت (مێزی شەش کورسی)
ئەم هاوپەیمانێتییە لە شەش پارت پێکهاتووە بەم شێوەیە:

یەکەم: پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە

دووەم: ئی پارتی.

سێیەم: پارتی ئاییندە.

چوارەم: پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن- دێڤا.

پێنجەم: پارتی سەعادەت.

شەشەم: پارتی دیموکرات.

پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داود ئۆغڵو، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن- دەڤا بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان لە هەناوی پارتی داد و گەشەپێدان هاتوونەتە دەرەوە، بۆیە توانای ئەوەیان هەیە بەشێک لە دەنگدەری ئەکەپە بۆ خۆیان ببەن.

ئی پارتی، پارتێکی نەتەوەیی راستڕەوە و لە هەناوی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە هاتووەتە دەرەوە، ئەویش بەشێک لە دەنگدەرەکانی مەهەپەی لە 2018ەوە بۆ خۆی بردووە، رەنگە ئەمجارە زیاتریش ببات بەپێی راپرسییەکانی ناوەندی میترۆپۆڵ.

هاوپەیمانێتیی میللەت رەخنەی تووند لە شێوازی فەرمانڕەوایی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەگرن، داڕووخانی بارودۆخی ئابووریی تورکیا دەخەنە ئەستۆی سیاسەتەکانی ئەکەپە، بە تاکڕەو و دیکتاتۆر ناوی دەبەن. لەسەر 12 خاڵ رێککەوتوون، بەڵام دووانیان هاوبەش و ئامانجی سەرەکیی ئەو شەش پارتەیە:

یەکەم: سەرکەوتن بەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان و دوورخستنەوەی لە سەرۆکایەتی.

دووەم: گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتی و گەڕانەوەی بۆ پەرلەمانی کە لە ساڵی 2018 گۆڕدرا.

سێیەم: هاوپەیمانێتیی رەنج و دیموکراسی
لەلایەن پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، پێکهاتوون لە ژمارەیەک پارتی چەپ و دیموکراتخواز، ئەنجامی راپرسییەکی ناوەندی ئۆ ئاڕ سی- ORC بۆ توێژینەوەی سیاسی و راپرسییەکان هاتووە کە دەنگی هەدەپە یەکلاییکەرەوە دەبێت، ئەو ناوەندە رێژەی دەنگی پارتەکانی بەم شێوەیە خستووەتەڕوو: 

جەهەپە: 28.3٪

ئەکپە: 28.1٪

ئیی پارتی: 11.7٪

هەدەپە 9.3٪

مەهەپە 6.3٪

پارتی ئاییندە 2.5٪

پارتی مەملەکەت 2.3٪

پارتی دێڤا 2.0٪

راپرسییەکە کۆکردنەوەیەکی کردووە و دەنووسێت: لە گێمی یەکەمی هەڵبژاردندا، کەمال کڵچدار ئۆغڵو لە هاوپەیمانێتیی میلـلەت 53.1٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانێتیی جمهور 42.3٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، ئەگەر هەدەپە بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتیی میللەت، کەوا ئەگەری زۆری هەیە، ئەوا رێژەی دەنگەکانیان دەگاتە ٥٣،٨٪، بەمەش دەنگی هەدەپە وەکو دەنگی ئاڵتوونییە و بەهای زۆری هەیە، هەروەها بچیتە پاڵ هەر لایەکیان سەرکەوتوو دەبن.

وردە هاوپەیمانێتی و بەربژێری لاواز
بەپێی راگەیەندراوی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا، هاوپەیمانێتیی بچووک بچووک پێکهاتوون، هەروەها چەند کەسی دیکەیش خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەربژێر کردووە، بەڵام روونە کەوا هیچ کاریگەرییەکیان نابێت.

بۆ نموونە ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی سەرکەوتن، هاوپەیمانێتیی ئەجدادی پێکهێناوە کە چەند پارتێکی بچووکی تێدایە وەکو (دادپەروەری، بەلەدی)، هەروەها سینان ئۆغان، پەرلەمانتاری پێشووی مەهەپەیان بەربژێرکردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری، بەڵام سەرکردەیەکی کاریگەر نییە.

محەڕەم ئینجە، یەکێکی دیکەیە لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆک کۆمار، پێشتر کە بەربژێری جەهەپە بوو بۆ ئەو پۆستە، بەرانبەر ئەردۆغان دۆڕا، بۆیە ئەم جارەش دەرفەتی سەرکەوتنی لەبەردەمدا نییە، هەروەها باس لەوە دەکرێت رەنگە لە بەرژەوەندیی کەمال کڵیچدار ئۆغڵو، بەربژێربوونی خۆی بکشێنێتەوە.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان