راپۆرت

نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەیی

مەودا میدیا - سلێمانی |


نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەیی
مەودا میدیا-
 

هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و گەشانەوەی سروشت و شینبوونی لە 21ی ئازار جەژنی نەتەوەیی کورد لەدایکدەبێت و کوردەکان لەهەر کوێی ئەم جیهانە بن یادی ئەو جەژنە دەکەنەوە و بە ئاگرکردنەوە و ئاهەنگگێڕان و هەڵپەڕکێ بەدەوری ئاگردا بۆنەکە پیرۆز رادەگرن.

نەورۆز دابونەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لە لایەن نەتەوەکانی ناوچەکەوە، کورد، فارس و تورک، بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و یادیکراوەتەوە.
لەمێژوودا هاتووە کە خەڵکی ئەوسا پێیان وابووە لە مانگی نەورۆزدا "گیانە پاکەکان" سەردانی کەس و کارەکانیان لەسەر زەوی دەکەنەوە و ئاگر ھەڵدەکەن و "خوانی حەوت سین" دەچنن و بە دەوریدا دادەنیشن. بۆیە چەند رۆژێک پێش لە ھاتنی نەورۆز، خەڵک دەست دەکەن بە پاککردنەوەی ناوماڵ و جلی نوێ لەبەر دەکەن و بە ئاگر ھەڵکردنەوە دەچنە پێشوازی نەورۆز.  نەورۆز لە ناوچە جۆراوجۆرەکان بە شێوەی جیاواز بەڕێوە دەچێت و داب و نەریتەکانی نەورۆز لای گەلانی ناوچەکە جیاوازیی ھەیە.

جەژنی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە و کۆنترین جەژنی مرۆڤە لە سەر زەوی. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر زەوی ئەو کاتەی لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەھاریان کردووە بە جەژن.
ئاگر سیمبۆلی نەورۆزە لای کوردان، لەلایەکی دیکەوە نەورۆز تێکەڵبووە بە کۆمەڵێک ئەفسانەوە و هەریەکەو بەجۆرێک باسی دەکەن، لە کتێبە مێژووییەکاندا هاتووە لە ئێرانی کۆندا لە یەکەم رۆژی بەھار واتا رۆژی نەورۆز، پاشای وڵات دەرگای خستووەتە سەر پشت بۆ دیدار لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیدا و رۆژەکانی تەرخان کردووە بۆ چاوپێکەوتنی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. ھەر لەو رۆژەشدا خەڵات و دیاری پێشکەش بە دەست و پێوەندەکانی کردووە و دیارییشی لێیان وەرگرتووە. هەندێک لە مێژوونووسان و فیردەوسی دانەری پەرتووکی شانامە، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر ئەفسانەیەکی کۆن واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک. باسلەوە دەکرێت زوحاک پاشایەیەک زاڵم بووە و خوێنی گەنجانی خواردووە، ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی دەبێت و شۆڕشێک لە دژی بەرپا دەکات و تەخت و بەختی لێ وەردەگێڕێ. 

لەلایەکی دیکەوە بە پێی بەڵگە مێژووییەکان دەرکەوتووە نەورۆز جەژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەرماندا بڵاوبووەتەوە.

مامۆستا ھێمن موکریانی جەژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بە تایبەتی پێی وایە ئەو رۆژە رۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە کە مەڕداری کورد رانە مەڕەکەی لەو ڕۆژەدا دەزێ بۆیە ڕۆژەکەی کردووەتە جەژن.

نەورۆز لە کوردەواریدا جەژنێکی تایبەتە و مێژوویەکی کۆنی ھەیە. لە ھەموو شوێنەکانی کوردستان ئەم جەژنە بەڕێوە دەچێت. یەکێک لە خاڵە ھاوبەشەکان لە نێوان زۆربەی کوردەکاندا ئاگرکردنەوەیە لە نەورۆزدا. یەکەمین نووسەری کورد کە بە کوردی باسی دابونەریتی نەورۆزی کرد بێت ئەحمەدی خانی بووە. ئاگر ھێمای نەورۆزە لەلای کوردەکان، ھەموو ساڵێکیش بە ئاگر یادی دەکرێتەوە.

لەمڕۆژەدا خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی پارچەکانی کوردستان جەژن و ئاهەنگ دەگێڕن، لەباشووری کوردستان ئاگر لەشوێنە گشتییەکان دەکرێتەوە و خەڵکی لەدەوری کۆدەبنەوە و هەڵپەڕکێی و سەما دەبێتە بەشێک لە یادەکە و یاپراخ بۆ خوانی نیوەڕۆ ئامادە دەکرێت و لەڕێ نمایشەوە زوحاک و کاوەی ئاسنگەر لەلایەن گروپێکی تایبەتەوە بە خەڵک دەناسێنرێن لەگەڵ چەندین چالاکی دیکە.

لە بەشەکانی دیکەی کوردستان جیاوازتر ئەم یادە دەکرێتەوە، رێگرییەکان بۆ یادکردنەوەی نەورۆز لە رۆژهەڵات وایکردووە ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خەڵک دروست بێت، لە بەر ئەوەی رێگری لە کردنەوەی ئاگر دەکرێتەوە و بۆنەکە زیاتر بە سیاسی سەیر دەکرێت، هەر بۆیە لە دەرەوەی شارەکان و ئاگر دەکرێتەوە و خەڵکی بەدەوری ئاگرا هەڵپەڕکێی و سەما دەکەن.
جەژنی نەورۆز لە رۆژمێری زاینیدا یەکسانە بە 21 و 22 مانگی ئازار، لە بەرواری 30/11/2016 لە لایەن رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان جەژنی نەورۆز بە فەرمی وەک کۆنترین جەژن ناسێندرا.

 
ژ.م
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن